چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : سازان مەندەلاوی، پێنج ساڵە گەڕاوەتەوە کوردستان، گۆڕانکارییەکانی ژیانی لە ئوسترالیاوە بۆ کوردستان، وایکرد کتێبێک بنووسێت بە ناوی “ھێلانەکەم” بە زمانی ئینگلیزی، کە باس لە بەسەرھاتی ژیانی خۆی وەک کچە کوردێک دەکات، سازان دەڵێت “کە من باسی خۆم کردووە، واتا باسی ھەموو گەنجەکانەم کردووە کە لە ئەوروپا دەژین”.
سازان مەندەلاوی، ساڵی ١٩٨٩ لە ھەولێر لە دایکبووە و ١٩٩٦ لەگەڵ خانەوادەکەی چوون بۆ وڵاتی ئوسترالیا، ساڵی ٢٠٠٦ بە یەکجاری گەڕاوەتەوە کوردستان، لێرە خوێندنی زانکۆ، بەشی سیاسەت و نێودەوڵەتی تەواوکرد، لەبەرنامەیدایە ئەمساڵ بۆ بڕوانامەی ماجستێر بخوێنێ و کتیبێکی دیکەش بنووسێ، “بەڵام ئەمجارەیان باسی خۆم ناکەم، باس لە کەلتوور و دابونەریتی کورد دەکەم، ئەوە بۆمن شتێکی نوێیە”.
سازان، کە ئێستا لە ھەفتەنامەی “کوردش گلوپ” کاری رۆژنامەوانی دەکات، بۆ (سڤیل) باس لە چۆنیەتی نووسینی بیرۆکەی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت “جارێکیان لەگەڵ ماڵەوە بە سەفەر چووین بۆ وڵاتی نەمسا، بۆ لای خاڵەکەم، کە لەوێ ژیانێکی خۆش و دوو منداڵی ھەیە، زۆر سەرکەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ژیانی مورتاح نەبوو، پرسیار ئەوەم لێی کرد، بۆچی نامورتاحی؟ ئیتر زۆر شتم بۆ روون بوویەوە، کە پێویستە بیانووسم”، سازان لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو گوتیشی “کە ھاتمەوە کورستان یەکەم شتم بە ناوی (ھۆییەکانی قژە سپییەکانی خاڵم) نووسی، دواتر بەردەوام لەسەر ژیانی دەرەوە شتم نووسی، دوای دوو ساڵ، کردم بە کتێبێک بە ناوی “ھێلانەکەم” چاپ و بڵاوم کردەوە”. سازان ئاماژەی بەوەشدا زۆر کەس پێی دەڵێ بۆچی ئەو کتێبەت نوسیووە، بەڵام ئەو دەرگایەکە بۆ ئەو گەنجە کوردانەی کە لە ئەوروپا دێنەوە کوردستان بتوانن چۆن لەگەڵ دابونەریتی کوردستان بگونجێتەوە و ئەوانەی ئێرەش لە ئەوروپا ئاگادار بن، “چونکە ئەوروپا نە ئەو بەھەشتەیە کە باسی دەکەن، نە ئەو خەزێنەیە بە ئاسانی پارەت لێ دەستکەوێت”.
سازان دەڵێ “کچێکی کورد لە وڵاتی بەریتانیا کتێبەکەی منی خوێندەوە، ئیمێلی بۆ ناردم و گوتی کاتێک کتێبەکەتم خوێندەوە، ویستم یەکسەر بێمەوە بۆ کوردستان، ئەوە بۆ من ھەموو دنیا دێنێ”. سۆزان دەشڵێ لەبەرئەوە لەسەر نووسینی کتێب بەردەوام دەبم و ئیشی رۆژنامەوانی خۆشم دەکەم، بیرۆکەی زۆرم ھەیە بتوانم لە کوردستان جێبەجێیان بکەم، ھەر گەنجێکیش پێویستی بە ھاوکاری من ھەبێ ئامادەم ھاوکاریی بکەم”.
سازان باسی لەوەشکرد، لەبەر خوێندن و پڕۆژەی نووسینی کتێب، جارێ بیری لە شووکردن نەکردۆتەوە، “بەڵام دواجارش ھەمووی قسمەت و نسیبە، چونکە لە کوردستان کە دەچیتە ھەر ئاھەنگێکی بووک گواستنەوە یەکسەر بە کچەکان دەڵێن نەخشەبێ لە تۆ، ھەرواشیان بەمن دەگوت، بەڵام خۆشبەختانە لەو دوو ساڵەی رابردوو ئەو وشەیە گۆڕاوە، ئێستا دەڵێن نەخشەبێ لە ماجستێرەکەت، یان لە دکتۆراکەت، ئەوە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە و جوانە لە کوردستان روویداوە”. مەندەلاوی گوتیشی “خۆم لە کچەکانی ئێرەم گوێ بووە دەڵێن شوو ناکەم تاوەکو خوێندن و بڕوانامەی بەرز بەدەست نەھێنم، پاشان شووکردن”.
سازان لە قوتابخانەیەکی تەیراوە، چۆتە ناو خەونەکانی کچانی کورد، ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئەو تاقیکردنەوەکەی ئەنجام نەدا نەیزانیووە کچانی کورد خەونی وا گەورەیان ھەیە، دەڵێت “ماوەیەک رۆشتم بۆ قوتابخانەیەکی کچان لە تەیراوە، لەگەڵ کچەکان تێکەڵ بووم، داوام لێکردن ھەریەک لە کاغەزێک خەونەکانی خۆیم بۆ بنووسێ، کە لە ماڵەوە خەونەکانم خوێندەوە تاسام، خەونی بوون بە وەزیری دەرەوە، سەفیر، دکتۆری ئاژەڵ و ئەو شتانەیان نوسیوو بوو، خۆزگە لەلایەن ماڵەوە و کۆمەڵگە فرسەتی ئەوەیان پێ دەدرا کار بۆ بەدیھێنانی خەونەکانیان بکەن”.
Zanadzey@yahoo.com