لە چەند رۆژی رابردوودا تەلفزیۆنێکی لۆکاڵی ئەھلی بە ناوی (سەما) دەستی بە پەخشکردن کرد، ئەو تەلفزیۆنە پەخشەکەی لە قۆناغی ئێستادا سەرجەم شاری ھەولێر و دەوروبەری دەبێت.
لە لێدوانێکی تایبەدا بۆ رۆژنامەی ھەولێر خاوەنی تەلەفزیۆنی (سەما) (ئیبراھیم رێکانی) گوتی : “کردنەوەی تەلەفزیۆنێکی لەو شێوەیە بە پێویستم زانی، چونکە لە ئێستادا کەناڵی تەلفزیۆنی لە شاری ھەولێر ژمارەیان زۆرە بەڵام ھەستم کرد لە رووی جۆر و ناوەرۆکەوە ھێشتا ماوە بینەر پێویستی بە بابەتی تازەتر و باشتر ھەیە”.
خاوەنی تەلەفزیۆنی (سەما) گوتیشی : “ماوەی چەند رۆژێکە دەستمان کردووە بە پەخشێکی سەرەتایی، بەڵام لە چەند رۆژی داھاتوودا دەچینە پەخشی ئەزموونی (TESiT)، دەست دەکەین بە ئامادەسازی بۆ چەند پرۆگرامێکی تازە، ئینجا دوای ماوەیەکی دیکە دەست دەکەین بە پەخشی ئاسایی تەلەفزیۆنی (سەما)”.
دەربارەی ناوەرۆکی تەلفزیۆنەکە (ئیبراھیم رێکانی) گوتیشی : “ناوەرۆکی ئەو تەلفزیۆنە زیاتر پەیوەست دەبێت بە بایەخ دان بە لایەنی ئابووری شێوازی پێشخستن و ھاندانی چۆنیەتی ئابووری ناسی و ئابووری سازی، بۆ ئەوە مەبەستە پرۆگرامی تایبەت و چاکمان لە بەرنامەدایە پێش کەشی بینەرانی بکەین، جگە لەوەش بایەخ دەدەین بە (وەرزش و ھونەر) چەند لایەنێکی دیکە، ھەروەھا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکەم، تەلەفزیۆنی (سەما) وەک تەلفزیۆنێکی ئەھلی و سەربەخۆ کار دەکات”.
(رێکانی) لە بەشێکی دیکەی قەسەکانی دا گوتیشی : “ھەوڵێکی باشمان داوە، بە شێوازێکی زۆر چاک و مۆدێرن کار بۆ پرۆگرامەکانمان بکەین و بینەران ئاشنای بەرنامەی چاک بکەین، ھیوادارین کەناڵێکی تازە بین لە ماڵەکانی شاری ھەولێر و سەرجەم ئەو شارۆچکەو شارە دێیانەی پەخشی کەناڵەکەمان دەبینن”.
لە کۆتایی دا (ئیبراھیم رێکانی) گوتی : “لە ئێستادا دەستەیەک لە کارمەندانی شارەزا لە بواری tv لە تەلەفزیۆنی (سەما) دەست بەکارن، رۆژانە خەریکی ئامادەکارین بۆ پرۆگرام و بابەتی تەلەفزیۆنی”.
لاپەرەی ھونەری