ئاکۆ عارف : یانەى هەولێر یارى کۆتاى جامى یەکێتى یانەکانى ئاسیاى دۆڕاند و یانەى سلێمانى یش شکستى سێ یەمى لە خولى بژاردەى یانەکانى عێراقدا نۆشى ، ئەمە بۆ ئێستا دوو کاریگەر ترین رووداوى وەرزشى تایبەت بە هەرێمى کوردستان بوو ،دۆراندنى یانەى هەولێر بە یانەى کوێت ى کوێتى لەوەدا تراژیدیا ئامێز بوو کە یارى کۆتاى
جامەکەبوو و یارییەکەش لە نێو هاندەران و یاریگاى هەولێر بوو و هەروەک ئەنجامى یارییەکە( 0 _ 4 ) لەبەرژەوەندى یانەى کوێت ى کوێت ى بۆ هەولێر دۆراندنێکى جەرگبڕە ، بۆیانەى سلێمانى یش تیپێک وەک پاڵەوانى خولى نایاب بلیتى گەیشتن بە خول ى بژاردەى بریبێت و بەکۆمەڵێک بۆندى نوێ و خەرجکردنى پارەیەکى زۆرەوە سێ یارى سێ هەفتەى سەرەتاى خولەکە بدۆرێنێت سەربارى هەرشتێک بۆ لەمەبەدوا و بەتایبەت بۆ هەفتە نزیکەکانى رکابەرییەکان هیچ جۆرە بەهانە یەک جا بەهانەى دروستیشبن یان پاساوى کاتى نامێنێتەوە ، ئەمە بەلەبەرچاوگرتنى ئەو واقع ەى کە جگە لە یارى بەرامبەر بە یانەى دهۆک هێشتا یانەى سلێمانى رووبەرووى یانە گەورەو بەهێزەکان نەبۆتەوە .
لە دۆراندنى هەردوو یانەى سلێمانى و هەولێردا بەلەبەرچاوگرتنى ئەوەى شێوازى رکابەرى و ئاست و ناوى یانە کانیشیان جیاوازییان زۆر زۆرە و رەنگە خاڵى هاوبەش و لەیەکچونى تیا دا شک نەبەین ، بەڵام درک بەوەدەکەین کە کۆمەڵێک هۆکار لە دۆراندنیانداهەیەو گەرچى هۆکارەکانیش لاوازبن رەنگە هەوادارێک یش هەستى پێبکات ، بەڵام بۆ یانەى هەولێر کەشى لەبار و حاڵەتى پێویست هەبوو تاسەرکەوتنى مێژووى تۆماربکات ، بۆ یانەى سلێمانى یش پێم وابێت چیتر کار لە بەهانەدا نەماوە و ئیتر وەختى تاکتیک و پلان ى راهێنەر و گەمەى راستەقینە و هەڵڕشتنى هەگبەى توانا ى ئاستى یاریزانانە و ئەگەر بەهانەیەکیش مابێت ئیتر کاتى ئەوەیە راهێنەر و یاریزانانى تیپەکە ئەو بەهانەیەش کاڵ کاڵ کەنەوە .
یانەى هەولێر بەهەر هۆکارو پاڵپشتیەک بێت پلە بە پلە و قۆناغ بە قۆناغ و ساڵ دواى ساڵ گەیشتۆتە بەوەى ئەمڕۆ لەسەر ئاستى ئاسیادا رکابەرى لەسەر یەکەمى و دووەمى بکات ، ئەگەر ئاورێک لەم چەندساڵە نزیکەش بدەینەوە دەبینین ئەم تیپە ساڵ دواى ساڵ هەنگاوى گەورەى ناوە و بە لەبەرچاوگرتنى ئاستى یانەکەش لە ساڵانى رابردوودا رەنگە بگەینە ئەو باوەرەى کە پێدەچێت لە ساڵانى ئایندەدا ئەگەر بەم هێز و گڕوتین و پاڵپشتیکردنەوە بمێنەوە قەرەبووى ئەو دۆراندنە گەورەیان بکەنەوە ، بەڵام بۆ یانەى سلێمانى هێشتا تارادەیەکى زۆر دۆخەکە جیاوازترە و ئەگەر یانەى سلێمانى دۆخى شکست یان حاڵەتى دۆراندنى یەک لەدواى یەکى سێ هەفتەى سەرەتاى خولەکە بۆ بردنەوە پێچەوانەکاتەوە ئەوا لەیەک کاردانەەدا ئەو دەرفەتە لەکیس دەچێت کە ئەمرۆ بە ئامانجى سەرکەوتنى گەورەو خزمەتى زیاتر و هەمووشتێک لە پێناوى تۆپى پێ ى شارەکەدا هاتۆتەپێشەوە و لەلاى زۆرینەمان گەڵاڵەبووە ، واتە دەتوانین بڵێین ئەمساڵ بۆ یانەى سلێمانى وەرزێک ى چارەنوس سازە .
بەندە لە ووتارى پێشوومدا کە لە سایتەکانى ئینەرنێت دا بڵاومکردەوە باسم لەشکست کرد کاتێک بەرۆکمان دەگرێت ، باسم لە دۆراندن کرد کە لە دەرگاى هەموو تیپێک دەدات بە تیپە گەورە و بەناوبانگەکانیشەوە ، لێرەدا جارێکیتر ناچمەوە سەر هەمان پرس و ئەو باسە ، بەڵام لە حاڵەتێکى دۆراندنى وەک ئەوەى یانەى هەولێردا بەرامبەر یانەى کوێت ى کوێت ى لەیارى کۆتایى جامى ئاسیادا و لە سەروەختى سێ دۆراندنى یەک لە دواى یەکى یانەى سلێمانى لە خولى بژاردەى یانەکانى عێراق دا مرۆف رەنگە دووچارى جۆرێک لە هستریا بێت ، چونکە هەردوو حاڵەتەکە لە هەردوو قۆناغى یارییەکاندا و دۆراندن و شکستى لە جۆرە زۆر زۆر بەگران و بەزحمەت بەرۆکى تیپەکان دەگرێت و لەبەرامبەریشدا لاى هاندەران زۆر بەگران و بەزەحمەت چاوپۆشى لێدەکرێت و رەنگە ئاسەوارێکى خراپ یش لە دڵ و هزرى جەماوەرى وەرزشیدا بەجێبهێڵێت ، ئێمە ئێستا باشتر لەسحرى تۆپى پێ تێدەگەین درک بەوەش دەکەین کە دۆراندن و شکست دەتواندرێت خاڵێکى ترى دەستپێک بێَت بۆ دۆزینەوەى ریگاکان ى سەرکەوتن ، هەروەک دەبێت بۆ هەمیشە لەبیرى ئەوەشدابین هەمان ووێستگە گەر بەناچاریش بێت خاڵى وەستان نەبێت و لەوەش گرنگتر نەبێتە خاڵى گەڕانەوە بۆ دواوە .