– بڕیاری گەڕانەوەم بۆ ناو (بەرنامەی بەرنامە) شتێکی مەحاڵە و من خۆم بڕیاڕمداوە بێمە دەرەوە، ئیتر بۆچی بگەڕێمەوە..؟؟!!
– تا ئێستا نزیکەی چوار کەناڵ پێیان گوتم، کە بچم بەرنامەیان بۆ ئامادە بکەم..!!!
– من پێم وایە (بەرنامەی بەرنامە) پێش (3) ساڵ ئەو هێز و توانا و مسداقیەتەی کە لەلای جەماوەر کە هەیبوو نەما و لەدەستی دا…!!
– زۆر هەوڵیان داوە و بەدوایان ناردووم بچمەوە بۆ ناو (بەرنامەی بەرنامە)، بەڵام بڕیاری من کۆتاییە و تازە لێی پەشیمان نابمەوە…!!
هونەرمەندی دیار و بەناوبانگی بواری شانۆ و درامای کوردیی (مستەفا ئەحمەد) ناسراو بە (وەستا عەلی)، کە ماوەی (10) ساڵ لە بەرنامەیەکی دیاری کەناڵی ئاسمانی (کوردسات) خەریکی کاری دەرهێنان و بەرجەستە کردنی یەکێک لە رۆڵە سەرکییەکان بوو، کە ئەویش (بەرنامەی بەرنامە) بوو، دیارە ئەو بەرنامەیە وەک بەرنامەیەک تەنز ئامێز و هەروەها لایەنی کۆمیدیاش بەشێکی ئەو بەرنامەیە پێکدەهێنێت، هونەرمەند (مستەفا ئەحمەد) کە رۆڵی سەرەکی بەرجەستە دەکرد، لە رێگەی کارئەکتەری (میستەر) ماوەیەکی زۆرە لەو بەرنامەیە لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی هاوڕێ ی دابڕاوە، دەربارەی هۆکاری دابڕان و گەڕانەوەی جارێکی تر بۆ نێو ئەو بەرنامەیە، هەروەها ئەو دابڕانەی لە کاری هونەریی و دوایین پرۆژەی هونەریی خۆی کە بەنیازی بێت لە داهاتوودا کاری بۆ بکات، لە میانەی دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی هەفتە نامەی “هونەری هەولێر” هاتە ئاخاوتن.
– ئەو ماوە زۆرەی لە (بەرنامەی بەرنامە) دابڕاوی بەنیازی ئەوە نیت جارێکی دیکە، بگەڕێتەوە بۆ ناو ئەو بەرنامەیە و کاری تێدا بکەیت..؟
مستەفا ئەحمەد : “بڕیاری گەڕانەوەم بۆ نێو (بەرنامەی بەرنامە) شتێکی مەحاڵە، من خۆم بڕیاڕمداوە بێمە دەرەوە، ئیتر بۆچی بگەڕێمەوە و یاخوود گەڕانەوەی من چی لە مەسەلەکان دەگۆڕێت..؟، کورد گوتنی پیاو دەبێ خاوەنی هەڵوێست و قسەی خۆی بێت، بەهەر حاڵ چیرۆکێکی نووسەری بەناوبانگ (عەزیز نهسین) هەیە دەڵێت (کابرایەک زۆر بێ ئیش و بێ کار دەبێت، زۆر برسی دەبێت و وەزعی خراپە، ئیتر برادەرێکی دەینرێت بۆلای کابرایەک پێ ی دەڵێت برۆ لەوێ کار بکە، ئەویش دەچێت سەیر دەکات کابرا دەوڵەمەندە، کە دەچێ ی بۆلای و پرسیارێکی لێدەکات و پێ ی دەڵێت بوتلێکی ئاو ئەو ژوورە تەڕ دەکات..؟ ئەویش دەڵێت نەخێر تەڕی ناکات، ئەویش دەڵێت ئەها ئەوە قسەی پیاوانەیە، ئیتر کابرای دەوڵەمەند ژنەکەی داوای هەرشتێکی لێدەکات، ئەویش یەکسەر کابرا بانگ دەکات و دیسانەوە پێ ی دەڵێت بوتڵێک ئاو ژوورێکی ئاوا تەڕ دەکات..؟ ئەویش دیسان دەڵێت تەڕی ناکات، بەهەمان شێوە مناڵەکانی داوای پێڵاو یاخوود جل و بەرگ دەکەنەوە بەهەمان شێوە پرسیار لەو کابرایە دەکات و هەمان پرسیاری لێدەکاتەوە، هەر پێ ی دەڵێت تەری دەکات..؟ ئەویش رۆژێکیان توڕە دەبێت دەڵێت ئەرێ وەڵاهی کەر پیاو تەری دەکات و ئەولا تریش، ئیتر دوای ئەوە کە واز دەهێنێت تووشی ئەو برادەرە دەبێتەوە کە ئەو کارەی بۆ دۆزیبۆوە، پێ ی دەڵێت ئەرێ تەری دەکات، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت، تا دوو ساڵی تر ئەبێ هەر بڵێم تەری ناکات، بۆ ئەوەی لە دڵم دەربچێت داخی ئەو تەڕ کردن و نەکردنە) منیش ئەڵێم ئەوەندە داخم خواردووە بەدەست ئەو بەرنامەیە، ئێستاکە ساڵێک و دوو مانگە لێی دوور کەوتومەتەوە، (10) ساڵ خەریکی بووم، پێویستم بە (20)ساڵی دیکە هەیە، تا ئەو ماندوو بوون و خەفەت و ئازار لە دڵمە دەر بچێت و بارو دۆخم بێتەوە جێگەی خۆی”.
– بەنیاز نیت یاخوود داوات لێنەکراوە، لە تەلفزیۆنێکی دیکە بەرنامەیەک دروست بکەیت و پێش کەش بکەیت…؟
مستەفا ئەحمەد : “تا ئێستا نزیکەی چوار کەناڵ پێیان گوتم، کە بچم بەرنامەیان بۆ ئامادە بکەم، بەڵام هەروەک گوتم جارێ دەمەوێ بحەسێمەوە و نامەوێ جارێ بچم لە هیچ کەناڵێک بەرنامە دروست بکەم، بۆ نموونە کەناڵی ئاسمانی زاگرۆس پێش چەند مانگێک داویان لێکردم بچم لە بەرنامەی من جیاوازم دابنیشم و بەڵی و نەخێر بکەم، بەڵام رەتم کردەوە و گوتم ناتوانم و جارێ تاقەتی هیچ تەلفزیۆنێکم نیە کاری تێدا بکەم، چونکە من ماوەی نزیکەی (20) خەریکی تەلفزیۆنەکانی کوردیی بووم، دەیان کاری هونەرییم بەلاوە نا بۆ تەلفزیۆن هەر لەبەرنامەی (کەشکۆڵ و بەرنامە بەرنامە) تا دەگاتە دەیان کورتە فلیم و کاری دیکەی هونەریی، کەچی پاداشتەکەم ئەوە بوو کە ئێستا خەڵک دەیبنێ و خۆشم دەیبینم بەچاوی خۆم”.
– ئەی ئێستاکە بە نیازی چ کارێکی هونەری بە ئەنجام بگەینی، یاخوود ناتەوێ لەدەرەوەی پرۆگرامی تەلفزیۆنیش کاری هونەریی ئەنجام بدەیت..؟
مستەفا ئەحمەد : “بە نیازم کاربکمەوە، ئەی بۆ نا..؟ من حەز دەکەم لەمەو دوا کار بکەم لە دەرەوەی تەلفزیۆنیش جموجۆڵم هەبێت، بۆ ئەو مەبەستە ئێستا خەریکم تیپی “شانۆی پێشرەوی شانۆی کوردی” زیندوو بکەمەوە، کە لەکاتی خۆیی دا ئاست و پێگەیەکی هونەریی گەورەی لە نێو بواری شانۆی کوردیی دا هەبێت، کە چەند بەرهەمێکی وەک (لانەوازان و خولە چەخماخە)ـی لێ هاتە بەرهەم، ئێستاکەش بەرهەمێکی شانۆیی کە لەساڵانی هەشتاکان هێنامانە بەرهەم، بەنیازم جارێکی دیکە کاری لەسەر بکەمەوە و بەهاوکاری چەند هونەرمەندێک پێش کەشی بکەینەوە، چونکە نەوەی ئەمڕۆ ئەو کارەیان نەبینیووە، پێم باشە دەستپێکی هاتنم بۆ نێو کارە هونەرییەکان، بەو کارە شانۆییە دەست پێ بکەمەوە، ئێستاکەش نزیکەی (17) ئەکتەری بواری شانۆم کۆکردۆتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەکانی ئەو تیپە رادەگەینمەوە”.
– ئەو شانۆگەرییە بەنیازی تەنها لە شاری سلێمانی نمایشی بکەیت…؟
مستەفا ئەحمەد : “من لەسەردەمی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان هەر کارێکی شانۆییمان بەرهەم بهێنابوایە، یەکسەر دەمان هێنا بۆ هەولێر، هەولێر و خەڵکەکەییم بە قەدەر شاری سلێمانی خۆشدەوێت، چونکە خەڵکی ئەو شارە زۆر دڵپاک بە ئەمەک و بەوەفان، رێزی هونەرمەند زۆر دەگرن، من ئەوەندەی خەڵکی هەولێر رێزی منیان گرتووە، من خۆم بەقەرزاری ئەو شارە و خەڵکەکەی دەزانم و سوپاسی هەموویان دەکەم و یادگاری جوانم لەگەڵ خەڵکی ئەو شارەدا هەیە، چونکە من بەچاوی خۆم بینیوومە رێز و خۆشەویستی ئەوان هەرگیز لەبیر ناکەم”.
– واتە بە گوێرەی قسەکانی تۆ داوات لێکراوە بگەڕێیتەوە…؟
مستەفا ئەحمەد : “زۆر هەوڵیان داوە و بەدوایان ناردووم، بەڵام بڕیاری من کۆتاییە و تازە لێی پەشیمان نابمەوە، من لە دوای کۆبوونەوەی ستافی (بەرنامەی بەرنامە) پێم گوتن، وێنەیەکی (عومەری خاوەر) هاڵواسرابوو لە ژوورەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا بە هەموویانم راگەیاند، کە ئەگەر عومەری خاوەر لەگەڵ ئەو مناڵە زیندوو بێتەوە بچێتە بەرنامەی بەرنامە من ناچمە ئەو ناو ئەو بەرنامەیەوە جارێکی تر”.
– هۆکاری سەرەکی رۆیشتنی تۆ، یاخوود رەنجاندنی تۆ لەو بەرنامەیەدا چی بوو ئەو بڕیارەتدا لە بەرامبەری..؟
مستەفا ئەحمەد : “کۆمەڵێک گرفتی زۆر زەق هەبوو، زۆر ئازاری پێدەگەیاندم، بەداخەوە کێشە و گرفتەکان رۆژ بەرۆژ کەڵەکەی کردبوو بەسەر یەکەوە، هەندێکیشیان وایان دەزانی ئەو گرفت و کێشانە بە پارە چارەسەر دەبێت، بەڵام نەخێر ئەو کێشانە پارە چارەسەری نەدەکرد، ئەکەرچی هەندێکیان مەبەستیان بوو پارە وەربگرن و پارە دەبێتە چارەسەر، بەڵام نەخێر من پێم وانەبوو، وەکو کۆمپیوتەرێک وابوو بەرنامەی بەرنامە ڤایرۆس لێی دابوو، پێویستی بە فۆرماتێکی زۆر باش هەبوو”.
– بەڵام دەنگ و گۆی ئەوە هەبوو، گوایە تۆ چوویتە ریزی بزوتنەوەی گۆڕان بۆیەش لە (بەرنامەی بەرنامە) نەماوی…؟
مستەفا ئەحمەد : “نەخێر پەیوەندی بەوە نیە، شتێک هەیە حەز ئەکەم لە رێگەی ئێوەو بە هەموو جەماوەر و بینەری خۆمی بڵێم، من لەکاتێکدا (بەرنامەی بەرنامە)ـم بەجێهشتووە، بابەتی بزوتنەوەی گۆڕان بەهیچ شێوەیەک لە ئارادا نەبووە، سەرەتا ئێمە هەموومان بەیەکەوە لە مانگی (11)ـی ساڵی (2008) بەرنامەکەمان وەساند و من لەو کاتەوە رۆیشتووم، ئەو رۆیشتنەی من پەیوەست نیە بە هیچ لایەنێکی سیاسی ئەوە تەنها ریکلامی لا بەلا بوو بۆمن هەڵدەبسترا، من هونەرمەندم خۆم بەموڵکی میلەتەکەی خۆم دەزانم، هەموو کارەکانیشم گەوهی ئەوەم بۆ دەدەن، منیش چۆن بیر دەکەمەوە و چۆن بڕیار دەدەم ئازادم، ئێستاکەش ئەوەتا لەماڵی خۆم دانیشتووم و خەڵک دەزانێ چیم و چی دەکەم”.
– ئێستاکە تۆ (بەرنامەی بەرنامە) چۆن دەبینی …؟
مستەفا ئەحمەد : “من پێم وایە (بەرنامەی بەرنامە) پێش (3) ساڵ ئەو هێز و توانا و مسداقیەتەی کە لەلای جەماوەر کە هەیبوو نەما و لەدەستی دا، چونکە من رۆژانە خەڵکم دەبینی و ئەو کاتە خۆشم لە ناو بەرنامەکەدا مابووم، ئەمزانی خەڵک چیان دەگوت و چۆن بەرنامەکەیان هەڵدەسنگاند و دەیان گوت بەرنەمەکەتان وەک جاران نەماوە، بۆیە من چەند جارێک پێم گوتن (بەرنامەی بەرنامە) تەمەنی تەواو بووە و خۆری ئاوابووە با بەم شێوەیە نەیکەین باشترە بەڵام بەداخەوە برادەران قەناعەتیان بەو قسەیەی من دەکرد”.
– دوای (50) ساڵ کارکردن لە نێو بواری هونەریی دا ئێستاکە چ ئومێدێکی دیکەت بنیات ناوە و بەنیازی پێش کەشی بکەیت، واتە روونتر دەمەوێ بڵێم ئەو توانایەت ماوە، کە لەمەو دوا لە رێگەی کاری شانۆیی یاخوود درامی یا کارێکی تەلفزیۆنی پێش کەشی جەماوەرەکەتی بکەیت…؟
مستەفا ئەحمەد : “تەمەن دەروات و هەناسە و ژیانی مرۆڤیش لە وێستگەیەک هەر دەوستێت و کۆتایی پێ بێت، من لە ساڵی (1959)ـەوە واتە لەسەردەمی فلیمی رەش و سپیەوە کارم کردووە، تا گەیشتە ئەوەی کورد ببێتە خاوەنی چەند کەناڵێکی ئاسمانی، خاوەنی نیو سەدە کار و بەرهەم و هەوڵدانم بۆ هونەری میلەتەکەم، لە هیچ کارێکی خۆم پەشیمان نیم کە بۆ هونەر کردوومە، هەردەم باوەڕێک و توانایەکی ئەوەندە بەهێزم بەخۆم هەیە، کە هەر کاتێک بمەوێ کار دەکەم و هەگبەی کاری هونەریی منیش لەوانەیە دەیان (لانەوازە و خولەی چەخماخەو خولە پیزە و کەشکۆڵ و بەرنامەی بەرنامەی) تێدا بێت و ئەگەر هەر رۆژێک بێمەوە مەیدانەکە دڵنیام مێژووی کارەکانم دەوەڵەمەند دەکەمەوە، هەموو کارەکانیشم بۆ خەمی کۆمەڵگا و چەواسان و کەلتور و فەرهەنگی وڵاتەکەی خۆم دەبێت”.
بیرۆگرافیای هونەرمەند
ناو : مستەفا ئەحمەد
ساڵی 1947 لە شارۆچکەی عەربەت لەدایک بووە
پلەی خوێندن دەرچووی ئامادەییە لە شاری سلێمانی
دەرچووی هیچ پەیمانگایەکی هونەریی نیە و وەک خۆی دەڵێت من هونەرمەندێکی خۆرسکم و هەڵقوڵاوی ناو ناخی میلەتەکەمم.
دەستپێکی کاری هونەری لەسەر تەختەی شانۆ بووە لە ساڵی (1959)
بەشداری نزیکەی (100) کاری شانۆیی و درامی و تەلفزیۆنی کردووە.
(6) ساڵ لە تەلفزیۆنی گەلی کوردستان کەناڵی سلێمانی بەرنامەی (کەشکۆڵی) ئامادە کردووە و رۆڵی کار ئەکتەری تێدا بینیووە.
(10) ساڵ لەگەڵ (بەرنامەی بەرنامە) رۆڵی بینیووە و کاری دەرهێنانی ئەنجام داوە.
فلیمە دیارە سینەمایەکان کە بەشداری (بەهشتێکی سووتاو، خولە پیزە، کڵۆڵەکان)
شانۆگەرییەکانی دوای راپەڕین کە بەشداریی کردووە، (گوڵ عومەر، وڵاتەکەم، ئاوایی بێکەسە، جەنابی وەزیر، بەرەو کەلاوە، ئێوارەیەک لە کۆچڕەودا)