ن- کامەران حاجی ئەلیاس
ھەمیشە قوتابخانە،پێگەیەکی گرنگی ناو کۆمەڵگا بووە، بۆ پێگەیاندنی کادری لێھاتوو، لە ھەموو بوارەکانی ژیان دا، لە نێو خشتەی وانەکانی قوتابخانەدا چەند وانەیەکی ھونەری وەکو (نیگار، سروود مۆسیقا) ھەن ،ئەم دوو وانە ھونەرییە لەپاڵ وانەی وەرزش دا گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە بۆ قوتابیان بۆ زاخاوی و حەسەناوەی مێشکی قوتابی ھەرلەم ڕوانگەوە زۆربەی زۆری قوتابیان ھەردوو وانەی وەرزش و ھونەریان لەلا خۆشەویستە زۆریش گرنگی پێدەدەن ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قوتابیان تارادەیەک ئازاد دەبن لە ئەنجامدانی چالاکییەکانیان چ لەوانەی وەرز ش یاخود لە وانەی ھونەر بێت،چونکە راستەوخۆ توانستی خۆیان دەردەخەن و پێشکەشی ئامادە بووانی دەکەن، ھەربۆ ئەم مەبەستە بۆ زیاتر گرنگی دان بە قوتابیانی بەھرەمەند، لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق جگە لە قوتابخانەکان فەرمانگەیەکی ھونەری و وەرزشی دەکرێتەوە بەناوی چالاکی قوتابخانەکان کە مەبەست لە کردنەوەی ئەم فەرمانگایە، برەودانە بەو قوتابیانەی خاوەن بەھرەن جگە لە مەش ساڵانە پیشانگاو فێستڤاڵی تایبەت بە وتاربێژی و شانۆ و پەخشان ونیگار و کاردەستی بۆ قوتابخانەکان ساز دەکات کە خودی قوتابیان بەشدار دەبن و بەرھەمەکانیان نمایش دەکرێت ، سەرکەوتووان خەڵات دەکرێن.
ئەوەی مەبەستمە ھەڵوێستەی لەسەر بکەم بەرێوەبەرایەتی گشتی چالاکی قوتابخانی ھەولێرە،کە ھەر لەسەرەتای دامەزراندنییدا لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو، تائێستا،چەندین کادیری ھونەری لە بواری شانۆ و میوزیک و گۆرانی و شێوەکاری شانۆیی لەرێگەی ئەم فەرمانگایە پەروەردە و ھونەرییەدا توانیویانە ببن بەئەستێرەی ھونەری لە کوردستان بە گشتی لە ھەولێر بەتایبەتی ، بەڵام من ھەوڵدەدەم لە باسە کورتەدا زیاتر جەخت لە بواری ھونەری شانۆ و ھونەرمەندانی شانۆ بکەم، کە بەھۆی ئەم دامەزراوە ھونەری و پەروەردەییە چەندین بەرھەمی شانۆیی و ئۆپەرێتی ناوەزەیان پێشکەش کردوە ، لە ھەمان کاتیشدا توانیویانە ،بەشداری چەندین فێستێڤاڵ بکەن لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان ،ئەم دامەزراوە لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو لە معاریفی (پەروەردە)ی ھەولێر دامەزراوە ، یەکەم بەرێوەبەریش بەرێز “سوڵتان عەبدوڵاَ مردان “بووە لە نێوان ساڵانی (١٩٥٥-١٩٧٢) لە ماوەیەدا تائێستاش چەندین ھونەرمەند وەکو مامۆستا و سەرپەرشتیاری ھونەری کاریان کردوە لەوانە ھونەرمەندان (چەتۆ حەسن، سەباح عەبدولڕەحمان ، تەڵعەت سامان ، یەحیا مەرجان ،فواد ئەحەمەد ، واحید مەرجان ، تەحسین تەھا ، عەبدوڵا دڵسۆز، ئیسماعیل سەعید ئیساعیل ،جەودەت شاکر ، وەلید مەعروف جارۆ ،شاھین نەجەمەدین ،کامەران حاجی ئەلیاس، نەوزادی حاجی شوشە…چەندانی تر ) .
لە ساڵی ١٩٦٧ ھونەرمەند “سەباح عەبدولڕەحمان” دوای ئەوەی پەیمانگەی ھونەرجوانەکانی بەغدا بەشی شانۆ تەواو دەکات دەگەرێتەوە کوردستان ، لە ساڵی ١٩٦٨لەیەکێک لە قوتابخانەکانی شاری رواندز وەکو مامۆستای پەروەدەی ھونەر دەستەبەکار دەبێت ،ھەمان ساڵ دەگورازێتەوە ھەولێر لە چالاکی قوتابخانەکان دەست بەکا ر دەبێت، ئەو شوێنەش کەشێکی لە بار دەبێت، بۆ ھونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان بۆ ئەوەی خەونەکانی خۆی بھێنێتە دی ،ھەر بۆئەمەبەستە سەردانی قوتابخانەکانی شاری ھەولێر دەکات ، بەنیازی دۆزینەوەی قوتابیانی بەھرەمەند لە بواری شانۆ لەم ماوەیەدا چەندین بەھرەمەندی لە نێو قوتابخانەکان دۆزییەوە،کە لە دوا رۆژدا بوون بە ئەستێرەی گەشی شانۆی کوردی وەکو خوالێیان خۆش بێت ھونەرمەندان (سەلام کۆیی، سوبحی کۆیی ، جەلال بەیار لەگەڵ ھونەرمەندان فەیسەڵ محمەد ساڵح ، زایەر عەبدوڵڵا..چەندانی تر) ھەر لەم ساڵەدا شانۆگەری “چارەڕەش” لە دەرھێنانی ھونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان لە شاری ھەولێر پێشکەش دەکات.
یەکێک لەھەرە گرفتەکانی فەرمانگەی چالاکی قوتابخانەکانی ھەولێر، نەبوونی شوێنی گونجا بوو، نەبوونی ھۆڵێکی تایبەت بەخۆی بۆ ئەوەی کارەھونەرییەکلنی خۆیان وەکو نمایشکردنی شانۆ و شێوەکار و ئاھەنگی میوزک، بۆیە ھەرجارە و لە شوێنک بووە ، یەکەمین جار لە ژوورێکی بچووک لە گەرەکی ئیسکان بوو، دوای چەندین شوێنێکی تریان کردوە .. بەڵام ئەگەر ھونەر و شاکاری مەزن ھەبێت ئەوا دەتوانرێت ھۆڵ و شوێنی گونجا و دروست بکات ، فەرموون بزانن چۆن ئۆپەرێتێک شوێنکی نایاب و مۆدرێن بۆ چالاکی قوتابخانەکانی ھەولێر دروست دەکات، ئۆپەرەتی “تارا”، یەکێکە لەو ئۆپەرێتانەی کە ھونەرمەند خواڵێی خۆشبێت (واحید مەرجان) نووسیویەتی ھەر خۆشی کاری دەرھێنانی بۆ کردوە،لە ساڵی ١٩٧٤ فیستڤاڵێکی تایبەت بە ئۆپەرێت لەسەر ئاستی ھەموو پارێزگاکانی عێراق لە شاری بەغدا سازدەکرێت بەناوی “فیستیڤاڵی چالاکی قوتابخانەکانی عێراق” ،چالاکی قوتابخانەکانی ھەولێریش یەکێک دەبێت لەو پارێزگایانە کە بە ئۆپەرێتی (تارا) لە نووسین و دەرھێنانی ھونەرمەندی خوالێی خۆشبێت “واحید مەرجان” بەشداری ئەم فیستیڤاڵە دەکات ، ھەرخۆشی ئاوازی بۆ گۆرانییەکان دادەنێت و دیزاینی دیکۆرەکەشی لەلایەن خودی خۆی ئامادەکات لە ھەمان کاتیشدا وەکو ئەکتەریش رۆڵ لە ئۆپەرێتە کە دەبینێت.
لە کۆتایی فیستیڤاڵدا ئۆپەرێتی “تارا” کە بەرھەمی چالاکی قوتابخانەکانی شاری ھەولێر بوو، توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەست بەھێنێت ببێتە ماییەی رەزامەندی ئەندامانی لیژنەی ھەڵسەنگاندەن و سەرپەرشتیاران و ئامادەبووانی فیستیڤاڵ ، وەزیری پەروەدەی عێراقی ئەو کات یەکێک دەبێت لەوانەی کە بە ئۆپەرێتەکە لەرووی (بابەت ، دیکۆر ، نواندن ، دەرھێنان ، موزیک) زۆر سەرسام دەبێت ،ھەربۆیە لەدوای تەواو بوونی فیستیڤاڵەکە لەگەڵ سەرجەم ستاڤی ئۆپەرێتەکە کۆدەبێتەوە دوای دەست خۆشی لێکردن و پیرۆزبایی لێکردنی لە ستاڤی ئۆپەرێتی “تارا” ، بە بەرێوەبەری چالاکی قوتابخانەکانی ھەولێر (م. جەمال ھیدایەت ) دەڵێت ” ئۆپەرێتەکەی ئێوە زۆر دڵخۆشی کردم ، کارێکی واتان کردوە زۆر لەئاستی پارێزگاکانی تر عێراق وەکو بەسرا و موسڵ بگرە لە بەغداش باشتر بێت بۆیە کارەکانتان لەو ئاستە دایە کە چیتان پێویستە بۆتانی جێبەجێ بکەم. وەزیر بە بەرێوەبەری چالاکی قوتابخانەکانی ھەولێری ئەو کات (جەمال ھییدایەت) دەڵێت” فەرموون چیتان پێویستە” مامۆستا جەمالیش لە وەڵامدا بە وەزیر دەڵێت: بەداخەوە ئێمە لە شاری ھەولێر تا ئێستا باڵەخانەیەکی تایبەت بە خۆمان نییە وەکو چالاکی قوتابخانەکانی ھەولێر ، بۆ ئەوەی کارەکانی خۆمان وەکو راھێنان وپرۆڤەونمایش کردنی بەرھەمەکانی خۆمانی لێ نمایش بکەین.. لە وەڵامدا وەزیرش راستەوخۆ فرمان دەدات بەزووترین باڵەخانەیەکی تایبەت بە چالاکی قوتابخانەکانی ھەولێر دروست بکرێت بەڵێ ئێستا ئەو باڵەخانەی چالاکی قوتابخانەکان ھەولێر کەلە گەرەکی رووناکییە لە ھەولێر، بەرھەم و دەستکەوتی ئۆپەرێتی “تارا”یە وەبەتایبەتیش بۆ ھونەرمەندی گەورە “واحید مەرجان ” دەگرێتەوە.
بەرێزان ھێشتا بەرھەم و دەستکەوتی ئۆپەرێتی “تارا” کۆتایی نەھاتووە ئەو کات لە عێراق تەلەفزیۆنی پەروەردەیی ھەبوو ھەرە بۆیە بەرێوەبەری تەلەفزیۆنەکە بڕیار دەدات ئەو ئۆپەرێتە (تارا) بۆ تەلەفزیۆنی خۆیان تۆماربکەن لەوێش ستاڤی ئۆپەرێتەکە داوای تریان دەبێت ،دەڵێن تا ئەو داوەیان جێبەجێ نەکرێت ئۆپەرێتەکە تۆمار ناکەن ، داوەکەش بریتییە لە مۆڵەت دان بۆ تۆمار کردنی درامای تەلەفزیۆنی (چڵپاو) کەبەرھەمی تیپی ھونەری ھەولێر بوو ھەر بۆیە دوای چەند کاتژمێرێک رەزامەندی وەردەگرن ئەنجا ئۆپەرێتەکەیان تۆمار دەکەن ئەمەش دەستکەوتێکی تری ھونەرمەند واحید مەرجانە.
بێگومان ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی شانۆی ھەولێر بدەیەنەوە، گوزەرێک بەنێوە شانۆکارانی ھەولێردا بکەین ،ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ، ئەو شانۆکارانەی لە گۆرەپانی ھونەری شانۆی بوونیان ھەبووە ، چ لە رابردوو چ لە ئێستادا زۆربەیان لە رێگەی چالاکی قوتابخانەکان دەرکەوتوون بەجۆرێک وەکو پەیمانگایەکی ھونەری بووە ، بۆ پێگەیاندنی ئەو ھونەرمەندانە،بێگومان لەھەرسێ بەشە ھونەرییەکە (شانۆ ، شێوەکار ، گۆرانی و میوزیک) بە دەیان کادری پێگەیاندووە، بەڵام من لەو باسەکورتەدا ،زیاتر ھەڵوەستەم لەسەر بواری شانۆ کردەوە ، رۆڵی چالاکی قوتابخانەکان دەکرێت چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.. بێگومان ھونەرمەند زۆرن خۆیان بە قەرزاری چالاکی قوتابخانەکان دەزانن کە رەنگە من ناوی ھەموویانم لە بیر نەبێت بۆیە ئەگەر لە ناونەھێنیان لە لەبیرم کردبێت لەم کورتە باسەدا داوای لێبووردنیان لێدەکەم…
لە چالاکی قوتابخانەکان چەندین بەشی سەرەکی بوونیان ھەیە وەکو بەشی (رۆشنبیری ، شانۆ، میوزک ، شێوەکاری ) کە ساڵانە فیستیڤاڵ بۆ سەرجەم قوتابخانەکان ساز دەکەن خودی قوتابیان بەرھەمەکانی خۆیان پێشکەش دەکەن، لە کۆتاییدا باشترینەکان خەڵات دەکرێن ، جگە لەوەش پیشانگای تایبەتی بۆ مامۆستایانی پسپۆری ھونەری دەکرێتەوە.
لە کۆتاییدا بەباشم زانی ئاماژە بە ناوی ئەوە بەرێوەبەرانە بکەم کەھەریەکەو بەپێی کاتی خۆی خزمەتێکی باشی بواری ھونەرییان کردووە یەکەم بەرێوەبەر بەرێز “سوڵتان عەبدوڵاَ مردان “بووە لە نێوان ساڵانی (١٩٥٥-١٩٧٢) ،ھونەرمەند “فوئاد ئەحەمە” لە نێوان ساڵانی (١٩٧٢- ١٩٧٤) ، ھونەرمەند ” جەمال ھیدایت عەبدوڵڵا” لەنێوان ساڵانی ( ١٩٧٤- ١٩٩٤)، ھونەرمەند” ئیسماعیل سەعید ئیسماعیل” لەنێوان ساڵانی ( ١٩٩٤- ١٩٩٦) ، ھونەرمەند “یەحیا خدر مەرجان” لە نێوان ساڵانی ( ١٩٩٦- ١٩٩٧)، بەرێز ” حەیدەر جەوھەر تەھا ” لەنێوان ساڵانی ( ١٩٩٧- ٢٠٠٠)، بەرێز “ئیسماعیل ئەبوبکر مستەفا” لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٠- ٢٠٠٢) ، ھونەرمەند “فەرھەنگ غەفوور” لەنێوان ساڵانی ( ٢٠٠٢- ٢٠٠٨) ،ھونەرمەند “ھوشیار واحید مەرجان ” لە ساڵی ٢٠٠٨ دەست بەکار بووە تائێستاش بە ردەوامە .
بۆ ئەم باسە سوودم لەم بەرێزانە وەرگرتووە:
– ھونەرمەند” چەتۆ حەسن “پەیوەندی تەلەفۆنی.
– ھونەرمەند “سەباح عەبدولڕەحمان ” پەیوەندی تەلەفۆنی.
– ھونەرمەند “شاھین نەجەمەدین” دیدار.
– ھونەرمەند “ھۆشیار مەرجان” دیدار.
-چالاکی قوتابخانەکان- ھەولێر “ھەڵمەت کازم عەبدوڵڵا
Discussion about this post