رەنگە ئەم ناونیشانەی سەرەوە، کەمێک لەھەواڵێک یان ریپۆرتاژێکی وەرزشی بچێت، بەوەی زۆر جار بەمەبەستی بەراوردکردن لە نێوان دوو یاریزان، لەدوو سەردەمی جیاواز بەرچاومان دەکەوێت، بۆ نموونە بەمیسی دەگوترێت مارادۆنای نوێ، رۆبینھۆو نیمار بەپێلێ بەراورد دەکرێن، پاتۆ بەجێنشینی رۆناڵدۆ ئەژمار دەکرێت، زۆر جاریش ئەم بەراورد کردنانە، ئەنجامی تەواو بەدەستەوە نادەن، بەڵام رۆژانە گوێمان لەچوواندنی کەسێک بەکەسێکی دیکە دەبێت، ئەوەی لێرەدا مەبەستمە لەچوارچێوەی ئەم چەند دێرەدا بیخەمە روو، بەراورد کردنی گۆرانیبێژی دەنگخۆش، ئالان جەمالە، بەھونەرمەندی دیاری گەلەکەمان زەکەریا عەبدوڵا.
رەنگە بەراورد کردن لەگەڵ زەکەریاو ئالان کارێکی ئاسان نەبێت، چونکە ھەر یەکەیان لەکاتو ساتو ھەلو مەرجێکی جیاواز دەستییان داوەتە کاری ھونەری، ئەمە بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی زەکەریا لەتۆپدایەو ئالانیش تازە لەسەرەتای رێگەکەدایە، بەڵام خاڵی ھاوبەش لەنێوان ئەو دووانەدا بەبروای من ئەوەیە ھەردووکیان بەھێزەوە دەستییان پێکردو ھەر زووجێگەی خۆیان لەگۆرەپانەکەدا کردەوە.
کاتێک زەکەریا، دەستی دایە کاری ھونەری (وەک گۆرانی گوتن)، ھونەری کوردی لەقەیرانی نەبوونی ھونەرمەندا بوو، بۆیە بەناچاری گوێگری کورد، بەمەبەستی پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە رۆحیو ھونەرییە پەنای بۆ گۆرانی بیانی دەبرد، بەڵام ھاتنی زەکەریا، وەک ھەندێک پێیانووایە شۆرشێک بوو لەھونەری کوردییدا، بازدان بوو لەقۆناغێکی قەیراناوییەوە بۆ ئاسۆیەکی پرشنگدار لەھونەری گەلەکەماندا، بەوەی تووانی گەنجی کورد بگەرێنێتەوە تا گوێ لەگۆرانی کوردی بگرن، بەڵگەش بۆ قسەکەم، لەکاتی کۆنسێرتەکانی ناوبراودا لەبەر نەبوونی شوێنی گونجاو پەنا بۆ یاریگاکان دەبرا، زۆر جار لەوێشدا بەھۆی نەبوونی جێگەوە کێشە دروست دەبوو، جگە لەوەی بەرھەمەکانی ژمارەیەکی بێشووماری لێدەفرۆشرا.
ئەگەر بێینە سەر ئەو قۆناغەی ئێستای ھونەری کوردی، ئەوا کێشەی نەبوون یاخوود کەمی گۆرانبێژمان نییە لەرووی ژمارەوە، بەڵکو گرفتەکە لەنەبوونی گۆرانبێژی بەتواناو باشە، بەبروای من ئالان جەمال یەکێکە لەو گەنجە دیارانەی کەداھاتوویەکی پرشنگدار چاوەرێی دەکات لەنێو ھونەری کوردیدا، ئەگەر لەسەر ئەو رێچکەیەی ئێستای برواتو بەردەوام بێت.
بابێنەوە سەر زەکەریا، دوای بڵاوبوونەوەی ھەردوو کلیپی بگەرێوەو نەمزانی، کێ ھەبوو ئەو دوو گۆرانییەی ئەزبەر نەبێتو بەردەوام لەبەر خۆیەوە نەیڵێتەوە، ئەو کاتو تا ئێستاش رۆژانە چەند جار ئەو کلیپە سادەو جوانانە دەبینینەوە، لەلایەکی ترەوە دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانی (ئەو دەمانەت)ــی ئالان، کەزۆر بەخێرایی تەشەنەی کرد، کێ ھەیە بەردەوام ئەو گۆرانییە نەڵێتەوە، ئەمەش لەبەر شێوازی ئەدا کردنەکەی.
بەڵام ئەوەی زەکەریاو ئالان لەیەکتر جیادەکاتەوە، گرنگی پێدانی راگەیاندنە، ھەموو لایەک دەزانن کەدەزگاکانی راگەیاندن لەناوخۆو دەرەوەی کوردستان چ گرنگییەک بەزەکەریا دەدەن، لەگەڵ کەمی ژمارەی کلیپەکانو دەرکەوتنەکانی، بەڵام وەک دیاری قەرەداغی وتەنی:”زەکەریا لەنێو راگەیاندنی کوردیدا زیاترین گرنگی پێدەدرێت”، بەڵام کێ لەئێمە رۆژێک لەرۆژان دیمانەیەک یاخوود ھەواڵێکی لەسەر ئالان بەرچاو کەوت، لەگەڵ ئەو ھەموو چالاکییە زۆرەی لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا ھەیەتی، لەرووی بەرھەمھێنانی ڤیدۆ کلیپەوە، رەنگە بیانووی ئەوان بۆ گرنگی پێنەدان بەئالان جەمال ئەوە بێت، ئەویش وەک گۆرانیبێژە گەنجەکانی دیکە، تەنھا مەبەستی ناوبانگو دەرکەوتنە، بەڵام ئەوەی لەو کورەدا بەدیدەکرێت ئەوەیە، کە پەیامێکی ھونەری جوانی پێیەو دەیەوێت بیگەنێت، ئالان مەبەستێتی ھونەرێکی جوان پێشکەش بکاتو خزمەت بەو بوارە بکات، ئەو نایەوێت وەک ھەندێک، ھونەر بەلارێدا بەرێت، ئەو لەکلیپەکانییدا سووکایەتی بەجەستەی ئافرەتەوە ناکاتو وەک کاڵایەک لێی ناروانێت بۆ ماکیاژکردنی گۆرانییەکانی.
کێ ھەیە لەئێمە تا ئێستا کلیپێکی ئەوی لەیەکێک لەکەناڵە ئاسمانییەکانەوە بەرچاو کەوتبێ، ئایا لەبەر ئەوەیە سیناریۆی کلیپەکانی لەگەڵ کولتووری کوردا ناگونجێت، ئایا ئەو کەسانەی کاری ئامادەکردنی موزیکەکانی بۆ دەکەن، کەسانی ناشارەزاو کەم ئەزموونن، ئایا ھۆنراوەی گۆرانییەکانی لەزمانی دیکەوە وەرگێردراونو بەناوی خۆیەوە بڵاوی دەکاتەوە، ئایا دەنگو رەنگی ئەو، شایستەی پەخشکردن نییە لەکەناڵە ئاسمانییەکانەوە؟، ئێستا بابێن یەک بەیەک وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە، ھۆنراوەکانی ئەو زۆر سادەو مانادارنو گوزارشت لەئێشو ئازارەکانی گەنج دەکاتو دەرمانێکە بۆ دڵە بریندارەکەیان،لەرووی دەنگیشەوە خاوەنی تۆنێکی زۆر تایبەتەو لەکاتی گوێگرتن لەگۆرانییەکانی ھەست بەگەرانەوە دەکەی بۆ رابردوو، ئەوانەی کاری ئامادە کردنو دابەشی موزیکەکانی بۆ دەکەن، کەسانی زۆر دیارو شارەزان لەو بوارەدا، کلیپەکانی زۆر جواننو زۆربەی لۆکەیشنەکانیش نێو سروشتەو دەرھێنەرەکانیش گەنجە دەسترەنگەینەکانی کوردن، جگە لەوەی تا ئێستا لەکۆی پێنج کلیپی ئەو کەمن بینوومن، دووانیان رەگەزی بەرامبەری تێدایەو بەجوانترین شێوەش ئەکتەرە کچەکان بەرجەستەی خۆشەویستییەکی پاک دەکەن بۆ بەرامبەر، نەک دانسو خۆ رووتکردنەوە، ئەوەی من ھەستی پێدەکەمو خوێندنەوەم بۆ کردووە، ئەو جوانی ھەڵسوکەوتکردنە لەکلیپەکانییدا، رەنگدانەوەی ژیانی رۆژانەیەتیو ئاوێنەیە بۆ کەسایەتی جوانی ئەو، ئالان لەکلیپەکانییدا جلو بەرگی سادە دەپۆشیت، لەتەواوی کلیپەکانییدا بەیەک شێوەو رووخسار دەرکەوتووە، بەرھەمەکانی تەواو بۆنو بەرامی کوردی لێدێ، ئایا کەسێک ئەم ھەموو خاڵە ئەرێنییەی تێدا بێت، شایەنی ئەوە نییە گرنگی پێبدرێت.
ئایا لەکەناڵە ھونەرییە کوردییەکانەوە ئەو گۆرانییانەی بڵاو دەکرێنەوە، ھەموویان لەوانەی ئالان پرۆفێشناڵترن، رۆژانە لە کەناڵی کۆرەکەوە ھەرچی کلیپی کرچو کاڵ ھەیە پەخشدەکرێت، لەڤین تیڤییەوە کلیپی عەرەبیو تورکی دەخرێتە بەرچاوی تاکی کورد، ئایا ھەموو ئەمانە لەکلیپەکانی ئەو جوانترن، یاخوود نەبوونی لیژنەیەکی پسپۆرە لەو کەناڵە ھونەریانەدا بۆ جیاکردنەوەی باشو خراپ لەیەکتری، بەڵام رەنگە ھەبوونی یوتیوبو فەیسبووک، بتووانێت کەمێک لەکاریگەری ئەو پشتگوێ خستنەی کەناڵەکانی راگەیاندن بەرامبەر ئەو کەم بکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەی ئێستا کورد، خاوەنی لەشکرێک لەرۆژنامەنووسو دەزگای راگەیاندنە بەھەموو جۆرەکانییەوە(بینراو، بیستراو، خوێندراو، ماڵپەری ئەلیکترۆنی)، بەڵام تا ئێستا چ کام لەمانە، بەدواداچوونی بۆ کارەکانی ئەو کردووەو ھەوڵیداوە لەھیواو ئاواتەکانی تێبگات، یاخوود بزانێت گرفتەکانی چین، ئەوەی ھەیە تەنھا ھەواڵی تازەترین کلیپەیەتی، بەبروای من ئەوە بەس نییە، بۆ کەسێک کەھەڵگری پەیامێکی مەزنە.
بەڵاًم لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا پێوستە ئەو کۆڵ نەداتو لەکارەکانی بەردەوام بێت، ھەروەھا سوود لەھەڵەکانی گۆرانبێژەکانی دیکە وەربگرێت بۆ بەررژەوەندی خۆی، ھەوڵبدات لەوانی دیکە نەچێتو نەکەوێتە داوی زۆریو بۆرییەوە، چونکە ئەوەی ئێستا ھەستی پێدەکرێت، کەمێک پەلە دەکات لەکلیپکردنو بڵاوکردنەوەی، بەبروای من ئەوە خاڵی لاوازی ئەوە، راوێژکردن بەکەسانی پسپۆرو شارەزا، لەبوارەکانی موزیک و ھۆنراوە، خاڵێکی دیکە کەپێویبستە لەبەرچاویان بگرێت، جگەلەوەی حاکیبوون و خۆ بەکمزانی، دوو خاڵن نابێت لەبیریان بکات، چونکە ئەگەر ھونەرمەند خۆی بە گەورە زانی، ئەوەسەرەتای شکستییەتی. ھەروەھا دەخوازم جگە لەکاری ھونەری پەنا بۆ شتی دیکە نەبات، وەک سیاسەتو بزنس، چونکە بروای چاودێران ئەو دوو خاڵە بوونە ھۆی ئەوەی زەکەریا ئەو ئاستەی پێشتری نەمێنێت، بەڵکو لەسەرخۆیو پەلە نەکردن ئەو بە ئامانجەکانی دەگەیەنێتو دەیکاتە زەکەریایەکی تر.
بۆکان ھیوا