چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی: زیلان یەکێکە لەخاتوونە گۆرانیبێژەکانی کوردستانی باکوور، نۆ ساڵە بەردەوام سەردانی کوردستان دەکات، وەکو خۆی دەڵێت ماوەی نۆ ساڵە دێم و دەچم، بەڵام ئەگەر کوردستان ئیقامەی بداتێ لێرە دەمێنێتەوە، زیلان ساڵی ١٩٧٩ لە شارۆچکەی ئادیەمەن لەدایکبووە و ئێستا خاوەن نۆ ئەلبوومی بڵاوکراوەیە، لەکاتی ئەنجامدانی ئاھەنگێک لەشارۆچکەی عەنکاوە (سڤیل) ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجامدا.
لەمنداڵیەوە زیلان حەزی کردووە بێتە کوردستان، بەڵام کاتێک گەورەبوو دەستی بەگۆرانیگوتن کرد ئینجا ھیوایەتەکەی ھاتەدی، دەڵێت “نۆ ساڵ لەڕێگای کوردستان و تورکیا دام، دێم و دەچم، ھەتا ئیقامە وەردەگرم”. زیلان لەبەر دوو شت نەینوانیووە بە یەکجاری لەکوردستان بمێنێتەوە “یەکەم شت لەبەرئەوەی دایک و برام لەتورکیان، دووەم شت ئیقامەی کوردستانم نییە، ئەگەر کوردستان ئیقامەم بداتێ بەیەکجاری دەمێنمەوە”.
یەکەم گۆرانی زیلان بەناوی “شەمامێ” بوو، کە ٢١ ساڵ پێش ئێستا دەستی بەگۆرانیگوتن کرد، ئەوکات تەمەنی ئەو ١٢ ساڵ بوو، ئێستا ٩ ئەلبوومی ھەیە و بەنیازە ئەلبوومی ١٠ بڵاوبکاتەوە، یەک گۆرانی بەشێوەزاری سۆرانی گوتووە و سێ گۆرانیشی بەزمانی تورکی گوتووە، یەکێک لەم گۆرانیانە لەگەڵ ھونەرمەندی تورک (دلبەر) پێکەوە گوتوویانە، دەڵێ حەزدەکەم چەند گۆرانییەکی دیکە بە شێوەزاری سۆرانی تۆمار بکەم، بەڵام لەبەرئەوەی زۆرتر لەزاخۆ و دھۆک بوویمە، نەمتوانی ئەوە بکەم، ھەروەھا زیلان دەڵێت “پێم خۆشە ئەگەر ھونەرمەندێکی دەنگخۆشی ئێرە بناسم پێکەوە گۆرانییەکی سۆرانی بکەین”.
زۆربەی گۆرانییەکانی زیلان فۆلکلۆرن، بۆ گۆرانییە نوێیەکانیشی خۆی شیعر و ئاوازەکان دادەنێت، بۆیە رەخنەی لەو قسەیەی ھونەرمەند شەریف قەیران گرت، کاتێک گوتبووی لە تورکی ٥مین کەسم لەنووسینی شیعردا، زیلان گوتی “شاعیری زۆر گەورە لەتورکیا ھەیە، بەھەزاران شیعریان نوسیووە، شاعیری زۆر باشن، شەریف قەیران بەبەراورد لەگەڵ ئەوان ھیچ نییە، نەدەبوو ئەو قسەیە بکات، شەریف قەیران گۆرانیبێژێکی چاکە، بەڵام شاعیرێکی گەورە و پلە و پایەی نییە”. زیلان ئەوەشی راگەیاند، لەئێستادا کە لەکوردستانە خەریکی تۆمارکردنی گۆرانییەکی نوێیە بەناوی “بابێ مەزن بارزانی”. کە پێشتریش ئەم گۆرانییە گوتراوە. لەبەرئەوەی ئەو حەزی لەگۆرانی گوتنە بەسەر کوردستان و پێشمەرکە گوتی “ھەموو ھونەرمەندانی کوردستان خەریکی گۆرانی ئەڤینین، لەسەر چاوی رەش و برۆی رەش گۆرانی دەڵێن، بەڵام من حەزدەکەم گۆرانی لەسەر نیشتیمان و پێشمەرگە و کوردستان بڵێم”.
زیلان تاوەکو سێی ناوەندی خوێندووە، بەڵام لەبەر گۆرانیگوتن وازی لەخوێندنەکەی ھێنا و دەڵێ “خوێندن و گۆرانیگوتن زۆر قورس بوو، گۆرانیگوتنەکەم ھەڵبژارد”. ئێستا ئەو لەگەڵ مێردەکەی دەژی، حەزی زۆری لەمنداڵە، بەڵام منداڵیان نابێ و گوتی “ئینشاڵڵا خوا دەیدات”.
ئەو دەستخۆشی لەھونەرمەندانی کوردستان دەکات و پێی وایە گۆرانی کوردی لەکوردستان زۆر پێشکەوتووە، کە رۆژانە کلیپ و گۆرانی زۆر باش بەرھەمدێت، زیلان ئەوەش دەڵێت “نۆ ساڵ پێش ئێستا کە ھاتم کوردستان وەکو گوند بوو، بەڵام ئێستا بووەتە ناوەندی ھونەر و بازرگانی لەھەموو عێراقدا، دەستی کاک نێچیرڤان بارزانی خۆش بێت کوردستانی خۆشکرد، خزمەتێکی زۆری ھەولێری کردووە”.
زیلان پەشیمانە لەکەناڵی RTR٦ دەرکەوتووە، ئاشکراشیکرد داوایان لێکرد بەرنامەیەک بەناوی “زیلان شۆ” پێکەش بکات، بەڵام ئەو لەبەر قسەی خەڵکی کوردستانی باکور رەتی کردۆتەوە، وەک خۆی دەڵێت “لەیەکەم رۆژی پەخشکردنی کەناڵی TRT٦ کە تێست بوو من، تێیدا دەرکەوتم، من ھیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەو کەناڵە نییە، بەڵام دواتر زانیم کە ھەموو کوردەکانی باکوور ئەم کەناڵەیان بەدڵ نییە و پێیان وایە ئەو کەناڵە خزمەت بەکورد ناکات و ھی حکومەتی تورکیایە، منیش لەبەر ئەو خەڵکە ناتوانم قبوڵی ئەو کەناڵە بکەم و نامەوێت لەوێدا دەرکەوم، ھەتا داوایان لێکردم بەرنامەیەک پێشکەش بکەم بەناوی “زیلان شۆ”، لەگەڵ ئەوەشدا پارەیەکی زۆریان دامێ، بەڵام نەمتوانی قبووڵی بکەم”. دوای ئەوەی زیلان لە کەناڵی TRT٦ دەرکەوت لە رۆژ تیڤی داوای لێبوردنی لەخەڵک و ھەوادارانی خۆم کرد.
“١٤٠ ھونەرمەندی گەورەی تورکیا دەناسم و ھاوڕێی نزیکی منن، لەگەڵ زۆربەیان کۆنسێرت و ئاھەنگم کردووە”. ئەوە قسەی زیلانە، ھەروەھا گوتیشی “یەکێک لەوانە ھونەرمەند جەیلان ھاوڕێمە، لای من گوتی من کوردم و لەئورفا لەدایکبوویمە، زۆر ھونەرمەندی تریش ھەن کە بە ئەسڵ کوردن”.