كارۆخ مەلائەسعەد : میوزیكژەن (زیرەك ژێدار) كە بۆ ماوەی 10 ساڵە لە كوردستان دوور كەوتووەتەوە و دوور بووە لە چاوی میدیا كوردییەكان، ئێستا بۆ چەند پڕۆژەیەكی هونەری گەڕاوەتەوە كوردستان و ڕۆژنامەی “هەولێر”ـیش بەپێویستی زانی بەسەری بكاتەوە و، بزانێت ئاخۆ لە غوربەت تا چەند توانیویەتی لە كارەكانی بەردەوام بێت؟ ئەو گوتی: “ 2002 ڕووم كردە وڵاتی بەریتانیا و هەر لە یەك ساڵدا گروپێێكی میوزیكم دامەزراند، پاشان ئەو گروپە بوو بە ڕێكخراوێكی هونەریی كوردی بەناو ( ڕێكخراوی هونەری دەهۆڵ)، دواتر لە یەكەم پڕۆژەیشدا وەكو ڕێكخراوێكی هونەری، فێستیڤاڵێكی هونەرییان وەك میوزیك و شانۆ و شێوەكاری بەڕێوە برد بە ناوی (لە بۆنی سێو)ـدا، ئەوەیش بۆ ناساندنی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە. هاوكات هەر لەو فێستیڤاڵەدا تەواوی ئەو زوڵم و كارەسەتانەی بەسەر كورددا هاتووە خستماننە ڕوو.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (زیرەك ژێدار) دەڵێت: “وەكو مامۆستایەكی میوزیك و كولتوور لە قوتابخانەكانی بەریتانیا كارم كردووە و، دوو گرووپی نێو نەتەوەییشم دامەزراندووە بە ناوی (ڤیلگ وێل و قەرەج)، كە ئەو گرووپانەیش لە چەند ژەنیاری هیندی و ئەفریقی، و بۆڵقان پێك هاتوون.”
گوتیشی: “ئەو كارانەیش لە پێناو زیاتر بە جیهانیكردن و تێكهەڵكێشكردنی میوزیكی كوردی و میوزیك و ستایلی جیاواز بووە.”
(زیرەك) وەكو خۆی ئاماژەی بۆ دەكات، لەگەڵ چەند گرووپێكی میوزیكی نێونەتەوەیی وەك میووزیكژەنێكی كورد بە ئامێری كەمانچە و دەف بەشدار بووە و، ئێستایش بووە بە ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی بەریتانیا.
(ژێدار) مزگێنی دەدات بە كوردە هونەردۆستەكان، كە بۆ چەند پڕۆژەیەكی هونەری گەڕاوەتەوە كوردستان و سەرقاڵی دامەزراندی سەنتەرێكی هونەری و كولتووریی نێو نەتەوەییە.
لە هەمان كاتیشدا ئامادەسازی دەكات بۆ هێنانی هەردوو گرووپی (ڤێڵگ وێل و خەرەج) بۆ ئەوەی لە كوردستان چەند كۆنسێرتێك لە شار و شارۆچكەكاندا بەڕێوە بەرن.