بە بۆنەى 27/3 رۆژی جیهانى شانۆ، بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆی هەولێر بە هاوکارى ناوەندى هەولێری رێکخراوى هونەرمەندانى کوردستان ئێوارە ئاهەنگێکى سازکرد و تێیدا رێز لە چەند هونەرمەندێک و رۆژنامەنووسێکیش گیرا.
لە دەستپێکدا هیوا سوعادى بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێر بەخێرهاتنى میوانانى کرد و پیرۆزبایی ئەو رۆژە پیرۆزەى لێکردن، دواتر هونەرمەند کامەران ساڵح بەچەند گۆرانییەک ئاهەنگەکەى رازاندەوەو هەریەک لە هونەرمەندان “عەلى ئەحمەد، ئەیام ئەکرەم، تەها ئاغاجان، تارا عەبدولرەحمان، عوسمان ئەحمەد جاسم” چەند قسەیەکى خۆشیان گێڕایەوە.
دواتر بڕوانامەى رێزلێنانى چەند ساڵ بەخششی هونەرى بەخشرایە هەریەک لە”خەرمان هیرانى، ئازادە جەلال، جیهان ئەحمەد، رووپاک عەبدولقادر، شیرین سابیر، سوهام حەسەن، گەلاوێژ تاهیر، مژدە جەلال، شلێر ئەحمەد کۆیی” و خەڵاتى رێزلێنانى بەخششی هونەریش بەخشرایە هونەرمەندى ئەزمووندار “سەفوەت جەراح” کە خۆی لەوێ لەبەر خراپی بارى تەندروستى نەیتوانى ئامادەبێ، بۆیە بڕیارە لە رۆژانى داهاتوو ئەو دیارییەى بۆ بەرن.
لە کۆتاییشدا لەپاى خزمەتکردن بەرەوتى هونەرى ئەو شارە رۆژنامەنووسی هونەرى “عەبدولغەفار عەبدوڵڵا” خەڵاتکرا.
شیاوى گوتنە لەو ئاهەنگەدا هونەرمەندان هەموو بەیەکەوە و لەگەڵ خێزانەکانیان بەشدارى ئەو رۆژە خۆشەیان کرد و تێر هەڵپەڕین.
مەسعودى مەلا هەمزە