لە پرۆگرامی ھونەریی (شەوی کوردسات) کە یەکێکە لە پرۆگرامە بەناو بانگەکانی کەناڵی ئاسمانی کوردسات، تیادا میوانداری ھەریەک لە ھونەرمەند (بڵند عەبدوڵڵا)ـو ھەروەھا شاعیری ناودار (سەرکەوت رەسوڵ) کرد.
لەو پرۆگرامەدا ئاماژە بۆ چەند لایەنێک دەربارەی شیعری گۆرانی کرا، بەتایبەتی شاعیر (سەرکەوت رەسوڵ) ئاماژەی بۆ چەند لایەنێک لە شیعری ئەمڕۆی گۆرانی کرد، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد : لە ئێستادا شیعری گۆرانی زۆر دووبارە بوونەوەی پێوە دیارەو بابەتی باشی تێدا بەدی ناکرێت، بۆیە ھەمیشە گوێمان لە گۆرانی دووبارە دەبێتەوە، ئەوەشیان ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ھونەرمەندانی گۆرانیبێژی رۆشنیبیریان کەمە، ئەوانەی کە رۆشنبیرن کە لە ھونەری گۆرانی و قیمەتی شیعری گۆرانی تێگەیشتوون، چەند ھونەرمەندێکن لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناکەن، ھەر ئەوەشە وایکردووە، گۆرانی باشمان زۆر کەمەو لە ئێستاشدا خەریکە گۆرانی کوردیی بەرەو لێکچوون و دووبارە بوونەوەو لێکچوون دەچێت، چونکە لە ئێستادا کۆمەڵێک ئاوازی کۆپی کراوی وڵاتانی درواسێ بەسەرمان ساغ کراوەتەوەو ھیچی تر”.
ھەر لەبەشێکی دیکەی ئەو پرۆگرامەدا ئاماژە بۆ تێکستی گۆرانی کوردیی کرا، کە تائێستا گۆرانیبێژانی کورد نەیتوانیووە ھەنگاوێکی ئاوا بھاوێژن، زەمی خۆشیان بکەن، تەنیا گلەیی لە رەگەزی بەرامبەرەکەیان دەکەن واتە لە ئافرەتان و کچان، بەڵام ھونەرمەند (بڵند عەبدوڵڵا) و گوتی : ھونەرمەند و مامۆستا (زیاد ئەسعەد) تێکستی لەو جۆرەی بۆ یەکەم جارە لە کورد، بۆ گۆرانی کوردی نووسی گۆرانییەکی بۆ من نووی بەناوی (گیانە من بووم یەکەم جار روو عەشقت بەگریەو زار) کە لەم تێکستەدا (زیاد ئەسعەد) سەرکۆنەو گلەیی لە کوڕێک دەکات، کە نەیتوانیووە دڵی دولبەرەکەی رابگرێت و بێوەفا بووە، ھەروەھا پێش کەشکاری بەرنامەکەش (سۆران ئیبراھیم خەیات) گوتی : بەڵی ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) یەکەم کەس بوو کاری لەو جۆرەی کرد و ھەنگاوی زۆر باشی ھاویشتووە، دیارە ئەو گۆرانیانەی داویەتی بە ھونەرمەندان و بۆ خۆشی لە یەکێک لە گۆرانییەکانی بە شێوەی مەقام دەڵێت (گیانە بەو جۆرەی کە پێویست بوو قەدری عەشقی تۆم نەزانی) گوتووە، ھەروەھا چەندیین تێکستی لەو جۆرەی نووسیوە، منیش لە نزیکەوە لە (زیاد)ـم بینووە کاری بۆ ئەو بابەتە کردووە”.
ھەروەھا شاعیر (سەرکەوت رەسول)ـیش لەمبارەیەوە ئەوەی پشت راست کردەوە، کە ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) کاری باشی بۆ ئەو کارە کردووەو ھەروەھا ھونەرمەند (عەدنان کەریم) بەم دوایە لە یەکێک لە گۆرانییەکانی ھەنگاوێکی لەو شێوەی ھاوێشتووە، بۆیە پێویستە ئەو ھەنگاوانە زۆربن بۆ ئەوەی گۆرانی کوردیی لەو قاڵبە سواوە بێتە دەرەوە”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا شاعیر سەرکەوت رەسوڵ ئەوەشی راگەیاند : “زۆر لەو تێکستانەی کە من نووسیومن بۆ گۆرانیبێژان ئێستاکە نامەوێ گوێم لێان بێتەوە، ھەروەھا لەمەودواش تێکستی گۆرانی نانوسم، چونکە ھەموو گۆرانیبێژێک مافی بە تێکستەکانم نەداوە”.
تایبەت چرا تیڤی