ئێوارەى رۆژی یەکشەممە 20/12/2009 بە ئامادەبوونى چەندین دەزگاى راگەیاندن گروپی میوزیکى نالى دووەمین ئەلبومى تایبەتى خۆیان بەناوى “زەرگوڵ” راگەیاند. ئەو ئەلبوومەى گروپی نالى 9 تراک لەخۆ دەگرێ کە بریتین لە: ( کولباى ئیحزان، دوا هەناسە، بۆ باوکم، بەى وەدا، چارۆگەکەى ئایشەگوڵ، بارانە، وەشەم گەرەکانى، جێتناهێڵم، زەرگوڵ)، کە ئەو بەرهەمانە لەلایەن هەریەک لە (ئاراس کۆیی، رێبین جەمال، زانا ئەنوەر، سۆران عەبدولخالق، هۆگر عەزیز) ئامادەکراوە و بەدەست و پەنجەى ئەندامانى گروپی میوزیکى نالى تۆمارکراوە.
هەروەکو لە پێناسی گروپەکەدا هاتووە گروپی میوزیکى نالى لە 6/3/1998 دامەزراوە و تا ئێستا 27 کۆنسێرتى ئەنجامداوە و لە ساڵی 2006یش یەکەم ئەلبوومى خۆیان بەناوى “گوڵەکانى پرچی حەبیبە” بڵاوکردەوە. دوو تراک لەو ئەلبوومەى گروپی نالى کلیپ کراوە، ئەوانیش بەرهەمێکى رێبین جەمال و سۆران عەبدولخالق” بە شێوازێکى زۆر مۆدێرن کلیپ کراوە. بەشی زۆری تراکەکانى ئەو بەرهەمە بریتین لە بەرهەمى فۆلکلۆری و هەروەکو ئەندامانى گروپی میوزیکى نالى رایانگەیاند وێڕاى ئەو شاڵاوەى کە بۆ تەعریب کردنى هونەرى کوردى هەیە، ئەوان دەیانەوێ وەک دەنگێکى زیندوو بەرگری لە فۆلکۆری کوردى بکەن و بەهەمووان بڵێن ئەوە مۆسیقاى کوردییە کە تام و چێژی زیاترەو دەمێنێتەوە، ئێمە دەمانەوێ بەرهەمێکى هەست بزوێن پێشکەش بکەین، نەک بەرهەمێکى هەوەس بزوێنى کاتىز