راپۆرتی : کەیوان رەحمان: زۆربەی شەیدایان و ھونەرکاران و چاودێرانی ھونەری لەسەر ئەوە کۆکن ، بەر لە ھاتنی ھونەرمەند (زەکەریا) ھونەری کوردی لە ئاستێکدا بوو کە زۆر بە دەگمەن لە بازاڕ و شوێنە گشتیەکان گوێ بیستی گۆرانی کوردی دەبووی چونکە زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەتایبەت گەنجان گوێیان لە گۆرانی تورکی و عەرەبی و فارسی دەگرت بەھۆی بەرزی ئاستی میوزیک و نوێ بوون لە ئاواز و تێکست بەتایبەت ئەو گۆرانیانەی باسیان لە عەشق و خۆشەویستی دەکرد .
تۆھاتی شۆڕشێکی نوێ بوو …. دەنگێکی نوێ و جیاواز ھات
زەکەریا عەبدوڵڵا بەر لەوەی گۆرانی بڵێت میوزیکژەنێکی بە سەلیقە بوو ، ھەر زوو کاری میوزیکی بۆ چەند ھونەرمەندێکی بە ئەزموونی کورد کرد ، ساڵی ١٩٩٨ دەبێتە سەرەتای چیرۆکی زەکەریا ئەویش بە بڵاوکردنەوەی ئەلبومێکی جیاوازی پڕ لە سۆزی عاشقانە دەست پێدەکات بە جۆرێک ئەم ئەلبوومە دەبێتە باسی ھەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەک لە کوردستان چونکە سەردەمی ھونەری گۆڕی ، ئەلبومی (تۆھاتی) بووە ھەوێنی گەشەکردنی زەکەریا و بەردەوام بوونی بەتایبەت دوای دەرکەوتنی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە کلیپە سادەکەی (نەمزانی) کە ئێستاشی لەگەڵ دابێت ھەوادارانی بە تامەزرۆوە بە دیارەوە ڕادەمێنن .
زەکەریا بۆ وەڵامی تۆمەتەکان ناداتەوە ؟
تۆھاتی تا لاپەڕەی سپی زەکەریای بەچەندین قۆناغ تێپەڕاندووە لەو (حەوت) ئەلبومە زەکەریا توانیوویەتی پارێزگاری لە ناوبانگی خۆی بکات ھەرچەندە لە چەندین ڕێگاوە ویستوویانە لە کەسایەتی ئەو بدەن و لە ھەندێک میدیا دەھۆڵی بۆ کوتراوە بەڵام ئەو ھەمیشە بێ دەنگی ھەڵدەبژێرێت ئەوەش بۆتە خاڵی بەھێزی زەکەریا چونکە ئەو نایەوێت ئەو کەسانە گەورە بکات لە ڕێگای وەڵام دانەوەی ڕاستەوخۆی خۆی چونکە زۆربەی ئەو میدیا و میدیاکارانە بەو ئامانجە تۆمەتی بۆ دروست دەکەن تا لەو ڕێگایەوە بگەن بە زەکەریا و بیھێننە قسە بەڵام ئەو وەک کەسایەتیەکی بەھێز ھەمیشە بێ دەنگی ھەڵدەبژێرێت و بەکاری شایستە و داھێنەرانە وەڵامی تۆمەتەکان دەداتەوە .
زەکەریا چۆن کاتەکان بەکار دێنێ ؟
سرودی کوردستان… بەھاری ٢٠٠٣ ئەو کاتەی خەڵکی کوردستان لە ڕاڕایی دەژیان بەھۆی ترسی لە ھاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا لەلایەک و لەلایەکی تر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادی عێراق لایەن ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان بۆ لەناوبردنی ڕژێمی بەعس کە بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان ماڵ و لانەی خۆیان جێھێشبوو بەھۆی ھەبوونی دەنگۆی لێدانی کوردستان لەلایەن حکومەتی دیکتاتۆری بەعس ، لەو کاتەدا ھونەرمەند (زەکەریا) بە سرودێک دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی نەتەوەکەی و ئازادیخوازان ، (کوردستان) ناوی ئەو سرودە پڕ لە حەماسە بوو کە بووە مارشی ئازادی و ھێمای ورەی گەلی کورد بە جۆرێک تەواوی میدیای بینراو و بیستراوی کوردی رۆژانە بۆ دەیان جار ئەم سرودەیان پەخش و بڵاودەکردەوە .
گەنجی پیر … بێزاری لە ژیان و گەڕان بەدوا پرسیاری بێ وەڵام و یاخی بوونی خۆشی لە گەنجان بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵ بە تایبەت چینی گەنجان ، زەکەریا دەیەوێت ئەم خەم و ئازارەی گەنجانی کورد بکات بە گۆرانی چونکە بە پێی میتۆدی ھونەری رۆحی دەبێت لەگەڵ خەمی رۆژگار ئاواز لەدایک بێ و ئێش و ژانیش بە ھۆنراوە خۆی بنووسێتەوە ، لێرەش دا زەکەریا توانی خۆی ئاوازێکی رۆحی بێنێتە بوون و تێکەڵ بە ھۆنراوەیەکی پڕ لە ڕەھەندی جوانی فەلسەفی شاعیر (سامی ئەرگۆشی) بکات ئەمە وای کرد لەگەڵ گەنجان بەیەکەوە خەمەکان بەبا بکەن و سرودێک بێت بۆ ڕەوانەوەی ئەو ئازارانەی کە گیرۆدەی دڵە بێزار بووەکان بووە .
بۆ کوردستان… بەرەو بەھاری ٢٠١٠ ئەو کاتەی جیاوازیە حیزبی و ئایدۆلۆژیەکان لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات گەیشتە ترۆپک و بووە ڕێخۆشکەری دەیان ڕووداو و تەنانەت شەڕیش وایان لە ھاوڵاتیان ھەرێمی کوردستان کردبوو کە بێ تاقەت و بێ متمانە بن بەم خاکە کە ھەموو لایەک قوربانیان لە پێناوی داوە بە ھۆی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەکۆی ھەموو میدیایەک تەنیا بە ئاوازی حزب و گروپەکەی ئاوازی دەژەنی بۆیە زۆر پێویست بوو خۆشەویستی کوردستان بە بیری ئەم گەلە چەوساوەیەدا بھێنرێتەوە ئەوە بوو ئەمجارەش (زەکەریا) سەر مەشقانە ھاتەوە مەیدان و ئاوازێکی پڕ لە میوزیکی شاد و بەجۆشی بۆ جوانی کوردستان و نیشتمان خوێند ، بۆ کوردستان دەبێتە سرودی بیر ھێنانەوەی خاک و وڵات ئەم سروودە بووە مارشی ھەموو پارت و لایەنە سیاسیەکان و کە لە ھەموو شتێک جیاواز بوون تەنیا ئەم سرودە خاڵی ھاوبەشی نێوانیان بوو ، زەکەریا لەو کاتە دەردەکەوێ کە میللەت پێویستی بەو کەسە پێشڕەوانەی ھونەر و کلتوور و ڕۆشنبیری ھەیە .
میوزیکژەنانی کورد دەباتەی ھۆڵەکانی ئەوروپا
پایزی ٢٠٠٨ ھونەرمەند (زەکەریا) بەفەرمی داوەتی فیستیڤاڵی ساڵانەی ھونەری (ری ئۆرێنت) دەکرێت لە وڵاتی سوید کە فیستیڤاڵێکی ساڵانەی نەتەوەیی ھونەری سویدە و ھونەرمەندە ناودارەکانی زۆربەی وڵاتان ساڵانە بە کۆنسێرت بەشداری تێدا دەکەن ، زەکەریا ئەم ھەلە دەقۆزێتەوە بۆ نیشاندانی ھونەر و میوزیکی وڵات و گەلەکەی بۆیە گروپێکی میوزیکی کوردی کە پێکھاتوون لە (٢٣) میوزیکژەن لەسەر ئەرکی خۆی دەبات بۆ بەشداری کردن لە (ری ئۆرێنت) و ئەم کۆنسێرتە دەبێتە مانشێت و ھەواڵی زۆربەی میدیاکانی سوید و بەیەکێک لە کۆنسێرتە ھەرە سەرکەوتووەکانی ھونەرمەند ھەژمار دەکرێت ، ئەم شەوە ھونەریە ژمارەیەکی زۆر لە ڕەوەندی کوردی و ھاوڵاتیانی ئەوروپی و سویدی کۆدەکاتەوە و بەشێوەیەکی زندی لە سەتەلایتی کوردستان بۆ ھەوادارانی ھونەری کوردی و زەکەریا پەخش دەکرێت .
پرۆژە بازرگانیەکانی زەکەریا لە خزمەتی کێ دایە ؟
کارکردن لە بواری بازرگانی قۆناغێکی ترە لە ژیانی زەکەریا ، وەک چۆن لە بواری ھونەری دا توانی ببێتە سەر مەشق و داھێنانێکی نوێ بخاتە ناو دونیای ھونەر ئاواش ھەنگاوەکانی لە بواری بازرگانی دەست پێکرد ، دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و ئەو گۆڕانە گەورەیەی لە سیستەم و شێوازی حکومڕانی ڕوویدا دەروازەیەکی نوێی کردووە بۆ ھەنگاونان و کارکردن بەرەو بنایتنانەوەی وڵات لە ساڵی ٢٠٠٣ زەکەریا بیری لە چەند پرۆژەیەکی جوان و گەورە کردەوە کە پێکھاتبوو لە دەیان باڵەخانە و ئەپارتمانی مۆدێرن ئەم ھەنگاوەش بووە سیمبول و نیشانەیەکی جوانی ئاوەدانی ھەرێمی کوردستان ، ئێستاش لەگەڵ بێت کە لە میدیاکانی ناوەخۆ و دەرەوە کە باس دێتە سەر گۆڕانکاری لە ژێرخانی ئابووری کوردستان و جوانکردنی سیمای ھەرێمی کوردستان ئەوە سەرەتا زوومی کامێراکان دێتە سەر (ناز سیتی) لە ھەولێر و (پاک سیتی) لە سلێمانی ، ناحەقیەکی گەورەیە گەر بەچاوێکی ڕێزەوە لە کارەکانی نەڕوانرێ چونکە ئەو توانی دوو شاری مۆدێرن لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی دروستبکات کە بووە ھۆکار بۆ ھاتنە پێشەوەی کەسانی تر و کار کردن لەم بوارە گرنگە ھەروەھا بەگەڕ خستنی ھێزی کاری گەنجانی کورد کە ئێستا زیاتر لە (٣٠٠) ھاونیشتمانی خۆی خستۆتە سەر کار ، ھیچ نەنگی نیە بۆ کەسەیاتی زەکەریا گەر بازرگانی بکات چونکە ئەو دەتوانێ لەو ڕێگایەشەوە خزمەتێکی باش بە خاک و گەلەکەی بکات .
دامەزراندنی ڕادیۆی ئۆنڵاینی بۆ میوزیکی کوردی ؟
لە ھەنگاوێکی نوێ دا بەرێوەبەرایەتی کۆمپانیای (ZMPRO) کە ھونەرمەند (زەکەریا عەبدوڵڵا) خاوەندارێتی دەکات و سەرپەرشتی تەواوی کارەکانی دەکات لە ئەلبوم و کلیپ و کارە ھونەری و میدیایەکانی لە ساڵی (٢٠٠٨) ڕادیۆیەکی میوزیک و گۆرانی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت دامەزراند ، کە ڕۆژانە بەشێوەیەکی بەردەوام (٢٤) کاتژمێر بەشێوەی ئۆنڵاین لەسەر سایتێکی تایبەت و پەیوەست بە سایتی (زەکەریا میوزیک) پەخشی پرۆگرامەکانی دەکات کە گۆرانی و میوزیکە و لەسەر ریتمی گەنجانە وەشانی بەردەوامە ، لەم ڕێگایەوە خزمەتێکی باش بە گۆرانی و میوزیکی کوردی دەکات ، لە تەواوی جیھان دەتوانرێ لە ڕێگای (www.radio.zakariamusic.com) و گوێبیستی ئاواز و میوزیکی نوێ بی .