(کەسی ناودارت خۆشبوێت چونکە ھەموو کەسێک ناودار نیە ) (وتەی یۆنانی)
ھەموو گەلێک مافی خۆیەتی شانازی بە کەسە ناودار و داھێنەرەکانی خۆیەوە بکات ، چونکە ئەو مرۆڤانە لەوە دەردەچن کە تەنیا ھاونیشتمانیەک یا ھاوڵاتیەکی ئاسایی بن بەڵکو لە زۆربەی کاتەکان دەبنە ئاڵاھەڵگری نیشتمان و باڵیۆزی ناساندنی گەلەکەیان ،
لە مێژووی گەلی کوردیش جیا لە کەسایەتیە سیاسیەکان کە شۆرشیان کردووە و لە ھەوڵدابوون بۆ ناساندن و بەدەست ھێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان چەندان رۆشنبیر و ھونەرمەند و وەرزشوانیش لە گۆڕپانەکەدا خزمەتیان کردووە ، باسەکەی من تایبەتە بە ھونەرمەندی ناوداری گەلەکەمان (زەکەریا) بە شایەتی زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی (زەکەریا) تەنیا ھونەرمەندێک نەبووە و بەس بەڵکو دەکرێ و دەشێ بە شۆڕشێکی بوژاندنەوەی ھونەری کوردی پێناسە بکرێ چونکە ئەو گەنجە لە سەردەمێک ھات و خزمەتی کرد کە ھونەری کوردی لە قەیرانێکی قوڵی بەرەو لەناو چوون ھەنگاوی دەنا بەڵام (زەکەریا) بە ئەلبوومێکی گۆرانیی توانی ھونەر و کلتووری کوردی زیندوو بکاتەوە و حەزی ھونەری بێگانە لە دڵی گەنجان کاڵ بکاتەوە و وای کرد ھەموو کەسێک گوێ لە گۆرانیەکانی ئەو بگرێ کە چەند ستایلێکی تەواو جیاواز بوو لەگەڵ ئەو زەمەنەی پێش خۆی ، زۆر جار بە بیستنی ئەوە زۆر دڵتەنگ ئەبم کە باسی ئەو دەکرێ و ڕەخنەی نامەتقی لێ دەگیری چونکە ڕەخنەی ڕوخێنەر تەنیا ڕەشی دڵە پێناسەکەی ئەگینا ھەموو کەس قابیلی ڕەخنەیە بەڵام ڕەخنەیەک بۆ باشتر کردن بێ نەوەک بۆ لەکەدار کردنی کەسایەتی تاک ، ئەو ستایلەی کە (زەکەریا) کاری لەسەر دەکات تەواو ھاو ئاڕاستەیە لەگەڵ ستایلی حەزی گەنجان و ئەوان خۆیان لەو میلۆدی و تێکستانە دەبینەوە بۆیە دەبێ ھەموو لایەک بە چاوی رێز و خۆشەویستیەوە لە ھەنگاوەکانی ئەو ھونەرمەندە داھێنەرە دیدەنی بکەن ، باشە بۆ کە ھونەرمەندێکی عەرەب یا تورک و فارس دێنە ئەم وڵاتەی ئێمە کە وڵاتەکەمان لە سایەی ئەوان وای بەسەر ھات و وێران بوو ، فەرشی سوور و کەشێکی وایان بۆ دروست دەکەن کە لە خەویشدا نەیان بینیوە ئەوە باسی میدیای کوردیش ھەرناکەم کە ریزیان گرتووە بۆ ئەوەی دیدارێک یا وێنەیەکیان بگرن و ریکلامی بەلاشیان بۆ بکەن کەچی بۆ ھونەرمەندی خۆشمان ئاوا سەنگەریان لێگرتوون و دەیان دەنە بەر شاڵاوی ڕەخنە ڕووخێنەرەکانیان ئەوەیە سیاسەتی بانێکە و دوو ھەوا ، پێویستە میدیای کوردی خۆی بەدوور بگرێت لەو پێنووسە ڕق ئەستوورانە و رێز لەو تەواوی ھونەرمەندانی کورد بگرێت بە تایبەت ئەستێرەی درەوشاوەی ھونەری کوردی (زەکەریا) چونکە ئەو توانی کوالێتی ھونەر بەرزبکاتەوە و سرود بۆ خاکی پیرۆزی کوردستان بچرێت و بە سروشتە جوانەکەی ھەڵبدا ئەی ئەوانەی ڕەخنەی روخێنەری لێدەگرن ئێوە چیتان کردووە لە قسەی بێ مانا زیاتر ، لەگەڵ ھەموو ئەمانەش (زەکەریا) ھەردەم خۆشەویستی نێو گەلەکەیەتی بینیمان دوا بەرھەمی (لاپەڕەی سپی) چ دەنگدانەوەیەکی ھەبوو لە نێوەندە ھونەریەکان و شەقامی کوردی .
نووسینی : دالیا ئەحمەد
dalyaahmad٨٢@yahoo.com