رێزان محەمەد: بابەتی خۆشەویستی خاک و نیشتمان و دایک لەگەڵ بابەتی سۆزداری و ئەڤینی لەشیعرەکانمدا رەنگیان داوەتەوە
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
خاتوون”رێزان محەمەد” خاوەن بەھرێکی جوانی ئەدەبی شیعر نووسینە،جگە لەوەش لەبواری ھونەری شێوەکاری توانیویەتی ئەسپی خۆی تاو بدات لە رێگەی تابلۆکانی چەندین پیشانگای ھاوبەش و تایبەتی کردۆتەوە، ئێمە لەم دیمەنەیەدا لەرێگەی چەند پرسیارێکەوە،جەخت لە ھەوڵەکانی شیعر نووسینی ئەو خاتوونە دەکەینەوە.
*پێمان باشە سەرەتا بۆ خوێنەرامان باس لە چۆنیەتی ئاشنا بوون بە شیعر بکەیت؟
– سە رەتای ئاشنا بوونم بە شیعر بۆ تەمەنی ٩ساڵییم دەگەڕێتەوە، کاتێ بە شیعری مامۆستا( گۆران ) ئاشنا بووم ڕۆژانە بەدەنگ و بە دەموودوو شیعرە کانیم دەخوێندە وە تاکو لەگەڵ شیعرا گەور بووم لە ساڵی ٩٣ دە ستم بە نوسین کردوو بە ردە وام بووم لە نوسین وخوێندنە وە بێ ئەوەی بەرھەمەکانم بڵاوبکەمە وە تاکوو ساڵانی ٢٠١٣ کە لە ڕێگەی کۆر و سیمینار و تیڤیەکانەوە لە نێوجەماوەردا لەرێگەی شیعرەکانم ناسرام تاکوساڵی ٢٠١٥ کە یەکەم بە رھەمم بڵاوکردە وە کە بریتی بوو لەئەلبوومێکی شیعرم لە ١٠تراک پێک ھاتبوو،دواتر لە ساڵی ٢٠٢٢ دیوانە شیعرێکم بە ناوی “ھەناسە” بڵاوکردەوە.
*ئەو بابەتانە چین کە دەبنە ھەوێنی شیعرەکانت؟
-زۆر بابەت لە شیعرەکانم دا رەنگی داوەتەوە بەڵام زیاتر بابەتی خۆشەویستی خاک و نیشتمان و دایک لەگەڵ بابەتی سۆزداری و ئەڤینی لەشیعرەکانمدا رەنگیان داوەتەوە.
* ئایا شیعر نووسین کات و ساتی دیارکراوی ھەیە؟
– ئەوەی راستی بێت زۆرێک لە شاعێرەکان بۆچوونیان وایە،کە نووسینی شیعر کات و ساتی دیارکراوای نییەبەڵام من وەکو خۆم زیاتر لە بەیانیان زوودا شیعرەکانم دەنووسم.
*ئەو شاعیرانە کامەن کە کاریگەریان لەسەر بەرێزتان ھەبووە؟
– بێگۆمان شاعیر زۆرن کە کاریگەریان لەسەرمن ھەبووە،لەسە دە کانی رابردوو مامۆستا گۆران و محوی و بێکەس،لە شاعێرە نوێیەکانیش کۆمەڵێ شاعیر کاریگەریان ھەبووە بۆنموونە مامۆستا جەمال غەمبار و لەتیف ھەڵمەت.
* ئاستی خانمە شاعیرانی کودرستان چۆن دەبینی؟
– ئاستی خانمە شاعیرانمان تارادە یە ک باشە ،ھە رچە ندشاعیری ژنی زۆریشمان ھەیە بەڵام کات و ساتیان بۆ نەڕەخساوە بۆ ئەوەی بەھرەی خۆیان دەربخەن، ھۆکاریکش زۆرن لە وانەیە ھەندێک لە ھۆکارەکان کۆمەڵگا بێت ھەندێکی تریش خودی خۆیان ئافرەتان بن.
* لە کوردستان رەخنە گری ئەدەب و شیعرمان ھەیە ئەگەر ھەیە لە چ ئاستێک دایە؟
– بێگومان رەخنەگرمان زۆرو باشمان ھەیە، کەشوێن پەنجەیان لە گۆڕەپانی جیھانی شیعر دیارە، بەڵام بەداخەوە بەشێک لەو رەخنەگرانە،بەویژدانەوە ھەڵسەنگاندن بۆ شیعرەکان ناگرن ،دەکەونە باری ھاوڕێیەتی و بەرژەوەندی کارەکە ئەنجام دەدەن.
* ئەگەر باس لە پرۆژەی داھاتووی خۆتمان بکەیت؟
– لە بواری ھونەری سەرەتای مانگی نۆی ئەم ساڵ بەنیازم پیشانگایەکی تایبەتی بەخۆم بکەمەوە،لە ڕووی نووسینیشەوە لە ئێستادا،دیوانێکی تری شیعریم ئامادەیە نیازم وایە لە ساڵی نوێ ٢٠٢٤دا چاپ و بڵاوی بکەمەوە.
*ئێمە زۆر سوپاسی بەرێزتان دەکەین ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
– منیش زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم و ئەوشیعرەی خۆم پێشکەش بە خوێنەرانی بەرێز دەکەم.
بۆ لە بیرکردنت…
تا بتوانم جارێکی تر ھەناسە بێ تۆ ھەڵمژم
تاکو حەزو خۆشەویستیت لەناو ڕۆحمدا بکوژم
تا فرمێسکی بێنازی من واز لە چاوانم بھێنێ
ھیچکە شەوان خەونەکانم خەوەکانم نەتارێنێ
ئیتر ڕەشماری ناپاکیت قەفی لەڕۆحم بترازێ
نێرینەییت باییت نەکا و بەئەشکی مێدا بنازێ
لەحەسرەتی بێنازیمدا دەستی نزام لەئاسمان بێ
بەختەوەریت لەناو کڵپەی گڕو دووکەڵی سووتان بێ
ئیتر دەستی ژنێکیتر بە ناو زووخاودا وەرنەدەی
سەگی ڕۆحی نھێنگرت بۆ باڵای ھیچکەس بەرنەدەی
ببیتە پەندی زەمان و لەبیر زەمەن بچیتەوە
تۆش وەکو من ئاھوناڵەی سەرگەردانی بچڕیتەوە
Discussion about this post