ئەو کلتوورە جوانەى دەمێکە خەونى پێوە دەبینم رێزلێنانە لە ماندووبوونى زیندووان، لەبەرئەوەى ئەو وڵاتە دەمێکە ئەو کلتوورەى لەیاد کردووە یا هەر نەیبووە، تەنها شتێک کە باو بوو زیندووکوژی مردوو پەرست بوو، وەلێ لە ئێستادا خەریکە ئەو کلتوورە باوى نامێنێ و کاڵ دەبێتەوە. ئەوەى لێرەدا مەبەستمە بیخەمەبەر باس جۆری رێزلێنانە لە زیندووان، خۆ ناکرێ بەناوى رێزگرتن لە زیندووان هەموو کەسێک خەڵات بکرێ و رێزی لێ بنرێ بە تایبەتى لە بوارە دیارەکانى ژیانى وەک هونەر، ئەدەب، رۆشنبیری، ژنان، رۆژنامەگەرى، وەرزش… هتد،
وەلێ خەریکە لەگەڵ سەرهەڵدانى کلتوورى رێزگرتن لە زیندووان کلتوورێکى گڵاو تێکەڵی ناوەندەکە دەبێ ئەویش رێزلێنان لە کەسانى نابەرپرس و نا شایستە، زۆر درێژە نادەمە بابەتەکەم، لە ژمارەى رابردوودا باسم لە دوو هەوڵی جوان کرد، لەو ژمارەیەشدا هەوڵدەدەم چەند هەوڵێکى قێزەون بخەمەبەر باس و قەڵەمى رەخنە…
بۆچی دەبێ هونەرمەندێکى دیارى خاوەن پلەى هەرە گەورە لە رێکخراوێکى پیشەیی کوردستان سوپاسنامەو بڕوانامەى رێزلێنان بداتە رۆژنامەنووسێک تەنها بۆ ئەوەى چیتر ئەو رۆژنامەنووسە شت لەسەر گەندەڵییەکانى بڵاو نەکاتەوە، بەبێ ئەوەى کەسێکیش لە ئەنجوومەنى ئەو رێکخراوە پیشەییە ئاگادار بێ، لەوەش قێزەونتر چۆن ئەو رۆژنامەنووسە رێگەى بەخۆیدا ئەو سوپاسنامەیە وەربگرێ و بە شانازیشەوە!! لەو بڵاوکراوەیەى کە کارى تێدا دەکرد، بڵاوى کردەوە، بەڵام بەبێ ئەوەى راگەیاندنەکان ئاگادارى بن و ئەو شوێنەشی ئەو برادەرە لێی بڵاوکردەوە ئەوە نەبوو کە هەموو خەڵک بیزانێ.
لە هەمووى سەیرتر و ئەوەى بووە هەوێنى نووسینى ئەو بابەتە خەڵاتکردن و بەخشینى بڕوانامەى رێزلێنانە بە رۆژنامەنووسێک لەلایەن راوێژکارى هونەرى سەرۆکى پێشووى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، بەبێ ئەوەى کەس ئاگادارى بێ و بیزانێ، ئەوەیان ئەو کەسە نەیوێرا لە بڵاوکراوەکەى خۆشی بڵاوى بکاتەوە، بۆ؟
ئاخر سەیرەکە لەوەدایە بۆچی دەبێ خەڵاتێکى وا ئاوا بە نهێنى ببەخشرێ، لە کاتێکدا ئەو جۆرە خەڵاتەو بەو ناوە گەورەیە پێویستى بە مەراسیمێکى گەورە هەیە تا هەمووان بزانن ئەوە کێیە کاردەکا و شایانى خەڵاتە، کێشە پیاو پیاوێنى دەکا و بەقسەى ئەم و ئەو شت دەنووسێ، زۆرجار دەگەمە ئەو قەناعەتەى کە لەو وڵاتە ئەو شتەى کە نەبێ دادپەروەرییە، حەزدەکەم ئەوە بڵێم ئەو رۆژنامەنووسەى راوێژکارەکەى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى کابینەى پێنجەم خەڵاتى کردووە یەکێکە لەو رۆژنامەنووسانەى بەدەیان کەس هەن زۆر لەو زیاتر کاریان کردووە و خزمەتیشیان کردووە، ئەگەرچی مەرج نییە هەموو کارکردنێک داهێنان بێ و شیاوى خەڵات بێ، بەڵام هەموو ئەو دە کەسەى باسی دەکەم لەو چالاکترن و هەرگیزاو هەرگیزیش نەمدیوە لەو دە کەسە کارێکى وابکەن کە لێدوان بەناوى هونەرمەندێک بڵاوبێتەوە و هونەرمەندەکەش سێ بە سێ تەڵاق بخوا و بڵێ من قسەى وام نەکردووە و ئەو برادەرە رۆژنامەنووسەش بڵێ من دەنگیم لایە، بەڵام ئەو دەنگە چۆن پەیداکراوە و گەیشتۆتە دەست ئەوە نازانم، تەنها دەتوانم ئەوە بڵێم یا دەبێ هونەرمەندەکە درۆ بکا و تەڵاقی نەبێ، یا ئەو دەنگە لەرێگاى کارى جاسوسی و موخابەراتییەوە پەیدا کرابێ.
مەسعودى مەلا هەمزە