دیــــدار نانەکەلی : لەسەردەمی رۆنێسانسدا، بەھۆی ئەوەی کە تەنیا خەریکی وەرگێڕانی بابەتی ئەدەبی بوون، زیاتر رەچاوی رێژەی خوێنەرانیان دەکرد لەبەر ئەوە سروشتی بوو کە زۆربەی وەرگێڕەکان لەنێو پیاوانی ئایینی ھەڵدەکەوتن. لەکاری وەرگێڕاندا ھەنگاو بە ھەنگاو مەسەلەی زمانی خەڵک لە شوێنی زمانی کلێسایی بەھۆی روناکبیرانێکی وەک ( ئەراسمۆس) ھاتە کایەوە.
کە دیارە ئەو کارە لەگەڵ بایەخدان بە یاسا و رێوشوێنەکانی رەوانبێژی لەسەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپا ببووە شتێکی باو. ئەگەرچی ئینجیلی وەرگێڕدراوی (مارتین لۆتێر) ی ئەڵمانی ھەرەوەھا لێدوانەکانی ناوبراو لە بارەی وەرگێڕانی (تیندال) وەرگێڕی سەدەی ١٦ کە خاوەنی وەرگێڕانە ئینگلیزیەکەی ئینجیلە، گرینگیەکی زۆری پێدەدرا. لەگەڵ ئەوانەدا تیۆری وەرگێڕانی ( ئیتین دۆلێت) کە لە رووناکبیرە بەناوبانگەکانی ھۆمانێستەکان و وەرگێرێکی بەتوانای زمانی یۆنانی بوو، بەھۆی ئەوەی کە ھەموو جۆرەکانی وەرگێڕانی خستبووە ئەستۆی خۆی ، ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد.دۆلێت لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا بەتاوانی وەرگێڕانی نادروستی یەکێک لە لێدوانەکانی ئەفلاتوون دادگایی کراو بە تاوانی خستنە پاڵی نیشانەی بێ دیینی بە بەرھەمەکانی ئەفلاتوونەوە ئاگری تێبەردرا.
بەپێی لێکدانەوە وورد و پڕبایەخەکانی ئیتێن دۆلێت بۆ رێوشوێنەکانی وەرگێڕانی ئەدەبی چەند سەرنجێک ھاتە کایەوە کە بریتی بوون لە
١ـ وەرگێر دەبێت زۆر بە باشی لە ناوەرۆک و روخساری دەق و مەبەستی نووسەر تێبگات .
٢ـ وەرگێڕ دەبێت شارەزاییەکی تەواوی ھەبێت لەو زمانەی کە وەرگێڕانەکەی پێدەکات ، لەگەڵ شارەزایی بۆ ئەو زمانەی کە بابەتەکەی لێوەرگرتووە.
٣ــ وەرگێر نابێت بەھیچ شێوەیەک کار لەسەر وەرگێڕانی ووشە بە ووشەی دەقەکان بکات، دەبێ ئازادبێت لە دەربڕین ، چونکە وەرگێڕانی ووشە بە ووشە دەبێتە ھۆی لەناوبردنی مەبەستە سەرەکیەکە و جوانی دارشتن و دەربڕین ناھێلێت.
٤ــ وەرگێڕ دەبێ لە فۆرمە باوەکانی گووتن و دەربڕین سوود وەرگرێت.
٥ــ وەرگێڕ دەبێ ووشە بەجۆرێک ھەڵبژێرێت و رێکی بخات کە کاریگەری ووشە سەرەکیەکانی نێو دەقەکە بپارێزێت.
ئەوەی کە دۆلێتی گەورە وەرگێڕ و رووناکبیر لە سەرنجەکانی داھەیەتی دەربارەی دەرخستنی ناوەرۆکی بابەت بەشێوازێکی رەوان و خۆپارستن لە وەرگێڕانی ووشە بە ووشە ، لە ھەموو زەمەنێک و لەبارەی ھەرجۆرە وەرگێڕنێک جا بە نووسین بێت یان زارەکی تا وەرگێرانی زانستی و ھونەری و ھەواڵیشدا ھەر راست و دروستە .