هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا
بۆ هەر قۆناغێکی مێژوویی، لەهەر کات و شوێنێکدا،لەهەر بزاڤ و بزووتنەوەیەکی شۆڕشێکی رزگاریدا، کەسانێک دوور لە بۆماوە و میراتگری دەبنە سونبل و داینەمۆی گۆڕانکارییەکان و رەنگدانەوەی چالاکی و بەرهەمە هزرییەکانیشیان دەبێتە رێباز و تیۆری فەلسەفی و کاردانەوە و کاریگەریدەبێت لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵدا. مێژووی کۆمەڵی کوردەواریش وەک هەموو کۆمەڵە مرۆییەکانی تر بەدوور نەبووە لە سیستەمی ئەم پرۆسەیە و چەندین کەسایەتی مێژوویی تیا هەڵکەوتوە و رۆڵی سەرەکییان هەبووە و بینیوە لە گۆڕانکاری و پێشڤەچوونەکاندا و بوونەتە سەرچاوەی هۆشیاری و وریاکردنەوە و خۆتاودان بۆ داهێنان و هێنانە ئارای قۆناغێکیتری نوێی مۆدێرنی هەوڵدان و کۆشش و خەباتکردن.
لە ناوەراستی سەدەی بیستەمدا، سەدەی بزاڤی نەتەوایەتی، کەسایەتییەکی زیرەک و بیرمەندی وەک بەرێز ( مام جەلال ) وەک پێداویستییەکی گرنگی قۆناغەکە سەری هەڵدا و بووە سونبلی شۆڕشگێری و بەرخۆدان و رۆڵی گرنگ و دیاری لە داهێنانی شێوازە مۆدێرنەکانی خەبات و تێکۆشاندا گێڕا. هەڵە نەبووم ئەو دەمانەی هێشتا لە سەرەتای قووڵبوونەوەی فیکری و لە نزیکەوە ناسینی ئەم بیرمەندەدا بووم، وەک لاوێک خۆشەویستیم لە عەشقی شۆڕشگێڕی ( مام )ەوە شەیدای کەسانی هەڵکەوتە و شۆڕشگێری وەک ماوتسی تۆنگ و کیم ئیل سۆنگ و هۆشی منە و گاندی بووم، ئومێد لە دڵمدا سەری هەڵدا کە ئێمەی کوردیش شۆڕشگێرێکی لێهاتوو و پەرۆشێکی وەک ( مام جەلال )مان هەیە، لەگەڵ نزیک بوونەوە و ناسین و قووڵبونەوەمدا ئەم هەستە زیاتر پەرەی سەند و تێگەیشتم کە ( مام جەلال ) پێداویستییەکی خۆیی و بابەتی بزووتنەوەی ئازادی و رزگاریخوازی نەتەوەی کوردە. دیارە ( سەرهەنگ )ی باوکم بەر لە گەڵاڵە بوونی تێگەیشتنەکانی من، ئەم راستیانەی دەناسی، هەر بۆیە هەمیشە بە ئومێد و گەشبینییەوە باسی لێهاتوویی و توانای ( مام جەلال )ی دەکرد و منیش تەواو گوێم شل دەکرد بۆ باس و بەسەرهاتەکانی و دەمزانی باوکیشم وەک پەرۆشێک بۆ رەوش و بار و دۆخ و ئایندەی نەتەوەکەم ئومێد و هیوای زۆر لەم پیاوە مەزنەدا دەبینێتەوە.
ئەمانە باس لێوەکردنێکی تاکپەرستی کوێرانە نیە، بەڵکو هەموو ئەوانەی لە ژیانی خوێندکاری و چالاکییەکانی نێو بزووتنەوەی خوێندکاران و لاوان و سەرەتاکانی تێکەڵبوونی بە سیاسەت و لێوەی نزیک بووبن، گەواهی لەسەر ئەم راستییانە دەدەن. هەر لە سەرەتای چوونە شاخیەوە و بەشداریکردنی لە شۆڕشی چەکداری کوردا وەک پێشمەرگەی سەنگەرەکانی ریزەکانی پێشەوەی بەرەنگار بوونەوە و بەرگریکردن، پێشمەرگە بووە، وەک سەرکردەش، سەرکردەیەکی لێهاتوو و کارامە و دووربین بووە، تەواوی داستان و نەبەردەکانی دەشت و دۆڵ و چیاکان و سەرکردایەتیکردنی شەڕەکان دەیسەلمێنێ و گەواهیدارێکیترن لەسەر شۆڕشگێری و چالاکییەکانی ئەم مرۆڤە مەزنە.
کەسایەتییەک بەمجۆرە دڵسۆز و خەمخۆر و پەرۆشی میللەتەکەی بووبێت و رۆژ و شەوی خستبێتە سەریەک و چرکەیەک سرەوتی لە هەوڵ و تێکۆشان و خەباتدا نەبووبێت و پێگەیەکی دیاری کارتێکەری لەسەر بوارەکانی ناوخۆی کوردستان و هەموو عێراق و تەواوی ناوچەکەدا هەبێت، بێشک دابڕانەکەی ئەمڕۆ بەهۆی باری تەندروستییەوە بۆشاییەکی گەورە و فراوانی هەستپێکراو لە هەموو ئاست و بوارەکاندا جێدەهێڵێت. ( مام ) یاساناس بوو هەمیشە رۆڵی یەکاڵاکردنەوەی چۆنیەتی یاسا دانانەکاندا دەبینی، ( مام ) سیاسی بوو هەمیشە رۆڵ و کاریگەریی لەسەر راوبۆچوونی تەواوی پارتە سیاسییەکانی کوردستان و عێراقدا هەبوو .. ( مام ) پڕبەپری هەست و ویژدانی مرۆڤایەتی بوو، هەر بۆیە لە کێشمانکێشەکاندا هەمیشە کەمترین مافی بەخۆ و پارتەکەی رەوا بینیوە و هەمیشە کلیلی چارەسەر و ئاشتەوایی بە دەستەوە بوو ..( مام ) دیپلۆماتکارێکی پسپۆڕ و شارەزا و بە توانا و هەر بۆیە لە دانوستانەکاندا هەمیشە سەرکەوتنی بەدەست دەهێنا، ( مام ) هەمیشە چاوی بۆ هەمووان بوو هەربۆیە هەمووانیش چاویان بۆ مام بوو.
بارودۆخی هەمەلایەنەی ئەمڕۆش بەتەنیا بیروبۆچوونەکانی ( مامی )ی مەزن، بیردۆزو ئایدۆلۆژیەکانی تاکە رێگەی چارەی هەموو قەیرانەکانە، رێبازی ( مام ) رێبازی گۆڕانکاری و پێشکەوتنخوازییە، رێبازی داهێنان و چەسپاندنی دیموکراسی و ئاشتییە.
دەبا بگەڕێینەوە بۆ شێوازەکانی ( مام ) لە چۆنیەتی خۆرێکخستنەوە و خۆتاودان بە گوڕ و تین و توانایەکی نوێوە، ئەوەی لە ( مام )ەوە فێر بووین ئەمڕۆ بیکەینە داینەمۆی دەرئەنجامە سوود بەخشەکان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. دڵسۆزیمان بۆ ( مام ) و رێبازەکەی چەترێکە دەکرێت لە سایەیدا هەمووان کۆببینەوە و یەکێتی ریزەکانی ناو یەکێتی تۆکمەتر بکەین و بپارێزین و ئەو داناییەی ( مام ) لە پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتیدا، هێزی یەکێتی و توانای یەکێتی و پێگەی یەکێتی بەرجەستە کردبوو لە رۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، هەر بۆیە هێزی هەمووان هێزی یەکێتییە و هێزی یەکێتیش هێزی هەمووانە، ( مام ) خۆی چەندین جار دووپاتی کردۆتەوە و دەفەرموێ: ( مانەوەمان، سەروەریمان، پێشکەوتنمان، بەندە بە یەکێتیی نیشتمانێی کوردستان ). هەر بۆیە هەموو دڵسۆزییەک بۆ داهێنان و پێشکەوتن و بەرقەراربوونی دیموکراسی و پاراستنی ئازادییەکان و سەقامگیر بوونی هێمنی و ئاشتی و چەسپاندنی دەستورێکی مۆدێرن و سیستەمێکی نوێی هاوچەرخ لە کوردستاندا پابەندە بە پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتیەوە. ئەمەش تاکە دیاری و وەفا و دڵسۆزی یەکێتییەکان پێشکەش بە ( مام ) و ماندووبون و مێژوویەکی پڕ خەبات و سەروەری رابەری گەورەمان ( مام جەلال ) بکرێت و لەم قۆناغەی ئەمڕۆدا ( مام ) دڵخۆش و ئاسوودە و سەرفراز بکات و بە تەندروستییەکی باش و دڵێکی پڕ هیوا بە ئەندامەکانی بگەڕێتەوە نێو پرۆسەی سیاسەت و خەبات.
hsarhang@yahoo. com