توانا تەھا: ھەموو ساڵێک لەم وەختەدا بیری ھەندێک کەس و لایەن دێتەوە، قسەبکەن و بنووسن و بەرنامە دابنێن بۆ یادکردنەوەی کارەساتی ئەنفال و کیمیابارانی خۆشناوەتی. لە ١٦ی ٤ ی ھەموو ساڵێکدا بەرپرس گەلێک ھەن ریز دەبەستن بۆ بەشداریکردن لە مەڕاسیمی یادکردنەوەی کیمیابارانی “بالیسان و شێخ وەسانان” دیمەنەکان پانتایەکی زۆری تیڤی و رۆژنامەو گۆڤارەکان دادەپۆشن، تەنانەت کەناڵەکانیش فریای نیشاندانی ناکەون.
سیاسیەکانمان لە ساڵیادەکاندا ھەر وتارو بەڵێنی گەورە دەدەن، ھەر لەخۆیانەوە وشە فێڕێ دەدەن، ھەر دروشمی گەوڕەو بێ ناوەڕۆک و دوور لە کردار دەبەخشنەوە، ھەرساڵەو رەنگێگ و بەرگێک بەبەر کیمیابارانی دەڤەری خۆشناوەتی زوڵم لێکراوی رابرودوو ئێستا دەکەن.! ھەر لەبەر ئەوەشە زامەکانی سەردەمی کیمیاباران ھەر وەکو خۆیەتی، چونکە ئەوەی دێت و بەڵێن دەدات و بەڵێنیش لەگەڵ رۆیشتنی ئەوان ون دەبێت.!
ھەموو ساڵێک کەس و کاری قوربانیان، دووپاتی دەکەنەوە کە ئەو بەڵێنانەی پێیاندراوە جێبەجێنەکراون، کەچی جارێکی کۆمەڵێک دەم و چاو دێن و بۆ خۆھەڵکێشان دونیایەکی بەڵێنی بریقەدار دەدەنەوە بەخەڵک. ئایا نەدەبوو کیمیابارانی خۆشناوەتی و ئەنفالی ئەم دەڤەرە، تەنیا بۆ یاکردنەوە نەبووایەو پێویست نەبوو بکرێتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی و نەتەوایەتی لە پێناو ئایندەیەکی باشتر؟ ئەوە لەکاتێکدا ئەگەر واتایەک یاخود نیشانەیەک بۆ سپێدەیەکی باشتر مابێتەوە!
زیاتر لە ١٥ ساڵە بەقەبارەیەکی باش کورد خۆی فەرمانڕەوای خۆی دەکات، کەچی نەی توانیوە کەمێک سارێژی برینەکانی ئەنفال و کیمیابارانی خۆشناوەتی بکات، ١٥ ساڵە پڕۆسەی بە حیزبی کردنی بۆ ھەموو شتێک خستۆتەگەڕ، ھەر لە جیاکاری بگرە بۆ قەرەبوو کردنەوەو یادکردنەوەو ئاوڕدانەوە لە خەڵک و ئاوادانکردنەوەی لادێکان و گرنگیدان بە کەس و کاری قوربانیان و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان، ھەر لەم چوار چێوەیەشدا ئەگەر ھەنگاوێک نرابێت ئەوەندە شەرمنانە و بچوک بووە ناچێتە ھیچ خانەیەکەوە کە بتوانرێت وەک زەمینەیەک بۆ ھەنگاوی گەورەتر لێی بڕوانرێت.
ئێمە ھەمیشە ئازار بەوەدەخۆین کیمیاباران و ئەنفال و ماڵوێرانکردن و کارەساتەکانی دیکەش لە بیری ھەموواندایە، بەردەوام ڕامان دەچڵەکێنن، ئازارمان دەدەن، دەمانگریێنن، ھەناسەمان سواردەکەن، تا ئەندازەیەکیش بیرکردنەوەکان لەو ڕابردووە تراژیدیە ئەوەندە قوڵە ئێستا و ئایندەشمان لەبیر دەباتەوە. بۆ سارێژکردنی زامەکانیش ئەم کارەساتانەش، نە کۆنتراکتی نەوت و راکێشانی لولەی نەوتیەکان و بازرگانی و یاسایی و نایاسایی و بەرزرکرنەوەی باڵەخانەکان و ھێنانی ئۆتۆمبێل و کردنەوەی مۆڵی تازەو بەحیزبی کردنی یادەکان و کڕینی وەلای مرۆڤەکان و چەک و دروستکردنی شەقامی پان و بەرین و کردنەوەی خواردنەگەو شتی دیکەش ھەرگیز نابنە سارێژکەری برینەکان.
ئێستا لە کوردستان لە دوو لاوە غەدرێکی زۆر لە خەڵکی خۆشناوەتی دەکرێت، لە لایەکەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی نەداوە لە سەر ئاستی ناوچەکە بەجددی کار بۆ ناساندنی دۆسیەی کیمیاباران و ئەنفال بکات، لە لایەکی دیکەشەوە لە نێو خۆی ھەرێمدا شتێکی وای بۆخەڵکەکە نەکردووە، نەبۆ ئەو دێھات وشوێنانەی کە بەر شاڵاوی ھێرشی نامرۆڤانەی رژێمی بەعس کەوتوونە. ئێمە تاھەنوکەش لەسەردەمی ئەنفالدا دەژین، گەر دەمانەوێت ئەنفال بەشێک بێت لە خەیاڵی مرۆڤی ئێمە، پێویستە ھەلومەرجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بخوڵقێنرێت کە لانیکەم خوشنودی و بەختەوەری و دادپەروەری بە مرۆڤەکانی ببەخشێت. تا ژیانی رۆحی ئەم کۆمەڵگەیە بونیادنەنێینەوە کە جەنگ و کوشتارو ناپاکی وێرانیکردووە، ئەستەمە بتوانین داوای لێبکەین ئەنفال بەشێک لە زاکیرەی پێکبھێنێت. ھەرچی جوانکردنی ئێستاو بەنرخکردنی ژیان و سەروەری و بەختەوەری، نەک پرسەی ساڵانەو یادی سیاسییانە، ئەو ستراتیژەیە کە دەبێ پەیڕەو بکرێت تاکو ئومێدمان بەڕۆژێک بێت کە بەڕاستی ئەنفال و کیمیباران ئەم کۆمەڵگەیە لەناوەوە دەجوڵێنێت.