حەمەسوار عەزیز : ھەرچەندە مێژووی کاری شانۆیی لە کوردستان لە سەدەیەک نزیک دەبێتەوە، بەڵام بە بینینی من سەرەتای ئەکادیمی شانۆی کوردی بۆ کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، لەو کاتەوە شانۆ لە باوەشی قوتابخانەکان و سەکۆی ماڵەکان گوازرایەوە بۆ نێو ھۆڵەکانی شانۆو ھەر لەو کاتەش نمایشە شانۆییەکان سەربەستی خۆیان بەدەست ھێنا و لە بۆنەو ئاھەنگەکان دەرباز بوون کە تیاییدا جگە لە شانۆ موزیک و ھەڵپەڕکێ پێشکەش دەکرا.
ئەگەر سەیرێکی شانۆییە نمایشکراوەکانی ئەو سەردەمەش بکەین دەبینین شانۆی کۆمیدی بڕێکی بەرچاوی لەو نمایشانە بەرکەوتووە، لەوەش زیاتر زۆرێک لەو کارە باشانەی کە ئەو کاتە پێشکەشکراون و سەرکەوتنی ھونەری و جەماوەرییان بەدەست ھێناوە شانۆی کۆمیدی بوون، رەنگە شانۆگەرییەکانی (جەنابی موفەتیش، لانەوازان، مارەیی، پیسکەی تەڕ پیر، خولەی چەخماخە،…) نمونەی نمایشە سەرکەوتووەکانی ئەو ساڵانەی شانۆی کوردی بوون.
بەڵام دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول و دەسپێکرنەوەی شۆڕشی نوێ لە کوردستان، شانۆش ھەماھەنگ لەگەڵ ئەو پێشھاتە تازەیە ڕۆلی کاریگەری خۆی بینی و بارگاوی کرا بە گوتارێکی سیاسی و نەتەوەیی کە ھێزی بەرەنگاربوونەوەو ڕووبەرووبوونەوەی بە خەڵک دەبەخشی، ئەمەش وایکرد شانۆ بەرگی جییددیەت بپۆشێت و خۆی لە نمایشی کۆمیدی بپارێزێت، بۆیە ھەشتاکان تاک و تەرا، لێرەو لەوێ نمایشی کۆمیدی بە دەگمەن پێشکەش دەکرا، رەنگە لەو کاتەشدا ھەندێک لە نمایشەکانی مۆلێر بە مەبەست پێشکەش کرا بێت.
لەدوای ڕاپەڕین شانۆی کوردی چووە قۆناغێکی جیاوازەوە، وەک درێژەپێدەری ئەو ڕەوتە ئەزموونگەرییەی کە لە ناوەڕاستی ھەشتاکان ھاتە کایەوە، کاری شانۆیی بەرەو ئەو ستایلە ھەنگاوی ھەڵگرت و زۆرینەی دەرھێنەرانی ئەو کاتە کە گەنج بوون لە شێوازە شانۆییەکانی کلاسیکی و ریالیزمی و رۆمانسی دوورکەوتنەوەو ڕەوتە تازەکانی ئەبسۆردو توندوتیژی ئارتۆو شانۆی ھەژاری گرۆتۆفسکی زۆر بەزەقی لە نمایشە شانۆییەکانی کوردستان بەدیار کەوتن.
کارکردن لەو ڕەوتە تازانەی شانۆ بێئەوەی دیدگایەکی دیاریکراوی تایبەت بە خۆت ھەبێت ، وایکرد شانۆی کوردی تووشی گێژەنەو سەرلێشێواوییەکی گەورە ببێت، نەوەکو بینەر شانۆکارەکانیش خۆیان نەیاندەزانی چییان لە شانۆ گەرەکەو بۆ بەوشیوەیە کار دەکەن، چونکە زۆرینەی کارەکان لە لاساییکردنەوەیەکی سەقەت و شێواو زیاتر نەبوون، ئەوەش لە ژێر کاریگەری و لاساییکردنەوەی چەند شانۆکارێکی عێراقی کە ئەو ئەزموونەیان لە ئەوروپا وەرگرتبوو، لەو کاتەی لەوێ شانۆیان خوێند بوو.
ئەمە وایکرد ڕەگەزێکی گرنگ لە نمایشە شانۆییە کوردییەکان پەراوێز بخرێت، ئەویش چێژ بینینی بینەرە لە نمایشەکان، ئیتر بینەر کە لە ھەر نمایشێک دەھاتە دەرەوە تووشی وەڕسبوونێکی گەورە دەبوو، تا وای لێھات زۆرینەی ئەوانەی بینەری شانۆ بوون لە شانۆ دوورکەوتنەوە تەنھا ئەوانە مانەوە کە شانۆکارن، یا ھەندێکی تر کە وەک ئەتەکێت ئامادەبوونیان لە نمایشە شانۆییەکان بە بەشێک لە کەسایەتی کەڵتووری خۆیان دەزانن.
ئا لەو کاتەدا قەیرانی نەبوونی بینەر لە شانۆی کوردی سەریھەڵدا و لە ھەزارەی سێیەمیش بە ھۆی بەردەوامبوونی سیستمی کارکردنی پێشوو، ئەم قەیرانە درێژەی ھەبوو، لەبەر ئەوەی شانۆی کوردی تا ئاستێکی زۆر تاریک ڕەشبین بوو بە داھاتوو، ئەمەش وایکرد زۆرێک لە بینەرانی تووشی کەئابەو نەخۆشی دەروونی بکات، ڕێک ئەو قسەیەی ئارتۆ لە نمایشەکان ڕەنگیدایەوە کە دەڵێت “بینەر کە دەچێتە نمایشی شانۆیی وەک ئەوە وایە کە بچێتە ژووری نەشتەرگەری”.
لەم بۆشاییەدا چەند ساڵێکە تیپێکی شانۆیی لە کوردستان ھەوڵدەدات ئەو ڕەوشە بقۆزێتەوە نمایشێک بۆ بینەر پێشکەش بکات کە لێوانلێو بێت لە چێژ و خۆشی و پێکەنین، نمایشێک کە وا لە بینەر بکات لەو دوو سەعاتەی کە لە نمایشەکەیە خۆی بیر بچێتەوە و پێبکەنێت و تۆزیک ماسولکە گرژەکانی خاو بکاتەوە، ئەم تیپەش تیپی “ڕەنگالەیە”.
شانۆگەری (سەردان) کە یانزەمین نمایشی تیپی ڕەنگاڵە بوو بۆ دوو مانگ دەچێت پێشکەش دەکرێت و ڕۆژانە زیاتر لە (٣٠٠) بینەر بە پلیت ئەم نمایشە دەبینن، لەم چەند رۆژەی ڕابردوو من و چەند ھاوڕێیەک پاش ئەوەی لە ڕێگەی ھونەرمەند (ماھیر حەسەن) ەوە بە واسیتە چەند پلیتێکمان دەسکەوت ، توانیم لەو نمایشە ئامادەبم، رۆژی دواتریش دیسانەوە بە واسیتە لەڕێگەی ھونەرمەند (ئەحمەد رەووف) چەند پلیتێکی نمایشی (دەرمانەکەی ڕەحیم) مان دەسکەوت، کە گروپی ھونەرمەندانی بە ئەزموون پێشکەشی دەکەن، وابزانم ئەو نمایشەش بە ھەمان شێوەی نمایشەکەی سەردان لە دوو مانگ نزیکدەبیتەوەو ھەردوو نمایشەکەش لە شاری سلێمانی نمایش دەکرێت، وا چاوەڕواندەکرێت نمایشەکان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر بەردەوام بن و بینەریان ھەبیت.
من لەپێشتردا لە چەند وتارێک قسەم لەسەر ئەم شێوازە نمایشە کردووە کە بە بینینی من درێژکراوەی نمایشە بازرگانییەکانی وڵاتانی عەرەبییە، بۆیە زۆرینەی ئەو نمایشانە لە تێکستی نووسەرانی عەرەبی ئامادەکرێت و بە کوردی دەکرێن.
لێرەدا جیاواز لە وتارەکانی ترم دەمەوێت لەسەر زەرورەتی بوونی ئەم جۆرە نمایشانە قسە بکەم.
خاڵی بە ھێزی شانۆی بازرگانی ئەوەیە کە پشت بە خۆی دەبەستێت و داھاتی زۆر باشیشی ھەیە، ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگ و جەوھەرییە چونکە ئاشکرایە ھیچ ھونەرێک ناتوانێت پێشبکەوێت ئەگەر نەتوانێت پشت بە داھاتی خۆی ببەستێت، واتە ئەو ھونەرانەی کە پشت بە لایەنیکی دەرەکی دەبەستن ھەمیشە پەرێشان و سەرگەردانن، باشترین نمونەش شانۆی کوردییە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە پشت بە حکومەت دەبەستێت لە دابینکردنی بوودجە، ئەمەش وایکردووە کە شانۆکار لە خەمی ئەوە نەبێت ئاخۆ بینەری دەبێت یان نابێت، چونکە لە بنەڕەتەوە پشت بە داھاتی کارەکەی نابەستێت، ئەمەش لاوازترین خاڵە لە شانۆی کوردی کە پێگەی ئەم ھونەرەی زۆر لاواز کردووەو ھەمیشە وەک پاشکۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بەردەوامبوونیشی بەندە بە بڕیاری کەسانێک کە تێگەیشتنیان بۆ شانۆ نییە.
لایەنی ئیجابی تری شانۆی بازرگانی ئەوەیە کە سیمای شار جوانتر و مۆدێرنتر دەکات، بە ھۆی جەنجاڵی و قەرەبالغی شار، ھەمیشە ئەو شوێنانە بە زەروور دەزانرێن کە دەتوانن گرژی و ناڕەحەتییەکانی خەڵکی شار بەتاڵبکەنەوە، بۆیە شانۆ بە ھەردوو ڕووەکەی بازرگانی و جیددی زەرورەتێکی شاری مۆدێرنە و دەبێ تیاییدا ھەبێت، بۆیە بە بینینی من بوونی تیپی ڕەنگاڵە لە شاری سلێمانی و دوای ئەویش گروپی ھونەرمەندانی بەئەزموون ، سیمایەکی شارستانیانەی جوانتری بە شاری سلێمانی بەخشیوە ، کە وایکردووە ئەم شارە لە ھەموو شارەکانی تری کوردستان جیاواز بێت، بەوەی کە شانۆییەکی ھەیە کە بینەر بتوانێت کاتی تیادا بەسەر ببات و چێژ وەربگرێت.
بێگومان ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئێمە ھەموو تیپ و گرووپە شانۆییەکان ھانبدەین کە کاری شانۆیی کۆمیدی یا بازرگانی بکەن، چونکە لە شاردا چۆن پێویستیمان بە شانۆی بازرگانی ھەیە، بە ھەمان شێوە پێویستیمان بە شانۆی کۆمیدی ئامانجدارو شانۆی کلاسیکی و ریالیزمی و رۆمانسی و داستانی و ئەزموونگەری ھەیە، کاتێ لە شارێکدا لە یەک کاتتدا لە چەندین ھۆڵ ئەو ھەموو جۆرە نمایشەمان ھەبوو، ئەو کاتە دەتوانین ئیدیعای ئەوە بکەین کە ئێمە شانۆمان ھەیە، ئەو کاتەش حکومەت دەتونێت وەک ئەزموونی کارکردنی تازە پشتیوانی شانۆی ئەزموونگەری بکات ، بەڵام پێویست دەکات شانۆکانی تر بتوانن بینەر بۆ خۆیان دروست بکەن و داھاتیان ھەبێت، ئەو کاتە حکومەت دەتوانێت لە لایەنی ژێرخان و وەبەرھێنان ھاوکارییان بکات.
بۆیە من دژی ھەموو ئەو بۆچوونانەم کە ئەو نمایشانە بەشێوەیەکی نەشیاو وەسف دەکەن، بە پێچەوانەوە من پێموایە دەبێ ھەموومان پشتیوانی لەو جۆرە نمایشانە بکەین و ھەوڵبدەین ئەو ئەزموونە لە شارەکانی تری کوردستانیش پەرەی پێبدرێت و شانۆش لەو دیگا تاریکە ڕزگار بکەین کە پێیوایە دەبێ شانۆ ئەوەندە جیددی بێت و پێکەنین تیاییدا قەدەغە بێت.