زانا دڵشاد دزەیی : بە تۆمەتی بردنی شیعرێکی لەلایەن گۆرانیبێژ بڵند عەبدوڵڵا، رۆژی ١٤ی ئەو مانگە کە دەکاتە رۆژی خۆشەویستی، رێدار سابیری شاعیر داوایەکی یاسایی لە دادگای بەرایی ھەولێر دژ بە بڵند عەبدوڵڵا تۆمارکرد.
شاخەوان محەمەد، پارێزەرەکەی رێدار سابیر راگەیاند، بە تۆمەتی ئەوەی بڵند عەبدوڵڵای گۆرانیبێژ شیعرێکی رێدار سابیری بردووە و بە ناوی خۆی داویەتی بە گۆرانیبێژ موژدین ساڵح، رۆژی ١٤/٢/٢٠١١ لە دادگا بەرایی ھەولێر داوایەکی یاسایان دژ بە بڵند عەبدوڵڵای گۆرانیبێژ تۆمارکردووە، گوتی “ئێمە بەپێی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٧١ کە تایبەتە بە مافی نووسەر ئەو داوایەمان دژی بڵند تۆمار کردووە”. ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشدا بڵند عەبدوڵڵا لەرێگەی دادگاوە ئاگادارکردنەوەی بۆ چووە، کە رۆژی ٢٣/٢٠١١ یەکەم دانیشتنی دادگایکردنەکە دەبێت، ئەوەشی ئاشکرا کرد “ئێمە وەک قەرەبووکردنەوە، داوای ١٥٠ ملیۆن دیناریان لە بڵند عەبدوڵڵا کردووە، بەڵام دادگاش ئازادە بڕی چەند دیاری دەکات بۆ قەرەبوونەوەکە”. لەو بارەیەوە (سڤیل) پەیوەندی بە بڵند عەبدوڵڵا کرد، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.