ڕێباز مەحمود
٢٠١١ هۆڵەندا
ببورن کە دەڵێم:
کەس دڵی بە بەرز کردنەوەی کۆشکەکانی خۆی خۆش نەبێ !
ئاخر زەمین لە زەمەندا دەخولێتەوە ،
زۆر بە قایمی دەخولێتەوە !
لە هەوری کات دەبارێم ،
دڵۆپ بە دڵۆپی نیانیم و قەترە بەقەترەی هەڵەشەیم
دەریای من دەخەنە جووڵە …
تا لە مندا وێنە نەگری و
هەموو ڕەنگەکان دەرنەچن …
نازانی چەند باشە
کە ناتوانین تا ئەبەد بمینینەوە و
تەنیا و تەنیا موسافیرین !
چیتر چنگت مەگرەوە ..
ژیان هەمیشە قەڵبەزەی چرکەیە ،
ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا تەرمی ساتەکانە !
ئەفسوس تەنکاوێک بوونی نیە ،
لە ڕوباری سەفەریبونتەوە ؛
بتپەڕینێتەوە بۆ ئەوبەری ڕاوەستان …
بۆ ئەوبەری ڕامان !
ماسکەکانت فڕێدەو
چیتر خۆت دامەپۆشە ،
تازە ڕەهێڵەی زەمەن قەت خۆش ناکاتەوە …
تا دێ بارانی کات زیاتر بەخوڕ دەبارێ و
تا بێ ئێمە ناچارین ،
توندتر خۆمان بنوسینین بە یەکترەوە !
دەزویەکی باریکە ،
زەنگیانەی ئەو هەموو خەونەی پێ دەهۆنینەوە…
باوکم لە گیرفانی ڕۆحیا زەنگیانەی چرکەیەکی تری نەدۆزیەوە
گەردانەی ملی باخەکانی پچڕان!
هەزاران دەنکە بەرسیلە،
ڕژانە ناو ڕەزی تاسەی من و
بەرپێی جێمان …
تاڵێکە لە موو باریکتر ،
عیشق موروە ڕەنگاڵەیەکانی خۆی پێ دەهۆنێتەوە
نەفرەت تەرمی جوانیەکان ..
هاکا پچڕا و
هەموی ڕژایە ناو باوەشی نەمان !
بۆیە بە چڵە بەرز و نزمەکانی فڕینەوە ،
مەحاڵە چێکردنی هێلانە …
ئەوەی بێچوەکانیش ناچار دەکات هەر بە زویی بفڕن ،
نە ترسە و
نە ویستە و
نە حەز ..
بەڵکو شاڵاوی چرکەکانە !