ماوەیەک پێش ئێستا لە ڕێگەی ڕۆژنامەنووسێکی هونەرییەوە ئەوەم بە گوێدا درا، کە ماوەیەکە کۆمپانیای (jk entertainment) لەگەڵ گەورەهونەرمەندی کورد (زیاد ئەسعەد) لە گەنگەشەدایە بەو مەبەستەوەی بۆ سازاندنی کۆنسێرت و دیدەنیی هونەری، بیگەڕێنێتەوە کوردستان. لەو ڕۆژەوە بەو هیوایەم هەواڵی تازەتر لەو ڕووەوە ببیستم و گوێم لەوە بێت بڵێن هاکا ئەو بابەتە گەییشتە کۆتایی و ئەو گەورەهونەروانەی کورد، کە نزیک بە 18 ساڵێکە لە بۆنی خاکەکەیەوە دوورە، دەگەڕێتەوە ماڵە باوان. هەرچەندە کەمێک هیوام هەیە کە ئەوە ڕاست بێت، بەڵام دەرگەی ناڕاستی و دوودڵیم لە هاتنەوەی زیاد بەسەر خۆمدا، دانەخستووە.
(زیاد ئەسعەد)ـی هونەرمەند، زۆر لەوە گەورەتر و ناودارترە کە (ئەز)ـێکی بێئەزموون لە بارەیەوە بە گۆ بێم، ئاخر کە وتوومە (شاهونەرمەند) وشەیەکی دیکەم نەدۆزیوەتەوە کە لەو (پلەیە) گەورەتر بێت، دەنا زیاد نەک شاهونەرمەندی بواریی مووزیک و گۆرانیی کوردە، بەڵکوو ئەگەر چەند بارودۆخێک نەبوونایە، ئێستا وەکوو یەکێک لە (هونەرزان)ـە هەرە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەکە سەرنج دەدرا، نەک لە وڵاتێکی نامۆ بۆ ئەو، چەق ببەستێت و جگە لە خۆی و خوا و چەند کەسێکی کەم، کەسی دیکە هەواڵی نەزانێت.
ئاخر نەهاتنەوەی زیاد ئەسعەد لەو ماوە درێژەدا، گەلێک لێکدانەوە و لێوردبوونەوەی دەوێت، بۆچی دەبێت (نەتەوەیەک) لە بینینی باشترین هونەرمەندی ئەم سەردەمەی خۆی، بێبەش بێت و هەر ئاخی بۆ هەڵبکێشێت؟
بەندە لەوە دڵنیایە کە ئەگەر (زیاد) کورد نەبووایە و هاووڵاتی هەر نەتەوەیەکی دیکە بووایە، ئێستا لە باڵاترین جێگەدا دەبوو، نەک بەو شێوەیە پاشگوێ بخرێت و کەس بە لایدا نەچێت، تووخوا ئەو کاراکتەرە بێوێنەیە، هیی ئەوەیە ئاوها وە لاوە بنرێت یان لە زێڕ بگیرێت.
زۆر جار باس لە قوتابخانەی هونەری و وەرزشی و … هتد دەکرێت. کورد ئەگەر کەسێکی هەبێت و بووبێتە (قوتابخانە) بۆ پێگەیاندنی هونەرمەندەکانی دیکە، ئەوا زیاد ئەسعەد نەک هەر قوتابخانەیەکی ئاساییە، بەڵکوو (قوتابخانەی نموونەیی)ـیە، چونکە ئەوەندەی تەنیا من زانیبێتم لەم چەند ساڵەی دووایدا زۆرترین هونەرمەند لەسەر دەستی ئەو پێ شگەییشتوون، ئاخر ئەوەی ویستوویەتی بە (گۆرانی)ـیەک دەرکەوێت و بناسرێت، هانای بۆ هونەرەکەی زیاد بردووە، چی لە ڕووی هۆنراوە، یان ئاوازی گۆرانییەکەوە، مەبەستیشم نییە ناویان بخەمە ڕوو، چونکە ئەوانە ئێستا کەسی دیارن و پێیان دەوترێن دەرچووانی قوتابخانەی (زیاد ئەسعەد). ئەگەریش زیاد نەرۆِییشتم و مافی خۆی بدەمێ، دەڵێم زیاد ئەسعەد، بۆ هونەرمەندان هەم باخچەی ساوایان و قوتابخانەی سەرەتایی و ئامادەیی و تەنانەت زانکۆیشە، ئەوەیشی دەرچووی ئەو رێڕەوە بێت، بێگومان هیچ کات باری لار نابێت.
گوێگرتن و تێڕامان لە گۆرانییە کۆن و تازەکانی زیاد ئەسعەد، چاوگەی ئارامبەخشی و ئاسوودەیین، بە داخەوە من کەسێک نیم شارەزاییم لە دەنگ و چۆنیەتیی ئاواز و شیکردنەوەی هۆنراوەدا هەبێت، دەنا دەمزانی چۆن شرۆڤە بۆ ئەو لایەنانە دەکەم کە لە گۆرانییەکانی ئەودا بوونیان هەیە، زیاد تەنیا هونەرمەند نییە، بەڵکوو هونەرناسیشە، ئاخر هونەرمەندی، زۆر لە هونەرناسی جیاوازە. زۆربەی ئەوانەی هونەرکارن (نەک هەموویان)، تەنیا بۆ ئارەزووە و هیچی دیکە نا، بەڵام زیاد ئەسعەد دەمێکە لە نێو ناخی هونەردا هاتوچۆ دەکات و نەک هەر بە باشی دەیناسێت، بەڵکوو لە مێژە خۆشەویستیشیەتی، ئەگەر هەڵەیش نەبم ژیانی هاوسەرگیری هەر لەگەڵ (هونەر)ـدا پێک هێناوە، مەگەر ئەوە نییە کە ئێستا تەنیا خۆی و هونەر پێکەوە دەژین؟
لە ماوەکانی ڕابردوو، لە گۆڤاری “هۆنیا”ـدا وێنەیەکی زیاد ئەسعەدم بینی، کە ئەوەی تۆزەویژدانێکی هەبێت و هەستی مرۆڤایەتی و هونەریی هەبێت، بە بینینی ئەو وێنەیە لە ناخەوە دەهەژێت. دەبوو لایەنی پێوەستدار (کە من نازانم کێیە) کارێکی وەهای بۆ ئەو هونەرمەندە کردبا، کە بە هەر شێوەیەک دەرکەوتایە، بەو ڕەنگە نەمانبینیایە. ئێمە گەلێک بەڵگەمان بە دەستەوەن و ئێستایش وە بەر چاوانمانەوەن، کە ئەوانەی بە دوای (زانست)ـدا دەگەڕێن، جا لە هەر بوارێکدا بێت، هەمیشە لە ڕووی داراییەوە کێماسییان هەیە، ئاخر ئەگەر هیچ بەڵگەیەک بۆ زانستناسبوونی زیاد نەبێت، خراپبوونی لە ڕووی دارایی و هەوڵنەدان بۆ چنگکەوتنی پارە و سامان، هێمای ئاشکران و ڕاستی هونەرویستیی زیاد دەسەلمێنێت.
هەندێک کەس، کە خۆشییان بە (زیاد ئەسعەد) نایەت، لە هەندێ کۆڕ و باسگەدا ئەوە وە بەر گوێی هاوڕێکان، یان ئامادەبووانی کۆڕەکە دەدەن، کە بەشێکی زۆری گۆرانییەکانی زیاد ئاوازەکانیان فارسین، یان لە فارسییەوە وەرگیراون و وشەکانیشیان فارسین، ئەو فەقیرحاڵانە وا دەزانن (مەفا) وەرگرتن لە ئاوازی فارسی، زادەی کەموکوڕیی زیادە، کەچی نازانن زۆربەی ئەو وشانەی خۆیشیان ڕۆژانە بە کاری دەهێنن، لە نێوان هەردوو زمانی کوردی و فارسیدا هاوبەشن لەوانە (ئامۆژگاری و پاڵەوان، ئاگاداری، قارەمان و ….هتد).
ئەو هەژارانەی وەها دەڵێن، نازانن کە نزیکترین زمان لە زمانی کوردییەوە، زمانی فارسییە، کەواتە لە ڕووەکانی دیکەیشەوە نزیکترین لە ئێمەوە هەر فارسییە، جا لە ڕووی مووزیک و گۆرانییەوە بێت، یان کولتوور و بوارەکانی دیکەوە، کە وایە (زیاد ئەسعەد) کارێکی هەڵەی نەکردووە کە گۆرانییە فارسییەکانی کردووەتە چاوگەی بەشێک لە گۆرانییەکانی خۆی، ئاخر تۆی گۆرانیخواز وەرە گوێ لەو گۆرانییانەی زیاد بگرە کە ئاوازەکانیان لە فارسییەوە نزیکن یان لە گۆرانییەکی فارسییەوە وەرگیراون، بزانە هەست دەکەیت کە ئەوە مووزیک، یان ئاوازێکی بیانی و نامۆیە بە کولتووری ئێمە؟ بێ گومان نەخێر، بەڵام بە گوێگرتن لە یەکەم چرکەی مووزیک و میلۆدیی ئەو گۆرانییانەی بە ناوی (تازەگەری)ـیەوە دەرخواردمان دەدەن، هەست دەکەین کە گۆرانیبێژەکە (عەرەبویست)ـێکی کوردیبێژە یان کوردێکی (ئاوازعەرەبی)ـیە.
زیاد، کەسێک نییە هاتبێت و چریکەی ئاوازی ڕەسەنی عەرەبی و نازانم کوێی، بە گوێی نەوەی ئەم وڵاتەدا بدات و بە داهێنانیشی بزانێت، ئەگەر بەرزڕاگرتن و زیندووکردنەوەی کولتووری عەرەبی لە نێو گۆرانیی کوردیدا بە لای ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن داهێنان بێت، ئەی خودایە دەبێت چی شتێک داهێنان نەبێت؟
زیاد، زیاد لە 17 ساڵە لە خاکەکەیە و خەڵکەکەیەوە دوورە، وەلێ ئێستایش ئەگەر بڕوانیتە گوێگرانی گۆرانیی کوردی، گوێی زۆربەیان ئارەزوویان لە ڕادێران بۆ گۆرانیی ئەو هونەرکارەی کورد هەیە، واتە دابڕان نەک ڕۆڵی لە کەمکردنەوەی گوێگر و هەوادارانی زیاد ئەسعەددا نەبووە، بەڵکوو ئەوانی زیاتر بۆ گوێگرتن لە گۆرانییەکانی پەرۆشدارتر کردووە.
زۆر کەس، وای دەخەنە ڕوو، کە زیاد بەو هۆکارەوە ناگەڕێتەوە کوردستان کە کێشەی کۆمەڵایەتی هەیە، یان هەندێک کەس دەیانەوێت بە گوتنی ئەو قسانە، لە هونەرەکەی زیاد کەم بکەنەوە. پێش هەر شت من نە پارێزەری زیاد ئەسعەدم، نە هیچ، بەڵکوو وەکوو (کەسێک کە کەمێک ئارەزووی هونەریم هەیە) ئەوە دەخەمە بەر دیدە، دەڵێم گریمان زیاد کێشەی کۆمەڵایەتی هەبوو، یان ناخۆشی لەگەڵ کەسێکدا هەبوو، یان لە ڕابردوودا هەر ڕووداوێکی دیکەی تووش بووە، ئایا ئەوە کەی بۆ هونەردۆستان کێشەیە؟ ئایا دەکرێت تۆ باسی هونەرەکەی لەگەڵ خۆیدا تێکەڵ بکەیت؟ بە لای ئێوەوە ئەوە گەورەترین بێویژدانی نییە هونەر لە شتی دیکەی تایبەتی ژیانی هەر کەسێک جیا نەکەیتەوە؟ ئەوانەی ئەو کارە دەکەن و ئەو قسانە دەکەن، خۆیشیان دەزانن کە لە گوتنی ئەو قسانەدا (ئەگەر ڕاستیش بێت) مەبەستدارن، مەبەستەکەیش ڕووشاندنی کەسایەتیی زیاد ئەسعەدە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەیشیدا کە وتم، هەموو گوێگر و ئارەزوومەندانی دەنگە زێڕئاساکەی زیاد، هەقی خۆیانە کە گلەییەکی زۆر لەو هونەرمەندە بکەن، ئاخر زیاد تەنیا موڵکی خۆی نییە تا بۆ تەنیا جارێکیش خۆی بەو نەتەوەیە نیشان نەدات، بەڵکوو ئەو (وەک هونەرمەند) مووڵکی هەر تاکێکی کوردە، کە وایە من ئەو مافە بە زیاد ئەسعەد نادەم کە هەقی خۆی بێت بەو شێوەیە بێدەنگ بێت.
ئەو دەبوو بە شێوەی فەرمی و لە زاری خۆیەوە هۆکاری بێدەنگی و دیارنەمانی (شێوە)ـی بخاتە ڕوو، نەک هەر جارە و کەسێک قسەیەکی لەسەر بکات و هەمووانیش بە (نیوە گومان و نیوە ڕاستی)ـیەوە لەو قسانە بڕوانین.
لێرەدا من جگە لە پەنجەدرێژکردن بۆ بابەتێکی پێویست، هیچ شتێکی دیکەم بە ئامانج نەگرتووە، داوای لێبوردنیش لەو کەسانە دەکەم، کە هەستیان کردبێت لەم نووسینەمدا کەمێک ڕووی زاری (بە گلەییم) لەوان بووە. مەبەستی سەرەکییشم ئەوەیە، لەم کاتەدا کە هونەری گۆرانیمان لە (پەلەڤاژەی مەرگ)ـدایە، باشترین کەس و قوتابخانەیەک کە بتوانێت ببێتە فریادڕەسی ئەم بارودۆخە، هەر زیاد ئەسعەدە.
مامەیارە ئەحمەد
Mamayara_ahmed@yahoo.com