باوان ئەحمەد : زۆرجار لەناو میللەتاندا یاخو لەو وڵاتانەی کە ئەگەر نەشمان بینیبێت ئەوا بەھۆی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە ئاشنایەتیمان پێیان ھەبووبێت، دەبینین کاتێک کەسێک لەھەر بوارێکدا بێت بتوانێت کارێک بکات کە جیاواز بێت لەکاری کەسانی دیکە یان بەمانایەکی تر لەبوارێکدا داھێنان بکات و ببێتە جێگەی سرنج و بایەخی خەڵک، ئەوا وەک دیاردەیەک ناوی دەھێنن و بگرە زۆرجار بەئەستێرەش ناوی دەبەن، بەتایبەت لەبواری ھونەرو وەرزش..ھتد
کە بەڕادەیەک باسیان لێوە دەکرێت رەنگە نەک ھەر لەناو خۆیاندا، بەڵکو بۆ ئێمەش کە سەدان و ھەزاران میل لێیانەوە دوورین دەبنە جێگای سرنج و بایەخدان و تەنانەت بووینەتە ھەوادارێکی سەرسەختیشیان، ھەموو ئەوانەی کە باسمکرد دەتوانم بڵێم بۆ ئێمەی کورد رێک پێچەوانە بۆتەوە، بەو مانایەی ھێندەی لەھەوڵی ئەوەداین کە ئەو ھێزو بەھرەو توانایانە تێکبشکێنین و لکەداری بکەین ھێندە لەھەوڵی ھاندان و بەرەو پێشبردن و گرنگی پێدانی ئەوانەدا نین کە لەناوماندا ھەڵدەکەون و بەکاری داھێنەرانە ئاشنامان دەکەن، کە بەداخەوە ئەوا کاریگەرییەکی سلبی نەک تەنیا لەسەر ئاستی گشتی دروستکردووە، بەڵکو لەسەر ئاستی تاکیش کاریگەری خۆی ھەبووە.
ئەگەر راستەوخۆ بچمە نێو باسەکەم ئەوا دەتوانم ھونەرمەند زەکەریا وەکو دیارترین نمونە بھێنمەوە بۆ نووسینەکەم، زۆرجار لەنووسینەکان و وتارەکاندا ئاماژە بەوەکراوە کە لەسەرەتای ٢٠٠٠ەوە ئەو ھونەرمەندە توانی چ کاریگەرییەک لەسەر تاکی کورد دروستبکات و چۆن جارێکی دیکەو بەستایلێکی دیکە بەگوێگرتن لەگۆرانی کوردی ئاشنامان بکاتەوەو گوێگرتنمان لەگۆرانی کوردی بکاتە کەلتور، تەنانەت دڵنیام لەوەی کە کەسمان نییە گوێی لەگۆرانی بگەڕێوەو نەمزانی و چەندین گۆرانی تر نەگرتبێت، کە نەک ھەر لای گەورەکان، بەڵکو گۆرانییەکانی وەکو (بەو بەو بەو باوانم) و (نەتبینم)و چەندانی تریش ببونە وێردی سەر زمانی منداڵەکانیشمان، ئەمانە ھێندەی گێڕانەوەی مێژووی ھونەری ھونەرمەند زەکەریا-ن، ھێندە پیاھەڵدان و ستایش نین بۆ ئەو، بەڵام ئەوە مێژووەکەو ناتوانین وا بە ئاسانی لەبیری بکەین، دواتر ئەو لەھونەرەکەی بەردەوام بوو، تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت بە بەرھەمی کەم، بەڵام بەکاری جوان چەند ساڵێک جارێک بەئەلبوومێک ھونەری کوردیمان دەوڵەمەنتر دەکات و مشتێکی تر دەخاتە سەر خەرواری بەرھەمەکانی.
ئەوەی کە دەمەوێ تیشکی بخەمە سەر ئەو ھەموو وتارو نووسین و قەسکردنە بێ بنەمایانەن کە لەچەند ساڵی رابردوودا لەسەر زەکەریا وتراون و نووسراون و تا ئێستاش بەردەوامە، بەبێ گوێدانە ھیچ ئیتیکێکی رۆژنامەوانی و ھیچ بەھایەکی کۆمەڵایەتی چەندین ناوو ناتۆرەی لێنراوەو قەسەی سەیری بۆ ھەڵبەستراوە، بەڵام ئەو وەک بڕوا بەخۆبوونێک بەھونەرەکەیی و بەجەماوەرەکەشی ھەرگیز ئەم شتانەی بەھەند وەرنەگرتوەو ھیچ کاتێکیشی بۆ وەڵامدانەوەیان تەرخان نەکردووە، چونکە دڵنیایە لەوەی ئەم قسانە وەک بڵقی سەر ئاو وان و رەنگە ھەر شایەنی گوێ لێگرتن و خوێندنەوەش نەبن.
سەرەتا باس لەئەرەبێسک و بەتورک بوونی ھونەرەکەی دەکرا، بەڵام دوای بینیمان چۆن ھونەرمەندانی تریش رێچکەی ئەویان گرت و بەھەمان ستایل کاریان کرد، ئەمەش ئەوەی دەرخست کە ئەوەی ئەو کردوویەتی، داھێنان بووە نەک بەتورک بوون و لاسایی کردنەوە، ھەموومان گەواھی ئەو راستییەن کە کلیپەکانیشی بوونە ھەوێنی ئەوەی کە ئیتر بۆ کلیپ واز لەناو باخ و ژێر دارەکان بھێنرێت و بەستایلێکی نوێوە کار لەکلیپ بکرێت، ماویەک باس لەوە دەکرا کە لەبەر بازرگانی وازی لەھونەر ھێناوە، بەڵام ئەلبوومەکانی (تیلی ناز، گەنجی پیر، لاپەڕەی سپی) ئەم پڕوپاگەندانەشی بەدرۆخستەوە.
ئەگەر زەکەریا بازرگانیشی کردبێت ئەوا دەبێت ھەموومان سوپاسی بکەین، چونکە کەس نییە کاتێک کە سەردانی ھەولێر دەکات (ناز ستی) بەو ھەموو جوانییەوە نەبینێت، لەسلێمانی شوقەکانی (پاک ستی) نەبینێت، ئەو لەجیاتی ئەوەی بازرگانی بەکاری نەشیاوەوە بکات ھاتووە سیمای شارەکانمان بۆ جوان دەکات، ئایا ئەمە تاوانە یان جێگای دەستخۆشی؟، بۆ ئەبێ چاومان لەئاست ئەو کارانە ھیچ نەبینێت لەجیاتی دەستخۆشی خەتێکی راست و چەپی بەسەردا بھێنین؟.
ھونەرمەند زەکەریا کاتێک کە خێزانی ھاوسەری پێکەوەنا لەجیاتی ئەوەی کەناڵەکان پیرۆزبایی لەھونەرمەند بکەن و ھیوای ژیانێکی خۆشی بۆ بخوازن ھەروەک ئەوەی رۆژانە دەبینین کە زۆر بەگرنگی و بایەخەوە ھەواڵی ژنھێنان و شووکردنی چەندین ھونەرمەندی بیانی و عەرەب و تورک و فارس لەو کەناڵانەی خۆمان بڵاو دەکرێتەوە، کەچی ھاتوون تانەو تەشەری لێدەدەن و بەزانیاری بێ بنەما باسی دەکەن.
ھەروەک ماوەیەکیشە دەبینین لەو گۆڤارو ماڵپەڕو بڵاوکراوانەدا بەشێوەیەکی بەرنامە دارێژو کار لەسەر کراو ھەڵمەتێک لەسەر ئەو ھونەرمەندە ھەیەو بەشێوەیەکی زۆر نەشیاو ھەواڵی سەیر سەیری بۆ دروستدەکرێت و باسی لێوەدەکرێت، من زۆرجار بەخوێندنەوەیان پێدەکەنم و بیر لەوە دەکەمەوە کە ئاخۆ ئەوانەی کە سەرقاڵی ئەم نووسینانەن بۆچی بەخۆیاندا ناچنەوەو بیر لەخۆیان ناکەنەوە، بەوەی کە بەراستی زەکەریا خاوەنی کەسایەتییەکی ئەوەندە گرنگە، کە رەنگە لەچاو ئەو ھونەرمەندانەی تر کەمترین بەرھەمیشی ھەبێت لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا، بەڵام بەھۆی سەرکەوتوویی و ناوبانگی، ھێندەی باس لەو دەکرێت ھێندە ناوی ئەوانەی دیکە ناھێنرێت، ئەگەر زەکەریا وەکو ھەر ھونەرمەندێکی تر بووایە ئەوا بەدڵنیاییەوە کەس ناوی نەدەھێناو بەلای کەسیشەوە گرنگ نەدەبوو، بەڵام ئەوا گەورەیی و ناوبانگی ئەوە کە وایکردووە کاتێک ھەواڵێک یان چالاکییەکی ئەو ھەبێت ھێندە بەپەلە بڵاوی دەکەنەوە وەک ئەوەی ھەنگیان لەداردا دۆزیبێتەوە.
ھەموومان دڵنیاین ئەوانەی کە ئەو بابەت و نووسینانە بڵاودەکەنەوە تەنیا بۆ پڕ فرۆشی بڵاوکراوەو گۆڤارەکان و سەردانی زیاتری ماڵپەڕەکانیانە، کە بەداخەوە بەھۆی ناراستی زانیارییەکانیان لەناو نووسینەکاندا زۆربەیان بەناوی خوازراوەوە ئەو بابەتانە بڵاودەکەنەوە نەک ناوی خۆیان، دڵنیاشین لەوەی کە زەکەریا ھەرگیز لەھونەرکەی دانابڕێت و لەناو جەماوەرەکەشی ھەمیشە لەریزی پێشەوەیە، ئەوانەی کە ھەوڵی شاردنەوەی رووناکیشدەدەن و دەیانەوێت بەری رۆژ بەبێژینگ بگرن، ئەوا لەوەھمدا دەژین و ھەوڵەکانیان تا بەر پێی خۆشیان بڕ ناکات.