ئا: مەسعودی مەلا هەمزە
هونەرمەندان داوای گەڕانە..وەی كۆشكی هونەر دەكەن دوابەدوای ئەوەی لە ساڵی 2000 كۆشكی هونەر لە لایەن پارێزگای هەولێر بۆ تیپە هونەرییەكانی شاری هەولێر و هونەرمەندان دروستكرا، دواتر بەشێكی زۆری ئەو كۆشكە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە داگیر كرا بۆ بارەگای سەتەلایتی نەورۆز، دوای چەندین هەوڵی هونەرمەندان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كۆشكە هەوڵەكان بێ سوود بوون، وەلێ ئەوجارەیان لەرێگای ریپۆرتاژێكی بەدرخانەوە هونەرمەندان داوای گەڕاندنەوەی ئەو كۆشكە دەكەن بۆ باوەشی هونەرمەندان..
لە دەستپێكدا هونەرمەند ئەنوەر شێخانی گوتی: پێویستە پارێزگا ئەو كۆشكە وەربگرێتەوەو بیداتەوە هونەرمەندان و تەواو.
دواتر هونەرمەند هیوا سوعاد وەكو سەرۆكی ناوەندی هەولێری رێكخراوی هونەرمەندانی كوردستان دەربارەی ئەو پرسە گوتی: ئەو كۆشكە لە سەرەتاوە هەر بۆ هونەرمەندان دروست بووە، لە سەرەتای دروست بوونی بۆ ئەوە دروست كراوە رێكخراوی هونەرمەندان و ئۆركسترای هەولێر و كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی و تیپی هونەری هەولێر و تیپەكانی دیكە دروست بووە، هەروەها جێگای نووستن و حەوانەی هونەرمەندانی دەرەوەی شاریشی تێدا هەبووە، كافتریای هەبووە، بەشێوازێكی زۆر شارستانیانە بۆ هونەرمەندان دروست كراوە، ژووری زیادیشی لێ دروست كراوە بۆ ئەوەی بتوانین تیپی دیكەش لەناوی جێگای ببێتەوە، بەڵام بە بڕیارێك ئەوە خرایە سەر وەزارەتی رۆشنبیری، دواتر بە بڕیارێكی وەزیری رۆشنبیری ئەوكات رادیۆو تەلەفزیۆن هاتە ناو ئەو باڵەخانەیە، دواتر سێ چارەگی ئەو باڵەخانەیە بۆ دەزگای راگەیاندنی وەزارەت تەرخان كرا، هونەرمەندان كەوتنە بارێكی زۆر نالەبار، زۆر هەوڵماندا و لەزۆر دەرگامان دا، بەڵام بێ سوود بوو، لەو كاتیش بڕیارماندا و بڕیاریشە قەت لێی بێ دەنگ نابین و دەست لەو كۆشكە هەڵناگرین، چونكە ئەوە كۆشكی هونەرمەندانە، دەبێ ئێرە شوێنی تیپ و كۆمەڵە و گروپە شانۆییەكان بێ، ئێستا تیپەكانی هەولێر شوێنی پرۆڤەكردنیان نییە، لەیەكتری دوورن، ئەو كۆشكە كۆیان دەكاتەوە، دوو هۆڵی پرۆڤەكردنی تیایە، دەكرێ نمایشی لێ بكرێ، گۆڕەپانێكی تێدایە نمایشی لێدەكرێ، زۆر بواری دیكەی تێدایە باشە بۆ ئێستای هونەرمەندان، هەرچەندە ئەوكاتیش كە دروستكرا هەندێك تێبینیمان هەبوو، بەڵام هەرچۆنێك بێ بوونی ئەو كۆشكە لە بەرژەوەندی هونەرمەندانەو شتێكی زۆر باشە، لە هەوڵدان بەردەوام دەبین تا ئەو كۆشكە بگەڕێتەوە بۆ هونەرمەندان، لاری نییە لەوەی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری بێ، هەتا وەزارەتی رۆشنبیری بەڕێوەبەرایەتیەكی سەرپەرشتیكاری بۆ دابنێ، ئێمە كێشەمان لەگەڵی نییە، بەڵام دەبێ ئەو كۆشكە سەرتاسەری بۆ هونەرمەندان بێ و جێگای تیپەكانی تیا بكرێتەوە.
هونەرمەندی شێوەكار جەمال مشیر وەكو هونەرمەندێك و جێگری سەرۆكی ناوەندی هەولێری رێكخراوی هونەرمەندان دەربارەی ئەو پرسە گوتی: لەبەرئەوەی ئەو كۆشكە لەكاتی خۆی بۆ هونەرمەندان و سەندیكای هونەرمەندان دروست كراوە لەرێگای پارێزگای هەولێر، بە بەرنامە ئیشی بۆ كرا، وەكو نەخشەی دانانی باڵەخانەكە، ئەوكاتە من لە لیژنەی دانانی گەلەریەكە بووم، كە كاك مەهدی خۆشناوی رەحمەتی سەرپەرشتی دەكرد، لە سەرەتاوە ئاگامان لە وەزعەكە بووە، ئەو باڵەخانەیە بەناوی هونەرمەندان دروست كرا، بۆ ئەوە دروست كرا كە هەموو گروپ و سەنتەرە هونەرییەكانی ناو شاری هەولێر تێیدا بحەوێنەوە، لەبەرئەوە بە مافێكی رەوای دەزانین كە ئەو تەلارە وەربگیرێتەوەو هونەرمەندان قازانجی لێ بكەن و بتوانن كۆڕ و كۆبوونەوەی تێدا بكەن، چونكە لە ئەساسدا باڵەخانەكە بۆ نمایش و كاری هونەری و كۆڕ و كۆبوونەوەی هونەری دروست كرا، رەنگە هیچ دەزگایەكی دیكە نەتوانێ سوودی لێ وەربگرێ، لەبەرئەوەی دیزاینەكەی بەو جۆرە نییە بتوانن سوودی لێ وەربگرن، بۆ نموونە كە ئێستا سەتەلایتی نەورۆزی لێیە بۆ وانیش باڵەخانەكە زۆر ناخۆشە، چونكە نە ستۆدیۆكەی سوودی لێ وەردەگیردرێ، نە دانیشتن و ئیدارەكەی، رەنگە ئەوانیش لەبەر بێ جێگایی تەحەمولی ئەو وەزعە بكەن، بۆیە بەباشی دەزانم ئەو باڵەخانەیە بگەڕێتەوەو هونەرمەندان سوودی لێ وەربگرن.
هونەرمەند تاریق ئاكرەیی وەكو هونەرمەندێك و سەرۆكی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی دەربارەی ئەو پرسە گوتی: زۆر بە كورتی كۆشكی هونەر یانی ئەو باڵەخانەیەیە كە خوالێخۆشبوو كاك فەڕەنسۆ دەستپێشخەربوو لە مەسەلەی بیناكردنی بۆ هونەرمەندان و تیپەكان و ئەو كاروچالاكییە هونەرییانەی كە لەو شارەدا دەكرێ بۆ ئەوان دروست كرا، لەهەمان كاتدا بەشێكی ئەو باڵەخانەیە تەرخان كرابوو بۆ ئەوەی وەكو هوتێلێك بۆ ئەو تیپە هونەرییانەی كە سەردانی پایتەخت دەكەن بێن شەوانە لەوێ بمێننەوەو لەشوێنی چوونە هوتێلەكانی دیكە لەناو ئەو كۆشكە بخەون و كافتریایەكی رێكوپێكی تێدابێ، یانەیەكی كۆمەڵایەتی شیاوی تێدابێ بۆ ئەوەی ئێواران هونەرمەندان لێی كۆببنەوە و یاد و بۆنەكانیان تێدا بكەنەوە، پێموایە لەگەڵ پێویستی كۆمەڵێك زروف وای پێویست كرد بەشێك لەو باڵەخانەیە وەزارەتێكی رۆشنبیری بۆ بەشێك لە چالاكییەكانی خۆی بەكاری بێنێ، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ئەو كۆشكە بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەكانی، چونكە ئەو باڵەخانەیە بەپێی یاسا پەیوەستە بە پارێزگاوە، نەك بە وەزارەتی رۆشنبیری یا هەر وەزارەتێكی دیكە، بۆیە پێموایە چۆن بەرێكوپێكی ئەو هونەرمەندە بەڕێزانە كاتی خۆی تیپ و گروپەكان بەشێك لەو باڵەخانەیەیان پێدرابوو، ئێستاش بەهەمان پرەنسیپە رێكوپێكەكەو ئاشتیخوازانە پێمباشە ئەو بەشە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هونەرمەندان بتوانن سوود لە باڵەخانەكەی خۆیان وەربگرن.
هونەرمەند عەلی ئەحمەد وەكو هونەرمەندێكی دێرینی شاری هەولێر، دەربارەی ئەو پرسە گوتی: بەهەموو هێزو توانام هەوڵی ئەوە دەدەم كە كۆشك بگەڕێتەوە بۆ هونەرمەندان، چونكە ئەو كۆشكە مافی كەسی بەسەرەوە نییە، جگە لە پارێزگا، بە سوپاسەوە پارێزگاش دروستی كردووە بۆ هونەرمەندان، ئێستاش ئێمە كەسمان بەدەستەوە نەماوە پەنای بۆ بەرین جگە لە برای خۆشەویستمان كە زۆر یارمەتی هونەرمەندانیش دەداو داویەتی، ئەویش كاك نەوزاد هادی، لێرانەوە نووسراوێكی فەرمیشیمان كردووەو دەیبەینە لای بەڵكو ئەویش لەژێر رووناكی نووسراوەكە هەوڵمان بۆ دەدا، لەبەرئەوەی ئێمە ئیحتیلال كراین، چونكە ئەوان لە سەرەتا بە خزمە خزمە گوتیان ئێمە بۆ ماوەیەكی كاتی دێینە ئێرە، بەڵام ئەوان بە یەكجاری وایان ئیحتیلال نەكردین كەس بزانێ، بۆیە بەهەموو هێزێكم پشتگیری ئەوە دەكەم كە كۆشكی هونەر بگەڕێتەوە بۆ باوەشی هونەرمەندان.
موحسین محەمەد وەكو هونەرمەندێك و بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی رێكخراوی هونەرمەندانی كوردستان رای وایە كە: كۆشكی هونەر كە دامەزرا كۆمەڵێك ئامانجی هەبوو، یەك لە ئامانجە سەرەكییەكان خۆشكردنی زەمینەی لەبار بوو بۆ هونەرمەندانی شاری هەولێر، كۆشكی هونەر پارێزگای هەولێر دروستی كرد بۆ تیپە هونەرییەكانی شاری هەولێر، بۆ ئەوەی بارەگاكانیان بێننە ناو ئێرەو رۆژانە پرۆڤەی خۆیان بكەن، بۆ ئەوەی تیپەكان لەیەكتر نزیك بن و بتوانن ئەو كارە هونەرییە سەركەوتووانەی لە شارەكانی دیكە نمایش دەكرێن دەوەتیان بكەین و لەكۆشكی هونەر لە میوانخانەی بخەون و مەسروفاتێكی زۆریان نەكەوێتە سەریان و كارەكانیان پێشكەش بكەن، چونكە ئەو تیپانە ئەهلین، دەستبەسەرداگرتنی كۆشكی هونەر گورزێكی زۆر كوشندە بوو لە جووڵانەوەی هونەری شاری هەولێر، تیپەكانی پەرتەوازە كردەوە، ئەو تیپانە ئەگەر لەناو كۆشكەكە بن بێگومان زیاتر خزمەتی خۆیان دەكەن، ئێستا هونەرمەند حایرە، شانۆ زۆر سست بووەو بەرەو لەناوچوون دەڕوا، هۆكارەكەی ئەوەیە هونەرمەند نازانێ لەكوێ پرۆڤە بكا، ئەو كۆشكە بۆ شوێنی پرۆڤە و حەوانەوەی تیپەكان دانراوە، ئێستا تیپەكان هەریەكەو لەشوێنێك كەوتوون، تەلەفزیۆن نیوەی داگیر كردووە، پێویستە حكومەت تەلەفزیۆنەكە بگوازێتەوەو نیوەكەی دیكە بداتەوە تیپەكان، هۆڵەكەش دەستكاری بكرێ بۆ شوێنی پرۆڤە، تیپەكانی دەرەوەش هەموویان بێنەوە ناو ئێرە، ئەوە هۆكارێكی زۆر گرنگ دەبێ بۆ زەمینەخۆشكردن بۆ پێشكەش كردنی كاری هونەری.
خۆشەوی عەزیز وەكو هونەرمەندێكی گۆرانیبێژ داوای خۆی دەخاتە پاڵ هونەرمەندانی دیكە بۆ گەڕانەوەی كۆشكی هونەر و دەڵێ: لەهەموو وڵاتانی جیهان شوێنێك هەی پێی دەڵێن ماڵی هونەرمەندان، بۆیە ئەو كۆشكە كە دروستكرا خەون و خولیایەكی زۆر گەورەبوو بە ئێمەیان دا، ئەو ماڵەش بۆ كۆكردنەوەی هەموو هونەرمەندانە بەهەموو بوارەكانی، لێرەوە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە ئەو ماڵەی ئێمە بە ئومێدێكی زۆر گەورە لێمان دەڕوانی بۆمان بگەڕێننەوە.
قاسم نوری وەكو شانۆكارێك لەمەڕ ئەو پرسە گوتی: بەداخەوە ساڵانێك بوو ئێمە چاوەڕوان بووین شتێكی لەو بابەتە دروست بكرێ بۆ هەموو هونەرمەندان تا هەموو تیپە هونەرییەكان تێیدا كۆببنەوە، ئەوەش كرا، بەڵام بەداخەوە وەزارەتی رۆشنبیری كردیە سەتەلایتی نەورۆز، پاش ئەو هەموو ساڵە داوای گەڕانەوەی ئەو كۆشكە دەكەین بۆ ئەوەی هەموومان لێرە كۆببینەوەو ئاگاداری جموجۆڵی یەكتری بین، دەبووایە ئەو كۆشكی هونەرە ماڵی هونەرمەندان بێ و ئێستاش بەتوندی پێ لەسەر ئەوە دادەگرین كە وەزارەتی رۆشنبیری ئەو كۆشكەی كە سێ بەشی داگیر كردووە بیداتەوە هونەرمەندان، بۆ ئەوەی ئێمە هەموو بەیەكەوە كۆبینەوە.
گۆڤار ئەنوەر وەكو هونەرمەندێك رای خۆی دەربارەی ئەو بابەتە هەیەو دەڵێ: داواكردنی گەڕانەوەی ئەو كۆشكە تەنها داواكاری من نییە، بەڵكو داواكاری هەموو هونەرمەندانە، چونكە كۆشكی هونەر ماڵی هەموو هونەرمەندانە، هەر كەسێكیش ماڵی لێ داگیر بكرێ پەنا بۆ هەموو رێگایەك دەبا بۆ رزگاركردنی ماڵەكەی، ئێمەش وەكو هونەرمەندان بەبەر چاومانەوە ماڵمان داگیر كراوە، ئێستاش داوا دەكەین بە زووترین كات ئەو ماڵەمان بۆ چۆل بكەن، چونكە كاتی خۆی بەناوی هونەرمەندانی هەولێر بنیات نراوە، ئەگەریش ئەو كۆشكەمان بۆ نەگەڕێننەوە ناچارین رێگای دیكە بگرینە بەر، چونكە بەو هۆیەوە هونەرمەندان لەو شارە پەڕاگەندە بووینە، تاكە هۆكار بۆ كۆكردنەوەی هونەرمەندان و برەودان بەرەوتی هونەر لەو شارە گەڕاندنەوەی كۆشكی هونەرە بۆ باوەشی هونەرمەندان.
د. كاوە مەحمود وەزیری رۆشنبیری و وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی ئەو پرسەو داواكاری هونەرمەندان گوتی: ئەو بابەتە جارێ لێكۆڵینەوەی لەسەر نەكراوە دواتر دیراسەی دەكەین، چونكە لە راستیدا ئەو باڵەخانەیە جێگایەكی حكومیە، جێگای حكومی حكومەت هەقی خۆیەتی بەكاری بێنێ بۆ هەر ئیشێك كە خۆی بەپێویستی بزانێ لەو كاتەدا، واتا بەشێوەیەكی فەرمی مافی خۆیەتی ئەگەر هی وەزارەتی رۆشنبیری بێ بیداتە وەزارەتی پەروەردە، یا هی پەروەردە بێ بیداتە پارێزگا یا هەر شوێنێكی دیكە، چونكە خۆی موڵكەكە هی حكومەتە، ئەولەویاتی حكومەت لەوكاتە چۆنە ئاوا رەفتاری لەگەڵ دەكرێ، ئێستاش ئەو شوێنە كە سەتەلایتی نەورۆزی تیایەو ئەوكات پێویست بوو بۆ سەتەلایتی نەورۆز سوودی لێ وەربگرن، ئێستا مانای وانییە تەلەفزیۆنی نەورۆز دادەخرێ، تەلەفزیۆنەكە ماوەو بۆتە تەلەفزیۆنێكی پەروەردەیی.
لەبارەی داواكارییەكەی هونەرمەندان “د. كاوە مەحمود” گوتی: داواكەی هونەرمەندان سەرچاوان، ئەوان داوای شتێك دەكەن، بەڵام لە هەمان كاتدا وەزارەتی پەروەردەش ئیشێكی هەیە، لەو حاڵەتەدا لەسەر ئیمكانیەتی وەزارەتی پەروەردە و حكومەت ماوە، كە ئایا توانایان هەیە جێگایەكی دیكەی بەدیل بۆ ئەو تەلەفزیۆنە دابین بكا، بتوانێ جێبەجێ دەكەین، ئەگەر نەتوانێ ئەوە شتێكی دیكەیە، یانی تەنها داواكارییەكە كافی نییە، بەڵكو توانای حكومەت و ئەولەویاتی حكومەت چۆنە ئاوا بڕیاری لەسەر دەدرێ.
لە كۆتاییدا دوای پەیوەندیكردن بەهەریەك لە پارێزگاری هەولێر و جێگرەكەی ئەوان جەختیان لەوە كردەوە كە ئەو بابەتە پەیوەندی بەوانە نەماوەو بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو باڵەخانەیە خراوەتە سەر وەزارەتی رۆشنبیری، بۆیە ئەوان نازانن پلان و بەرنامەی حكومەت و وەزارەت بۆ ئەو باڵەخانەیە چییە.
شیاوی گوتنە لە داواكارییەكەی هونەرمەنداندا هاتووە، كە سوودەكانی گەڕانەوەی كۆشكی هونەر خۆی لە كۆمەڵێك سوود دەگرێتەوە، كە بریتین لە: كۆبوونەوەی تەواوی تیپەكان لەیەك جێگاو رزگاربوونی تیپەكان لەكرێی بارەگاو كۆمەڵێك سوودی دیكە.
ئا: مەسعودی مەلا هەمزە