حەیدەر عەبدولڕەحمان :ئەکتەرەکان ئاستی داھێنان و شکستییان لە بەرھەمێکەوە دەگۆڕێت بۆ بەرھەمێکی تر , بۆیە ناکرێت تۆ ھەڵسەنگاندنت بۆ ئەکتەر لە سەر کەسایەتی ئەکتەرێک بێت کەبە ئەکتەرێکی سەرکەوتوو ناوزەد کراوە یا ئەکتەرێکی تر بە فاشیل , بەڵکو دەبێت لە سەر بەرھەم بێت چونکە ھەر بەرھەمەو کێش و سەنگی خۆی ھەیە ,
رەنگە لە ھەلو مەرجێکی دیاری کراودا کۆمەڵێ فاکتەری یاریدەدەر ھەبن بۆ سەرکەوتنی بەرھەمێک , کە ئەو فاکتەرانە لە بەرھەمێکی دیکەدا نەبن , وەک نواندن لە سەر دەستی دەرھێنەرێکی بە توانا , یا تێکستێکی سەرکەوتوو کە ئاوێتەی دەرھاوێشتەکانی سەردەم و کۆمەڵگا بێت , یا کەشو ھەواو باری دەروونی ئەکتەر , یا ھەر ھۆکارێکی دیکە کە زۆر جاران بە رێکەوت دروست دەبن و رەنگە کەم رێ کەوێت جارێکی دیکە بڕەخسێتەوە , زۆر جاران ھەندێ بەرھەمی سەرکەوتوو دەبنە مۆرک و ناونیشانی ئەکتەرێک کە رەنگە بە ئاسانی لە ھزرو خەیاڵی بینەردا کاڵ نەبنەوە , ھەتا داھێنانێکی گەورەتر لەوەی یەکەمیان بە دەست نەھێنێ , بۆیە ئەو خاڵی داھێنانە لە بەرھەمێکی سەرکەوتوودا دەبێتە پێوەرو لە ھەر بەرھەمێکی دیکەدا ئەو ئەکتەرە ببینێ ئەو خاڵی داھێنانەی بە بیردا دێتەوەو بەراوردی پێ دەکات , وەک بەراوردی شانۆیی ( مەرگ و کچ ) لە گەڵ ژنەکەی ئەو ماڵە کە .. بێگومان مەبەستم لە قەد گرتن نیە بە ستایلێکی دیاری کراو , یا پەیوەست بوون بە دەرھێنەرێک , چونکە گۆڕینی ستایل و شێوە و دەرھێنەر کاری ئەکتەری سەرکەوتووە , بەڵکو مەبەستم لە دەسەڵاتی ئەکتەرو تێپەڕاندنی توانایەتی ..
تەلار لەو میلۆدرامایەدا پاڵەوانێکی لیبۆکە زێتر لەوەی ئەکتەرێکی شانۆیی بێت , ئەگەرچی لیبۆکەکانیش ئەکتەری کۆمیدین , بەڵام بە شێوازێکی تایبەت کە ئامانجی سەرەکییان دروست کردنی کۆمێدیایە , چ لە نواندن دا چ لە شێوەو جلو بەرگدا , دیارە کە جیاوازییەکی زۆریش ھەیە لە نێوان کۆمیدیای شانۆیی و کۆمیدیای لیبۆکەکان , لە رووی بزووتنەوەو ئەداو دەنگ و دیالۆگدا , بۆیە زۆر جاران کە ھەموو ئامانجەکان لە شانۆدا دەڕژێنە نێو فەلسەفەی تەنھا بە پێکەنین ھێنانی سواو دەڵێن ئەم ئەکتەرە ئەکتەری کۆمێدیا نیە بەڵکو لیبۆکە .. من وای دەبینم کە چەند ئەوەندەی بۆ لیبۆکێک سەخت بێت ببێت ئەکتەرێکی شانۆیی دروست , لە ھەمان کاتیشدا بۆ ئەکتەرێکی شانۆییش سەخت و دژوار بێت ببێت بە لیبۆک , مەبەستم ئەوەیە خۆ لێدانی تەلار لە بوونە لیبۆک رەنگە ئەزموونێکی ئاسان نەبووبێت , چونکە ئەو ستایل و ئەزموونە لە شانۆی ئێمەدا کەم پیادە کراوە . لە ھەموو حاڵەتێکا دەبێت ئەو ئەزموونەی تەلار وەک خۆی تەماشا بکەین کە ھەیە و بپرسین ئایا تەلار توانی ببێت بە لیبوکێکی سەرکەوتوو ؟
بەر لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە ھەندێ ئامانج ھەبوون لە پاڵ ھەڵبژاردنی ئەو تێکستە , یاخود شێلانی تێکستەکە بۆ دروست کردنی ئەو فۆرمە خوازراوەی ئێمە بینیمان لەوانە :
١. ختۆکە دانی بینەر بە بە کارھێنانی ھەندێ دەستەواژەو دیالۆگی سێکسی بە ئاماجی وروژاندن , کە رەنگە بۆ بینەرێک کە کەپتی سێکسی ھەبێت , بە شێوازێک لە شێوازەکان ببێتە ھۆکار بۆ وروژاندن و بەجێ ھێشتنی کاریگەری دەروونی .
٢. خۆ رووتکرنەوەی ھەندێ ئەندامی جەستەی ئەکتەر بە دروست کردنی ھەندێ دیمەنی سێکسی و لە پێناو ھەمان ئامانج دیسان سەرچاوەیەکی دیکە بوون بۆ وروژاندن ,
٣. ھەوڵدان بۆ شەرم شکاندنی بینەر بەرامبەر بەو شەختە کۆمەڵایەتیانەی کە رووی راستی ئارەزووەکانی دەشارنەوە و گەڕانەوە بۆ ھەقیقەتە مرۆییەکان , لە رێکەی وروژاندنی پرسیاری راستەخۆ لە بینەرو بە قسە ھێنانی …
٤. بە پێکەنین ھێنانی بینەر بە شێوەو دیالۆگ و مکیاج .
٥. ھەوڵدان بۆ بەشداری پێکردنی بینەرو ئاوێتە بوونی بە شانۆ وەک ئەکتەرێکی شانۆیی و دروست کردنی پرسیارێک کەوا لە بینەر بکات ببێ بەشێک لە شانۆگەرییەکە ,
بەڵام تا چەند ئەو ئامانجانە کە تەلار کاری بۆیان کرد چوونە نێو چوارچیوەیەکی ھونەری ؟ چەندیش چێژێکی رۆحییان بە بینەر بەخشی ؟ بە شێوەیەک کە لە ھۆڵەکەدا ھاتە دەرەوە یا کاتلێ شەو سەری خستە سەر سەرینەکەی کام لە دیمەنەکانی بە مێشکدا رابووردنەوە ؟ رەنگە ئێستاش دوای تێپەڕ بوونی چەند ساڵێک مەستی مەرگ و کچ بەری نەدابم .. بەڵام ھەر ئەوەندە دیمەن و چێژی نمایشی ژنەکەی ئەو ماڵە لە مێشمدا مابوو تا لە دەرگای دەرەوەی ھۆڵەکە چوومە دەرەوە …
ئەو پرسیانەی تەلاربە شێوەیەک بینەری دووچاری تەنگەتاوی دەکرد , کە کرۆکی شانۆگەرییەکەو چێژی شانۆیی لە بیر بچێتەوە , یا کارێک بکات ریتمی شانۆگەرییەکە لە ھزری بینەردا دابەزێنێ و جڵەوی خەیاڵی خۆی و جەمالیەتی شانۆگەرییەکەی لە خەیاڵدا بسڕێتەوە , من پێم وایە زۆر قسە ھەبوون دەبوا بە زمانی ئەدای شانۆیی و ھێمای شانۆیی بەرجەستە کرابوونایە , ئەوەندەی تەلار پەنای بۆ دیالۆگی وروژێنەر دەبرد , ئەوەندە پەنای بۆ ئەداو بەرجەستەی جەستەیی نەبرد , ئەو کەمتەر توانی زمانی جەستە بەکار بێنێ , بە قەد ئەوەندەی ویستی کەبتی سێکسی بینەر قۆرخ بکات , بەڵام ئایا ئەگەر ئەو دیالۆگ و نمایشە لە لایەن ئەکتەرێکی پیاوەوە بکرابوایە ھەمان ئاستی دەبوو؟ ,ئێمەی بینەر بۆیە ھاتبووینە شانۆگەرییەکە تا نواندنێکی ھونەری ببینین , لە بری ختۆکە دانی بینەر .
تەلار وەک نواندن بە کەرەستە ھونەری و جەستەییەکانی خۆیەوە کەمتر دەسەڵاتی ئەوەی ھەبوو جیاوازی لە نێوان لیبۆکەکەو ژنەکەدا دروست بکات , ھەموو پەنا بردنێکی تەنھا بە لووتە سوورەکەوە بوو , کە نەیدەتوانی ببێتە فاکتەرێکی جوداکاری لە نێوان ئەو دوو کەسایەتییەوە .. بۆیە بینەر کەمتر دەیتوانی ئەو دوو کەسایەتیە لێکتر جودا بکاتەوە , وێڕای لاوازی لە دەنگ و بەجێ نەھێشتنی مەودای بێدەنگی و چێژ وەرگرتن لە کشو ماتی ..لەو بەینەدا دەسەڵات پێ شکانی ئەکتەرو زاڵ بوونی بە سەر توانستەکانی دەردەکەوێت ,ئەگەر ئەکتەرێکی بە توانا بێت , من لە گەشتەکەی حەسەندا زۆر سەرسام بووم بە کامەران رەئووف کە لە شانۆگەرییەکداو لە یەک کاتدا دەسەڵاتی ئەوەی ھەبوو پێنج کەسایەتی بە یەکەوە نمایش بکات و بۆ ھەر کەسایەتیەکیش رەسمی خۆی بکێشێ و ھەر یەکێکیشیان جیاواز لەوی تریان , بەڵام بێ ئەوەی ھەموو ئەو کەسایەتیە جیاوازانە ئاستی نواندنی کامەران وەک ئەکتەر دابەزێنن ..
تەلار وەک ئەکتەر توانستی خۆی ھەیە , بەڵام گرنگ ئەوەیە دەرھێنەر چۆن دەوتوانێت تەوزیفی ئەو توانست و جەستەیە بکات کە ئەکتەر ھەیەتی , ئەو لە لای دەرھێنەرێکی وەک د. فازڵ لە مەرگ و کچ دا ئەکتەرێکی تر بوو , لە ژنی ئەو ماڵەش شتێکی ترە , مەبەستیشم لە گۆڕینی کەسایەتی و ستایل و شێوازی شانۆگەرییەکە نیە , بەڵکو مەبەستم لە توانست و ئەدای ئەکتەریی ئەوە , کە تێیدا دووچاری جۆرێک لە دابەزین ھات بە پێچەوانەی چاوەڕوانی زۆرێک لەو بینەرانەی ھێشتا کاریگەرییەکانی شانۆگەری مەرگ و کچیان لە مێشکدا ھەر مابوو ..
خۆ ئەگەرچی ناوێکی زلی دەرھێنان ( کارین باریستراند ) بە شانۆگەرییەکەوە نووساوە , کە جۆرێک لە رێکلامی شانۆیی دەنوێنێ , ئەگەرنا لە رووی دەرھێنانەوە شانۆگەرییەکە سادەیی و رووکەشییەکی زۆری پێوە دیارە و دەرھێنەر نەیتوانییووە وەک پێویست تواناو وزە ھونەرییەکانی تەلار قۆرخ بکات , کە زۆر لەوەندە زێترە کە بینیمان , کەواتە من وای بۆ دەچم کە ئەو دەرھێنەرە زێدەکارییەکی نەخستۆتە سەر ھونەری تەلار بە قەد ئەوەندەی کەمی کردۆتەوە .
نەک ھەر لە رووی دەرھێنانەوە بگرە لە رووی تێکستسیشەوە تەلار پرسێکی گشتی ھەڵبژاردووە ( خیانەتی ھاوسەران ) لە کاتێکا ئەو جۆرە کێشە کۆمەڵایەتیە شتێکی باوو سواوەو لە ھەموو کۆمەڵگاکانی دنیادا ھەیە و پانتاییەکی ئێجگار فرەوان لە ژیانی کۆمەڵگاکاندا داگیر دەکات , ئەوەی کە ھونەرە ئەوەیە کە ئێمە چی لە ناو ئەو ھەزاران کوێرە گرێیانەی ناو خیانەتدا ھەڵبژێرین کە دوور بێت لە خیتابیەت و بە زمانی ھونەر بەرجەستە بکرێت , دوورلە زمانی ھونەریش ھێز زمانێکی دیکە ئەو کاریگەرییەی لە شانۆدا نابێت بۆ گەیاندنی پرسێک , ئەوەتا لەو بەینەدا پرسیارێک روو بە رووی بە رووی بینەر دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە ئایا دوور لە لایەنە ھونەرییەکان پرسی خیانەت ھیچ کاریگەرییەکی جێ ھێشت لە ھزرو دەروونی بینەردا , یاخود ھەر تەنھا پرسێکی راگوزارو کاتی بوون و ھیچ شوێنەوارێکی دەروونییان بە جێ نەھێشت لای بینەر؟ بۆیە من پێم وایە پرسە سێکسیەکە پرسە بنەڕەتیەکەشی شاردبۆوە .
حەیدەر عەبدولڕەحمان