هونەرمەندی گۆرانیبێژ (سامان عومەر) ماوەی چەندیین ساڵە لە بواری هونەری گۆرانی گوتندا کار دەکات، وەک هونەرمەندێک توانیویەتی لە نێو گۆڕپانی گۆرانی گوتندا بوونی خۆی بسەلمێنێت، (سامان عومەر) ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێکە بڕیاری چوونە دەرەوەی وڵاتی دا بۆ ئەوەی لەوێ ژیان بەسەر ببات، ماوەیەکە ئەو هونەرمەندە بەسەردان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، لەمیانەی دیدارێکدا بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەری هەولێر” هێنامە ئاخاوتن و بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی بۆ پرسیارەکان دانا.
سامان : “دیارە رۆیشتنی من بۆ تاراوگە و نیشتەجێ بوونم لە وڵاتێکی ئەوروپا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەموو مرۆڤێک حەز دەکات گۆرانکاری لە ژیانی خۆی دا بیکات، منیش ویستوومە لە رێگەی ئەم سەفەرەدا گۆڕانکارییەک لە ژیانی خۆم و ماڵ و مناڵەکەم بکەم، تەنها ئەوە بووە و هیچ هۆکارێکی دیکە شک نابەم بڵێم لەبەر ئەو هۆکارە من بڕیاڕی سەفەرکردنم داوە”.
لەوماوەی کە لە هەندەران گیرسایتەوە هیچ بەرهەمێکت تۆمار نەکرد؟
سامان : “جگە لەسازکردنی چەند ئاهەنگێک هیچ بەرهەمێکی گۆرانی یاخوو ئامادەکردنی کلیپ بەرهەمم نەهێنا، لەبەر ئەوەی زیاتر خەریکی ژیانی ماڵ و مناڵەکەم بووم”.
زۆر لە هونەرمەندان کاتێک لە هەندەران دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان باس لە زەحمەتی و نەهەماتییەکان تاراوگە دەکەن، بەتایبەتی بۆ بەرهەم هێنانی گۆرانی و ئەنجامدانی کاری هونەری تۆ ئەو بارودۆخەت چۆن بینی؟
سامان : “بەرای من هەر هونەرمەندێک ئەگەر بیەوێ کار بکات، دەتوانێ لە هەر شوێنێک بێت کارە هونەرییەکانی خۆی بکات، راستە زەحمەتیەک هەیە لە هەندەران زۆر جار ئیش و کارەکانی بەدڵی تۆ نابێت و سەیر دەکەی هەر موزیکژەنێک لەوڵاتێکەو هەریەکەی خەریکی ژیانی خۆیەتی، من ئەگەر وەک خۆم قسە بکەم، لەو ماوەیەی کە لە هەندەران بووم، رەنگە تاڕادەیەک کەم تەرخەم ببووم لەبەرهەم هێنانی گۆرانی، بەڵام بەو مانەیەش نا بڵێم پاڵم داوەتەوەو هیچ کارێکی هونەرییم ئەنجام نەدابێ، چونکە من لەوڵاتی (فلەندا) بووم لەو وڵاتەش ستۆدیۆی رۆژهەڵاتی لێ نەبوو، بەڵکو زۆرینەی هەر رۆژ ئاوایی بوون، هەروەها نەبوونی موزیکژەنی کورد ئیتر ئەوانەش بەشێک بوون لەهۆکاری ئەوەی من لە هەندەران نەمتوانی کارێکی تازە بەرهەم بهێنم”.
ئێستاکە لە کوردستانی ئایا بەیەکجاری گەڕایەوە یاخوود تەنها بەمەبەستی سەردان گەڕایەوە؟
سامان : “جارێ بۆم یەکلای نەبۆتەوە، کە بەیەکجاری بمێنمەوە لە کوردستان و جارێکی تر نەگەڕێمەوە بۆ هەندەران، بەشێوەیەکی گشتی هێشتا روون نەبۆتەوە کە ئیش و کارەکانم دەگاتە چ ئەنجامێک”.
بارودۆخی ژیانی هەندەران بۆ هونەرمەندێک، بەبەراورد لەگەڵ بارودۆخی کوردستان کامیان گونجاوترە بەرای تۆ ؟
سامان : “راستیەک هەیە هەموومان زۆر بەباشی هەستی پێدەکەین، ژیان لەناو خاک و میللەت و کەللتووری خۆت زۆر خۆشترە، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتێکی ئەوروپا بتەوێ تێدا ژیان بەسەر بەریت، ئەوە نەک بۆ هونەرمەند، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤێکی ئاسایی زەحمەتە، ئەو هەموو خۆشەویستی و لێکنزیک بوونەوەی لەنێوان دۆستان و خزمان و ئازیزانی خۆت هەتە لەکوردستان ئەستمە لەوێ ئەو خۆشەویستیە بدۆزیتەوە، رەنگە هەندێک بابەتی باشیش هەبێ لە وڵاتانە، لەوانەیە ئەگەر بتەوێ سوودی زۆر چاکی لێوەر بگیرت، بەڵام هەرچۆنێک بێت تاراوگە مردنیش بێ مردنی وڵاتەکەی خۆت باشتر و خۆشترە”.
لەو گەڕانەوەیەت بۆ کوردستان هیچ پرۆژەیەکی هونەری لە بەرنامەت دایە بە ئەنجامی بگەینیت ؟
سامان : “من لەسەر داواکاری کەناڵی کوردسات گەڕامەوە ئەو سەردانەم ئەنجامداوە بۆ کوردستان، بەمەبسەتی بەشداریی کردن لەچەند پرۆگرامێکی ئەو کەناڵە، جگە لەوانەش کۆمەڵێک پرۆژەی هونەریی لەبەردەستمە بەنیازم لەداهاتوودا بەئەنجامیان بگەینم، یەکێک لەوانە بەنیاز بووم چەند ئاهەنگێک لەشاری هەولێر و سلێمانی ساز بکەم، بەڵام بەداخەوە بە هۆی کۆچی دوایی هاوڕێ و دۆستی من و هەموو هونەرمەندان (عیرفان زەنگەنە) دوام خستووە ئەو ئاهەنگانە، چونکە خودی ئەو پیاوە بەڕێزەو کۆمپانیای چوار چرا پاڵپشتی زۆربەی ئێمەی هونەرمەندان و بەتایبەتی (سامان) لەسەرجەم کارە هونەریەکانمدا، بۆیە جارێ هەموو پرۆژە هونەرییەکانم راگرتووە و تاقەتی ئەنجامدانی هیچ کارێکی هونەرییم نیە جارێ، بۆ بەرهەم هێنانی ئەلبومی گۆرانیش جارێ لەبەرنامەم دانیە”.
وەکو زۆربەی هونەرمەندان تۆش زیانی ماددیت بەرکەوتووە لە بڵاو کردنەوەی ئەلبومەکاندا، بۆیە بیر لەبەرهەم هێنانی ناکەیتەوە ؟
سامان : “من سەرجەم ئەلبومەکانم لە رێگەی کۆمپانیای چوار چرا بڵاو کراوەتەوە، تائێستا هیچ زەرەرم نەکردووە لە بڵاو کردنەوەیان، هەموو ئەو کاتانەی ئەلبومێکی گۆرانی من بڵاو کرابێتەوە بەشێوازێکی چاک بڵاو کراوەتەوە و زەرەری ماددیشم نەکردووە، بۆیە هیچ کاتێک لەبەرهەم هێنانی گۆرانی دا نەترساوم، هۆکارەکەی تەنها ئەوەیە ئەوەندە گۆرانییەم لەبەردەست دانیە تاوەکو لە ئەلبومێکدا بڵاوی بکەمەوە، هەرچەندە ئێستاکە چەند هۆنراوەیەکم لەبەردەستە بەنیازم یەک دوو گۆرانی تۆمار بکەم و بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاویان بکەمەوە”.
تۆ بەرپرسی لقێکی کۆمپانیای چوار چرا بوویت لەشاری سلێمانی، لەدوای کۆچی دوای (عیرفان زەنگەنە) ئەو کۆمپانیایە چی بەسەر دێت، ئایا کار و چالاکییە هونەرییەکانی بەردەوام دەبێت ؟
سامان : “زۆربەی زۆری هونەرمەندان هەمیشە دڵیان بەوە خۆشبوو، کە لە کوردستان کۆمپانیایەک هەیە بەناوی چوار چرا، بەبروای من ئەوەی بە هاوڕێ ی کۆچکردومان (عیرفان زەنگەنە) دەکرا زەحمەتە بەکەس بکرێتەوە جارێکی تر لە کوردستان، برواناکەم جێگای ئەو مرۆڤە جوانە بەهیچ کەسێک پڕ بێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئومێد هەیە یاخوود دەتوانم بڵێم گفتوگۆمان کردووە، لەگەڵ ئەو بەڕێزانەی ئێستاکە خەریکی ئەوەیەن بەردەوامی بدەین بەچالاکییەکانی چوار چرا، ئیتر جارێ هەندێ تەوەری دیکەش ماوە گفتوگۆی لەسەر بکەین، لەوانە بیرۆکەی ئەوە باسکراوە ساڵانە خەڵاتێکی رێزلێنان رێکبخرێت بەناوی خەڵاتی (عیرفان زەنگەنە) هەر جارەی چەند هونەرمەندێکی لە بوارە جیا جیاکان ئەو خەڵاتەی پێ ببەخشرێت، ئیتر پێمان وایە ئەوە وەک رێزلێنانێکە بۆ هەوڵ و ماندوو بونەکانی ئەو مرۆڤە کە بۆ هونەر و هونەرمەندان هەیبووە لەرابردوودا، لەگەڵ چەند بیرۆکەیەکی دیکەش کە هێشتا لە گفتوگۆداین، بە شێوەیەکی گشتی من وەک (سامان) لە خزمەت ئەو کۆمپانیایەدام بۆ ئەوەی بەردەوامی هەبێت”.
ماوەیەک دەنگ و باسی ئەوە هەبوو گوایە لەلایەن چەند دەرهێنەرێکەوە داوات لێکراوە بەشداری کاری درامی تەلفزیۆنی بکەیت، ئایا ئەو هەواڵانە تاچەند راست بوون ؟
سامان : “راستە نەک جارێک بەڵکو چەند جارێک پرۆژەی لەو شێوەیە هاتۆتە بەدەستم، چەند دەرهێنەرێکی بەڕێز و ئازیز کە نامەوێ ناویان بهێنم نەبادا بەشێوەیەکی دیکە شیکردنەوە بۆ ئەو قسانەی من بکەن، من رێز و حورمەتم هەیە بۆیان سوپاسیان دەکەم، چەند جارێک پێشنیاریان کردووە وەک ئەکتەرێک بەشداری لەکارێکی درامی تەلفزیۆنی بکەم، تەنانەت چەند جار دەقی سیناریۆی دراماکانیان نیشان داوم گوتویانە بیخوێنەوە ئینجا بڕیار بدەم، بەڵام لەبەر ئەوە نەمتوانیووە بەشداری بکەم لەو دراما تەلفزیۆنیانە، ترسێک هەیە لەلای من ئەو ترسەش منی گەیاندۆتە قەناعەتێک، کە زۆر ئەترسم لە کاری هونەری گۆرانی گوتنم دوام بخات، جگە لەوەش ترساوم لەوەی کارێکی درامی ئاستی کارە هونەرییەکانم داببەزێنێت، بۆیە پێم وایە هەر هونەرمەندێک لەبواری خۆی دا هەوڵبدات باشتر و سەرکەوتوو تر دەبێت”.
چەند بەرهەمێکی گۆرانییت لەساڵانی ناوەڕاستی نەوەدەکان تۆمار کردوون، ئەو کات کار تۆمارکردن وەک ئێستا نەبوو، لەسەر کاسێت بوو کوالێتی بەرزیان نەبوو، بەنیاز نیت ئەو بەرهەمانە جارێکی تر تۆمار بکەیتەوە، چونکە ئەو بەرهەمانە لەوانەیە خەڵکیش حەز بکات جارێکی تر گوێ لێبگرێتەوە ؟
سامان : “زۆرجار ئەوەم لەخەڵکیش بیستووە، بۆ نموونە زۆر جار لەکاتی سازدانی ئاهەنگێکدا خەڵک هاتووە داوای ئەو گۆرانییە کۆنانەی منیان کردووە، بۆ ئەوەی پێش کەشیان بکەمەوە، ناتوانم بەڵێنی ئەوە بدەم بلێم تۆماری دەکەمەوە، لە ستۆدیۆ و بە مۆسیقایەکی زۆر چاک، بەڵام لەبەرنامەم دایە لەو بەرنامە تەلفزیۆنانەی کە ئەنجامی دەدەم لەداهاتوودا هەر جارێک دوو سێ گۆرانی لەو گۆرانیانە بلێمەوە، چونکە لەو بەرنامانەشدا موزیکژەنی زۆر بەتوانا و لێهاتوومان هەیە بەشداری دەکەن و دەتوانن بە شێوازێکی چاک هاوکارم بن لەگوتنەوەی ئەو گۆرانیانەمدا”
پێت وانیە لە ئێستادا لە کوردستان، یەکێک لەو دابڕانەی نێوان جەماوەری هونەری و هونەرمەند هەیە، ئەویش بەهۆی نەبوونی یاخوود دروست نەبوونی سیستەمی سازدانی کۆنسێرتە ؟
سامان : “بێگومان دروست بوونی سیستەمەی کۆنسێرت لە کوردستان زۆر پێویستە، بەداخەوە رەنگە تائێستا ئەو سیستەمە نەبێ، هەرچەندە هەندێک جار بینیوومانە هەندێک هونەرمەند کۆنسێرتی باشیان ئەنجامداوە، بەڵام بەردەوامی نەبووە رەنگە چەند کۆنسێرتێک سیستەمی دەنگ و موزیکی باش بووبێت، من وەک خۆم چەند جارێک کۆنسێرتم لە شاری سلێمانی سازداوە بۆ ماوەی (4) رۆژ لەسەر یەک لە هۆڵێکدا، جەماوەرێکی دیار و بەرچاویش ئامادەبوون، هەروەها لەشاری هەولێر لە هۆڵی رۆشنبیری و لە چوار چرا چەند جارێک توانیمان کۆنسێرتی چاک رێک بخەین، بەڵام من پێم وایە پێویستە کەرتی تایبەت بیر لەوە بکاتە هۆڵێکی چاک بۆ کۆنسێرت، رێکخستی سیستەمی دەنگ و گروپی موزیک و بانگهێشتی جەماوەر رێک بخات، نەک هونەرمەند خۆی خەم بۆ گروپی موزیک بۆ گۆرانییەکانی بۆ سیستەمی دەنگ بخوات، نەخێر لە هەموو دونیادا ئەو کارانە کۆمپانیاکان بەڕێوەی دەبەن”.
هەبوون و دروست بوونی چەند کەناڵێکی تەلفزیۆنی بەتایبەتی کە هەندێکیان بەناوی هونەرییەوە دروست بوون، تاچەند کار ئاسانیان بۆ ئێوەی هونەرمەندان کردووە، یاخوود تا چەند بوونەتە پردێک لەنێوان ئێوە و جەماوەرەدا؟
سامان : “هەبوونیان لە نەبوون باشترە، بەڵام دەبێ راستیەک هەیە زۆر چاک بیزانن ئەو کەناڵانە نابێ کاریگەریان هەبێ لەسەر داب و نەریتی کۆمەڵگا، بەتایبەتی رێزگرتن لەکەللتور و هەستی کۆمەڵگای خۆمان، سەیر دەکەی هەر وڵاتێک هەر نەتەوەیەک پەیوەستە بەو کەللتورەی کە لەسەری ژیاوە رێزی لێدەگرێت، هەنگاوی تازە و بەرنامەی تازە و پێشکەوتنی تازە ئەمانە هەر هەمووی باشە هەبێت، بەڵام دواجار دەبێ بگەڕێیتەوە بۆ رای خەڵکی وڵاتەکەت، نابێ بڵێت من هەرچی دەکەم هەر بەردەوام دەبم خەڵکیش بۆ خۆی بابڵێت، چۆن شتی وا دەبێ ئەی ئێمە بۆ کێ کار دەکەین بۆ پێمان وایە خەڵکی بیانی سەیری کەناڵەکانی ئێمە دەکات؟! نەخێر، خاڵێکی دیکەش هەیە پێویستە بەچاکی هەڵوێستەی لەسەر بکەین، دەبینین زۆر جار ئەو کەناڵانە داوا لەهونەرمەندان دەکەن بۆ سازدانی دیمانەیەک یاخوود بەشداریی کردنت لەبەرنامەیەکی ئەو تەلفزیۆنانە، کە لەگەڵیان قسە دەکەین پێت دەڵێن ئەو بەرنامەیە بۆ تۆ زۆر باشە بۆ فرۆشتنی ئەلبومەکانت بۆ کۆنسێرت و ئاهەنگەکانت و هەروەها ریکلامێکیشە بۆ تۆ، سەیرە ئاخر جوگرافیای وڵاتی ئێمە و رێژەی ئێمەی کورد تائێستا لە چوار شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکوک پێکهاتووە، ئاخر خۆ ئێمە عەرەب نین خاوەنی (30) دەوڵەت و مەلاین خەڵک بین بۆ ئەوەی گوێمان لێبگرن، ئەگەر دەمانەوێ بە (رۆتانا) خۆمان بنوێنین ئەو کەناڵە هەر جارێک کلیپێک پەخش دەکات بە سەدان ملیۆن کەس دەیبینێت، بەڵام کام کەناڵی کوردی خۆمان خاوەنی دوو ملیۆن بینەرە؟!!
بۆیە پێویستە کەناڵەکانمان بەو ئاڕاستەیە بیر نەکەنەوە، ئاخر کلیپ هەر بە خۆرایی بەرنامە هەر بەخۆرایی ئیتر هونەر چۆن پێشدەکەوێت کاری هونەری تازە چۆن دێتە بەرهەم، بۆیە هیوادارم ئەو کەناڵانە ئەگەر مەبەستیان خزمەتی هونەرمەندانە، بەبڕوای من خزمەت هەر بە دابەزاندنی کلیپ و سازدانی بەرنامەیەک نیە!!”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا