زانا دزەیی: رەشید رەواندزی، کە بە “کازم ساھیری کوردی” ناسراوە، دوای ھاتنەوەی لە بەرەکانی شەڕ بە مەبەستی پشوودان، رایگەیاند “دەمەوێت لە باوەشی نیشتیمان دوا ھەناسەی عەشق بدەم”.
رەشید رەواندزی، کە خاوەنی دەیان شیعر و قەسیدەیە، وەک ئەفسەرێک و پێشمەرگەیەک لە فەوجی مغاویری پاسەوانی سنوور لە بەرەکانی شەڕدا بووە لە دژی چەکدارانی داعش، بە(سڤیل)ـی راگەیاند “راستە من لە ماڵ و منداڵ و ھاوڕێیەکانم دوور بووم، بەڵام لەخاک و نیشتیمان نزیکبووم، سەرەڕای مەترسی بەردەوام لەسەر ژیانم و بارودۆخی سەختی بەرەکانی شەڕ، بەڵام ھیچکات ئەوەندەی ئەو رۆژانە ئاسودە نەبووم و ھەستم بەبوونی خۆم کرد کە منیش دەتوانم بەشدار بم لە پاراستنی کوردستان لەدەست درێژی تیرۆریستان، بۆیە ویستم بە ھەمووان بڵێم کە دەمەوێ لەباوەشی نیشتیمان دوا ھەناسەی عەشق بدەم”. ھەروەھا رەواندزی داواش لەشاعیران دەکات بە ھۆنراوە و شیعرەکانیان گوزارشت لە خۆشەویستی خاک و نیشتیمان بکەن و ھەوڵێ بەرزکردنەوەی ھەستی نەتەوەیی بدەن بەتایبەتی لەنێو گەنج و لاوەکاندا و گوتیشی “رۆشبیر و ھونەرمەندانی گەلەکەمان چینێکی دیاروبەرچاون لەکۆمەڵگادا و تەماسی راستەوخۆیان ھەیە لەگەڵ ھاوڵاتیان و کاریگەریان ھەیە لەسەر ھەست و نەستی تاکی کورد، بۆیە داوکارم بە بەرھەمی ئەدەبی و ھونەری بەپێز بەشداری بکەن لە ریسواکردنی تیرۆریستان لەرێگای سرودی نەتەوەیی و فلیم و دراما و کۆر وسیمنیار و پرۆژەی ھونەری جۆراوجۆر پاڵپشتی مەعنەوی لە ھێزی پێشمەرگە بکەن”