وشیار ئەحمەد ئەسوەد : تا ئێستا چەند جارێک بەڕژدی لەبارەی هەڵکەوت زاهیر و کارە هونەرییەکانیەوە قسەم کردووە و نووسینم بڵاو کردووەتەوە، بێگومان ئەویش لە سۆنگەی ئەو هەندەک شارەزاییەی خۆمەوەیە کە بەساڵانێکی درێژی کارکردن لە گۆرانی و مەقام پەیدام کردووە و هاوکات پتر لە 25 ساڵە وەک نووسەری ئەو بوارە کار دەکەم، واتە بۆچوونەکانم بێ بنچینە نین، ئەوەی گوتووشمە لەبارەی هەڵکەوت و هەر کەسێکی ترەوە، هەوڵم داوە دروست ئەوانە بڵێم کە بڕوام پێیانە بێئەوەی بەلایەکدا هەڵزنێم..
لێرەشەوە لەبارەی ئەو چەند نووسینەی لەسەر هەڵکەوت زاهیر لە ماڵپەڕی چرادا بڵاو بووەتەوە، زۆر بەکورتی دەڵێم: پێموانییە هەڵکەوت ئەو شاخە بەرزە بێت کە زانا دزەیی باسی دەکات، بەڕاست ئەوەش نازانم بە چ پێوەرێک ئەو هەڵسەنگاندنەی بۆ کردووە، لە کاتێکدا بەلای منەوە زانا یەک لە ڕۆژنامەنووسە هونەرییە بوێرەکانە و کاری زۆر جوان و ڕژدی کردووە، جیا لەوەی زۆر لە بۆچوونەکانیشی لەبارەی هەڵکەوتەوە لەو نووسینەیدا پەسند دەکەم، بەڵام پیچموایە لە سەنگی خۆی گەورەتری داوەتێ.. هاوکات هەڵکەوت ئەوەش نییە کە قەڵەمەکانی تر لەبارەیەوە دواون، چونکە ئەو لە ڕیچکە هونەرییەکەی خۆیدا بێ دەستوپل نییە و خاوەنی کارگەلێکی بەبڕشتە، هاوکات بێخەوش نییە و دەکرێ بیخەینە بەر ڕەخنەی ڕژدەوە.
بۆیە جەخت دەکەمەوە، سەیرە هەڵکەوت لە بەشانوباڵ هەڵدانەکاندا ختووکەی بێت و لە ڕەخنە بێبنەماکانیشدا ڕۆبچێتە ناخی زەوییەوە، چونکە هیچ یەکێک لەو نووسینانە نەیانتوانیوە خزمەتی ڕژدی ئەو گەنجە بکەن.. بەکورتی و بەکوردی هەڵکەوتیش وەک هەر هونەرمەندێکی تر، هەتا ئەگەر داهێنەریش بێت، ناکەوێتە دەرەوەی ڕەخنەوە.