توانا تەھا: خاوی ھێلی رێبەر کویک و بێدەنگی خودی کۆمپانیاکە لە ئاست ئەم سستیەو کەم تەرخەمیە گەیشتۆتە لوتکە، بەکار ھێنەرێکی زۆر و دەنگ ھەڵبڕینێکی کەم، ھەڵبەتە ئەم دۆخەی دروستکردووە. ھێلی رێبەر کویک، دارشەق رێ دەکات و دەیەوێ خۆیشی واپیشان بدات ژمارەی پێوانەییی ھەڵگرتووە، بەبێ ئەوەی ھەست بەو نەھامەتیەی بەکارھێنەرانی خۆی بکاتەوە، پرسیاری مەبەست ئەوەیە ئایا ھێلی رێبەر پێویستە خۆی بگۆڕێ؟ وەڵام روون و سادەیە، بێگومان، پێویستە سەد لەسەد خۆی بگۆڕێ، بەڵام پرسیاری دژوار ئەمەیە: ئایا دەیەوێ خۆی بگۆڕێ؟ باوەڕناکەم . چونکە بەو بێدەنگیەی ھزرو بیرەی ئێستا ھەیە، بەو تۆڕەکەمانەی لە سنوورە زۆرتەسک و بیرکردنەوە چەوتەی بۆیان کێشاوە، ئەوا خۆگۆڕان سەخت و دژوارە یان راستتر مەحاڵە.
دیارە ھێلی رێبەر بەتەنیا گیرۆدەی خاوی نییە، بەڵکو بە ئاوازێکی کۆنی سەردەمی جیھانگیری خۆی نیشان دەدا. تازە بە تازە دەیەوێ بێت و فێری ئەو سەمایە کۆنەمان بکات کە ساڵە ھایە سەردەمی بەسەر چووە. رێبەر کویک، ھێلێک خۆی لەبنەڕەتدا دڵگرنییە، خۆی ھەنگاوێکی شەکەت و لەرزۆک، پێویستی بەدەست گرتن و چالاکانە خستنەگەڕ و باشترکردنی ھەیە، کەچی ئەوەندەی تر ماندوومان دەکات، کەم تەرخەمی کۆمپانیای رێبەر کویکی ناکارا ئەوەندەی تر ھێلەکەی نا کارا کردووە.
وەک دەزانین کۆمەڵێک ھێڵی ئینتەرنێت ھەن، لەھەموو ناوچەکانیش ناتواندرێت بەکار بھێندرێن، ئەوەی ھاووڵاتییان پێوەی گیرۆدەبوون ھێڵی رێبەرە، چونکە لەئاست بەڵێنەکانی خۆی نەبووە کە بانگەشەی خێرایی و سادە لەبەکارھێنانی دەکرد. دەمێکە زۆرە بەکارھێنەرانی ھاوار دەکەن، دەنگی رازایی ھەڵدەبڕن کەمپین دروستدەکەن، بەداخەوە کەسێک نییە، وەڵامێکی روونبداتەوە، ئێمە دەبێت فێر بین، گوێ لەکەسانی دیکە بگرین، کەسانێک کە وەک ئێمە بیر ناکەنەوە و خوێندنەوەی جیاوازیان ھەیە. پڕۆژەی ھێڵی رێبەر کویک زۆر لەمێژە بۆتە خولیامان و ھەراسانی کردووین، پڕۆژەیەک کە زادەی ژانێکی پیرۆزە و ئەگەر دەست بەباڵییەوە نەگیرێت، ئەوا نەک ھەرناکەوێتە سەرپێ خۆی، بەڵکو دەشێت ھەر بە ساوایی ماڵئاوایی لە بەکارھێنەرانی بکاو شەوگاری ھێڵەکانی تر رۆشنە.
لە بەر نەبوونی پێڕۆیەکی سەروەر یاساو نەبوونی ھەستی دامەزراوەیی، لەدایک بوونی ھاندان و سڕینەوەی لەپەراوگەی خەیاڵی مرۆڤی کورد، سووتاندنی دارستانی ھیوا بە تەرو وشک و لە خشتە بردنی، سەروەری ھزری خزمایەتی و ناسیاوی و پاشەگەردانی، سنووردارکردنی خەیاَل و بیرکردنەوە لەقاڵبدانی فەرمانبەرو دارشتنەوەی بەپێی خەیاڵی ساوایانەی خۆیان، ئاگادار کردنەوە بە دارو قامچی و چەک و بڕینی توانستی ژیاری و خۆ بەخێوکردن.
سەما کردن بەئاوازی نەخواستراو خواردنی کێشتی ناتەندروست، بەرکەوتن بە ڤایرۆسی دەووروبەر، خوارو خێچی و رووخانی دیواری پەیوەندی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی رووکەش و خۆبەزل زانین و بڕیار دان لە بڕی کەسانی تر، دەستە مۆکردنی بەردەست، بیرکردنەوە لە جیاتی کەسەکە نەبوونی ئاوێکی پاکی ژیان بەخش. خراپ بەکار ھێنانی وشە، و بەکارنەھێنانی بۆ مەبەستی خۆی، کەشێکی وای دروستکردوە خەڵک لە وشەکانی خۆشی گۆمانی لا دروست ببێت.
ئەمانەو چەندین ھۆکاری بەربڵاوی نەخوازراوی بەناخدا رۆیشتووی ئەنجامی نەخوازراو خراپتری لێدەکەوێتەوە کە لەدوای ھەر کارێک یاھەر پڕۆژەو بەرنامەو پلانێک کۆمەلەڵێک ھەڵەی گەورەو کێماسی دروست ببن کە چارەسەرکردنیان دەچێتە مەحاڵ، ئەگینا شتێکی ئێجگار نەگونجاوە دوو ساڵە بۆ زۆرشت مرۆڤ ھاواری لێ ھەڵساوە یەکێ لەوانە تکایە با ھێڵەکانی ئینتەرنێت دروستربکرێن، کەچی کەس گوێ ناگرێت، ئەم بێدەنگیە رۆژێک دێت بمان کوژێت..!