تایبەت بە هونەرى بەدرخان : وا بڕیارە کاتژمێر 11ى سەرلەبەیانى رۆژی یەکشەممە 10/1/2010 لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێر، ناوەندى هەولێری رێکخراوى هونەرمەندانى کوردستان بە هاوکارى پارێزگاى هەولێر رێزلێنانێکى هونەرى بۆ هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر سازبکا.
لەمبارەیەوە هیوا سوعاد بەرپرسی ناوەندى هەولێری رێکخراوى هونەرمەندانى کوردستان گوتى: وەکو هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى و ئامانجى سەرەکى رێکخراوى هونەرمەندانى کوردستان کە خزمەت کردنە بە هونەرمەندان، دواى ئەوەى بینیمان کە گۆڤار ئەنوەر لە فیلمى سینەمایی شوێنێک بۆ یارى سەرکەوتنى بەدەستهێناو بەشدارى دوو فێستیڤاڵی سینەمایی کرد و یەکەم هونەرمەندى شارى هەولێریش بوو کەبەسەر فەرشی سوورى فێستیڤاڵ کەوت، بۆیە بەپێویستمانزانى رێزلێنانێکى هونەرى بۆ سازبکەین، تاکو ئەو رێزلێنانە ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەى کە هونەرمەندانى دیکەى کارى باش بکەن و هەوڵی داهێنان بدەن، دەبێ سوپاسی پارێزگاى هەولێریش بکەین کە لەو رێزلێنانە هونەرییەدا هاوکارییان کردین”. جێی ئاماژەیە گۆڤار ئەنوەرى هونەرمەند جگە لەوەى وەکو هونەرمەندێکى بوارى شانۆ و دراما کارى کردووە، لەو ماوەیەى دواییدا بەشداری لەفیلمى سینەمایی شوێنێک بۆ یارى لە دەرهێنانى شەوکەت ئەمین کورکى کردو وەکو ئەکتەرى سەرەکى ئەو فیلمەش بەشدارى کرد لە هەردوو فێستیڤاڵی نێودەڵەتى پوسان و دوبەى، کە لە دوبەیش دامەزراوەى سیما لەپاڵ 3 هونەرمەندى دیکەى کورد رێزى لێنان و دیارى پێ بەخشین.