كارۆخ مەلائەسعەد:”گۆرانیبێژ (زۆیە) كە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانە و چەند ساڵێكە هاتووەتە نێو گۆڕەپانی هونەری كوردییەوە و، چەندین گۆرانی و كلیپی سەركەوتووانەی بەرهەم هێناوە ــ وەك شارەزایانی بواری هونەری دەڵێن ــ ئێستا بۆ یادەكانی ڕاپەرین و نەورۆز تەشریفی هێناوەتە باشوری كوردستان و خەریكە خۆی ئامادە دەكات بۆ سازكردنی چەند كۆنسێرتێك لە پایتەختی باشووری كوردستان.
(زۆیە) لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: “بۆیە هاتوومەتە باشووری كوردستان، بۆ ئەوەی كۆنسێرتێك ساز بكەم.
لەسەر داواكاریی وەزارەتی ڕۆشنبیری هاتووم و بە خۆشحاڵییەوە داواكەیانم قەبووڵ كرد، چونكە بۆ من و هەموو كوردێك ئەو یاد و جەژنانە زۆر گرنگن.”
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا گوتیشی:”لەم كۆنسێرتانەی كە بەڕێوەیان دەبەم، زیاتر گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان دەچڕم، چونكە من لە رادەبەدەر گۆرانییە رەسەنەكانم خۆش دەوێن.”
گوتیشی: “لە ماوەیەكی نزیكدا ئەلبوومێكی گۆرانی بڵاو دەكەمەوە، كە لەو ئەلبوومەمدا دوو گۆرانیم بە زاراوەی سۆرانی چڕیوە.”
ئەو زۆر حەزی لە دەنگی (عەزیز وەیسی) و (چۆپی فەتاح)ـە، هاوكات بیری لەوەش كردووەتەوە لە داهاتوودا لەگەڵ هونەرمەندێكی باشوور دووێت بكات.
لێمان پرسی ئاخۆ زەماوەندت كردووە؟ ئەو گوتی: “چەند ساڵێك دەبێت ژیانی هاوبەشم پێك هێناوە و دوو منداڵیشم هەیە.”
ئەو هونەرمەندە دڵخۆش بوو بەو خۆشگوزەرانی و ئاوەدانییەی لە كوردستاندا هەیە و پێی وایە كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بەردەوام لە نوێبوونەوە دایە، چونكە هەر جارێك كە دێت بۆ باشوور، گۆڕانكاری تازە بەدی دەكات.”