“رەیحانە” لە مانگی رەمەزاندا نمایشدەکرێت
(لوقمان غەریب) : ” ھەڵبژاردنی ستایلێکی ئاوا لەدرامادا جورئەتێکی گەورەیە و ھونەریش پێویستی بە جورئەت وداھێنانە!!”
ھونەرمەندی دەرھێنەر (لوقمان غەریب) لە میانەی لێدوانێکی دا بۆ خوێنەرانی رۆژنامەی “ھەولێر” ئاماژەی بۆ دوایین کاری ھونەری خۆی کرد، کە بریتیە لە بەرھەم ھێنانی زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی لە ژێر ناوی (رەیحانە)، بە پێ لێدوانەکانی ئەو دەرھێنەرە درامای رەیحانە کارێکی تازەیە لە نێو مێژووی درامای کوردیی دا، بە تایبەتی لە رووی ناوەرۆک و سیناریۆ و کاری دەرھێنانەوە، ھەروەھا بە درێژترین درامای کوردی ھەژمار دەکات، کە ژمارەی ئەڵقەکانی لە (٣٧) ئەڵقە پێکدێت.
ھونەرمەند (لوقمان غەریب) سەرەتا دەربارەی کاری تەواو بوونی زنجیرە دراماکەی گوتی : “دوای ئەوەی ماوەی ساڵێک زیاتر خەریکی کاری وێنەگرتن و بەرھەم ھێنانی زنجیرە درامایەکی تازەی تەلەفزیۆنی بووین بەناوی “رەیحانە”، لە ئێستادا سەرەجەم کارەکانی تەواو بووە، بە تایبەتی مۆنتاژ کردنی، کە دوا قۆناغی کارەکانی بەرھەم ھێنانی ئەو زنجیرە درامایە بوو”.
دەربارەی نمایشی زنجیرە درامای (رەیحانە) لە رێگەی کەناڵی ئاسمانی کوردستانtv، کە پارساڵیش درامای (نامەکانی ئەشرەف) کە بەرھەمی ئەو دەرھێنەرە بوو، بەھەمان شێوە لەم کەناڵە پەخشکرا، ئایا چۆنە بەرھەمی ئەم جارەشیان ھەر لەلایەن ئەو کەناڵەوە پەخشدەکرێت؟، لەوەڵامدا (لوقمان غەریب) گوتی : “دیارە ھەماھەنگی ئێمە وەکو ناوەندی “گاڤ” لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی کوردستانTV لە سەر بنەمای کاری چاک و بەرھەمی چاکە، کوردستان تیڤی حەز بە بەرھەمی چاک و بە کوالێتی باش دەکات، ئەو درامایەی ئەم جارەشمان ھەر بەرھەمی ناوەندی “گاڤە” بۆ بەرھەم ھێنانی کاری ھونەری، بە پێ گرێبەستێک لە نێوان ئێمەو ئەواندا، زنجیرە درامای (رەیحانە) لەلایەن کەناڵی ئاسمانی کوردستانtvـیەوە نمایشدەکرێت، کە وابڕیارە لەیەکەم رۆژی مانگی رەمەزانداو رۆژانی دوایی دەست بکرێت بە نمایشکردنی”.
دەربارەی ژمارەی ئەو ئەکتەرانەی لەو زنجیرە درامایەدا بەشدارییان کردووە، دەرھێنەری درامای (رەیحانە) رایگەیاند : “لەو بەرھەمەی ئەمجارەمدا ژمارەیەکی زۆر لە ھونەرمەندانی خاوەن ئەزموون وبە ناوبانگ بەشدارییان کردووە، زۆربەی ھونەرمەندان و ئەکتەرانی تیپ وگروپە جۆراوجۆرەکان ئەم جارە لە بەرھەمێکی ئاوا ھونەرییدا کۆبوونەتەوە، کە ئەوانیش ھونەرمەندانی گەورەو خاوەن ئەزموون وبە توانان لەوانە (مستەفا ئەحمەد ، عومەرکەریم ئاغا، ئەحمەد جۆڵا ، سەڵاح باڵابەرز، غەفوور عەبدوڵڵا، عەبدوڵڵای تەمە، دلێرمستەفا، نەوزاد مەجید ، کەمال دڵشاد، زاھیرعەلی، مەریوان ئیبراھیم ،شێروان عیزەت، شاناز محەمەد، سەمیعە محەمەد، بان غازی ، لانە ئیبراھیم ، ڕێبوارئەمین ، کاوە قادر، جەزا حەمە سەعید ، فریاد خەلیل ، بەھادین ھەڵەبجەیی ، بەھادین نوری، نەزیرە عەلی ، مھاباد ڕانیەیی، تانیا عەبدوڵڵا، کامیل محەمەد، حەمە عەلی سورە قەڵاتی، حەسەن دڵسۆز، مۆفەق عارف لەھۆنی ، نەجم ھۆگر، جەمالی حەمە کۆڵ، بورھان غەفور، سەڵاحە ڕەش ، مژدە ئازاد)”.
دەربارەی بەشداربوونی چەند ئەکتەرێک بۆ یەکم جار لە دراما و دابڕانی چەند ئەکتەرێک لە کاری درامای و بەشدایکردنەوەیان جارێکی دیکە، (لوقمان) گوتی : “ھەردوو ھونەرمەندی ناسراو (کێسیا و میرحاج) کەماوەیەکی زۆر دوور و درێژە بەشداری ھیچ کارێکی ھونەرییان نەکردووە، لەگەڵ ئەوانەشدا ھەریەک لە ھونەرمەندان (شەم فواد) کچی ھونەرمەندی گەورەو ناسراو (فواد حەمەمین ئاغا) بۆ یەکەمجارە لەسەرشاشەی tv ڕۆڵی سەرەکی(ڕەیحانە) دەبینێ ھەروەھا ھونەرمەندی لاو (ھیوامستەفا) کوڕی ھونەرمەندی خاوەن ئەزموون وبەناوبانگ (مستەفا ئەحمەد) بۆیەکەمجار لەسەر شاشەی tv ڕۆڵی سەرەکی (حسەین) دەبینێ لەگەڵ چەندیین ئەکتەری ناسراوی پڕ ئەزموونی دیکە بەشدارن”.
سەبارەت بەشێوازو ستایل وجۆری دراماکەی لە رووی سینارست کاری دەرھێنانەوە، (لوقمان غەریب) گوتی : “ھەڵبژاردنی ستایلێکی ئاوا لەدرامادا جورئەتێکی گەورەیە و ھونەریش پێویستی بە جورئەت وداھێنانە. ئەم ستایلە لە دراما لۆکەیشن وجلوبەرگ وئێکسسوارو ڕوناکی و ھەموو پێکھاتەکانی دیکە، تایبەتمەندن و لە ڕۆژگارێکی ئاوادا قوڕسە دەست بۆ ئەم بەرھەمە ناوازانە بەریت، بەتایبەتی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاسەوار و مە عالیمی کۆنی شارەکان بەتایبەتی شاری سلێمانی ڕوو لە نەمان و لەناوچوونە، ھەر نەبێ لەکارێکی ھونەریی ئاوادا بە وێنە ھەندێ لەو شوێنە وارو خانوو کۆڵانانە بە تۆمارکراوی دەمێننەوە، جیا لەوانەش ناوەڕۆکی تێکستەکە چیرۆکێکی ڕۆمان ئامێزی کۆمەڵایەتی کۆنە کەدەیان دەلالات وبابەتی جۆراوجۆری لە خۆگرتوە لە خۆشەویستی ودوژمنایەتی وکێشەو زوڵم وزۆر وچەوسانەوە ئەم بەرھەمەش لەناوەرۆکەکەیدا خاڵی نیە لەو ڕەخنەو دیاردە ناجۆرە کۆمەڵایەتی وسیاسی و ئیداریانەی کە بەداخەوە لە کۆنەوە کۆمەڵگای ئێمە بە دەستیەوە دەناڵێنێ”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا (لوقمان غەریب) ئاماژەی بۆ لایەنی گۆرانی مۆسیقا کرد لەو درامایەدا، گوتی : “لایەنی مۆسیقاو گۆرانی لەم بەرھەمەدا گرنگیەکی زۆر باشم پێداوە، ھونەرمەند (ھاوتا ئەسعەد) گۆرانی تایتل وچەندین برگەی تری (لاوک و حەیران و مەقام)ـی بۆ دراماکە گوتووە، لەگەڵ گروپێک لە مۆسیقاژەنانی شاری ھەولێر، کاری تۆمارکردنیان بە شێوازێکی چاک کاری بۆ کراوە”.
ھونەرمەندی دەرھێنەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژەی بۆ بەرھەمێکی دیکەی درامی خۆی کرد و بە پرۆژەیەکی گەورەی ھونەری درامی خۆی دانا و گوتی : “دوای تەواو بوونی کارەکانی درامای (رەیحانە)، لە ئێستادا خەریکی داڕشت و ئامادەکاریی دەبم بۆ زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی ئەو درامایە لە شێوەی فیلمێک بەرھەمی دەھێنم کە لەوانەیە (٩٠) خولەک لەخۆی بگرێت، دوای ئەوەش خەریکی زنجیرە درامایەک دەبم، کە ئەو بەرھەمە زنجیرە دراماییەکی تەلەفزیۆنی لە خۆی دەگرێت، کارێکی فروان و گەورەیە، چونکە لەوانەیە ژمارەی ئەڵقەکانی ئەم درامایە بگاتە (٩٠ بۆ ١٠٠) ئەڵقە، ژمارەیەکی زۆر لە ھونەرمەندان دەست نیاشن دەکرێن بۆ بەشداریی کردن لەو درامایەدا، لە رووی سیناریۆ کاری دەرھێنانیشەوە کارێکی تازە دەبێت، بەو ھیوایەم ئەو دوو پرۆژە درامایەم لە ئایندەیەکی نزیکدا بچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
سپۆت
“لە ڕۆژگارێکی ئاوادا قوڕسە دەست بۆ ئەم بەرھەمە ناوازانە بەریت، بەتایبەتی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاسەوار و مە عالیمی کۆنی شارەکان ڕوو لە نەمان و لەناوچوونە، ھەر نەبێ لەکارێکی ھونەریی ئاوادا بە وێنە ھەندێ لەو شوێنە وارو خانوو کۆڵانانە بە تۆمارکراوی دەمێننەوە!!”.