سـینه‌مـا یه‌کێکه لە باوتـرین جـۆرەکانی هـونـه‌ر، بایـه‌خی هـونـه‌ری و جـوانی هـه‌یه. سـینه‌ما یه‌کـێکه له هـۆکارەکانی راگه‌یـانـدن و زۆرتـرین هـه‌وادارانی هـه‌یه. سـیـنه‌ما پیـشه‌سازیی هـونـه‌ری جـوڵانه. هـه‌نـدی که‌س به (هـونه‌ری حـه‌وتـه‌م) نـاوی دەبه‌ن. سـینه‌مـا ته‌نهـا لایـه‌نێکی خۆشی نیـیه، هه‌مـوو بـوارەکـانی ژیـانی بەسه‌رکـردۆتـه‌وە. روونـاکـیش دەخـاته سـه‌ر کـێـشەکـانی کۆمـه‌ڵ. هـۆکـارێکـی گـرنـگی رۆشـنبـیریـشه. سینه‌ما دیـاردەیـەیه‌کی شارسـتانی و پێـشـکه‌وتـنیشـه.
رۆژئـاواییـه‌کان یه‌کـڕا و یه‌کـدەنـگ نیـن له‌سـه‌ر ئـه‌وەی، کـه سـیـنەمـا هـونـه‌رێـکی سـه‌ربه‌خـۆیه یـان لـقـێکه لـه هـونـەری ئـه‌دەب و شـانـۆ. (رۆدلـف ئارنهـایـم) یه‌که‌م داکـۆکـیکه‌ر بـوو، له‌سـه‌ر بیـرۆکه‌ی سـه‌ربه‌خـۆیی سـینه‌مـا وەکـوو هـونـه‌رێـک.
فـیلمی سینه‌مایی بریتیه له وێنه‌گـرتنی دیمه‌نه ریـزبه‌نـدییه‌کان و ئـه‌و وێنـانه‌ی له‌سه‌ر شاشه‌ی سـینه‌ما له هـۆڵی سـینه‌مـادا، یا له ته‌له‌فـزیۆن و له ئینته‌رنێتدا، یان به هـۆی دەزگای تـرەوە بۆ خـه‌ڵکی نمایـش دەکـرێن. که رووداوەکـانی ژیانیـان له‌خۆگـرتـوون.
سینه‌ما دەتوانێت ئاستی رۆشنبیریمان فـراوانتر بکات. په‌نجه‌رەکانمان له‌سه‌ر دەکاته‌وە، بۆ ئـه‌وەی دەربـارەی رۆشـنبیری و داب و نه‌ریـت و پێشکه‌وتنی گـه‌لانی تر بـزانـین و چاوەکانمـان به جیهـانانی جیـاوازی تـردا هـه‌ڵـبهـێنـین.
سینه‌مـای منـداڵان، به‌شێکه له سـینه‌مای گشتی. ئه‌و فـیلمه تایبه‌ییانه نمایش دەکات که به تایبه‌تی بۆ منداڵان نووسراون و دەرهـێنراون و وێنه‌یان گرتوون، بۆ ئه‌وەی منداڵان بیـانبیـنن. یا بـۆ جەمـاوەرێـکی فـراوانتـار که به (خـێزان) ناودەبـرێـن.
له ئه‌مڕۆدا وڵاتانی پێشکه‌وتووی جیهـان، گرنگییه‌کی زۆر به سینه‌مای منـداڵان دەدەن. ساڵانه چه‌نـدین فـیلمی تایبه‌تی بۆ منداڵان به‌رهه‌مـدەهـێنن و نمایشیان دەکه‌ن. به دەیان رۆماننووس و سیناریۆنووس و ئه‌کته‌ر و دەرهـێنه‌ر و سینه‌ماکار و فـیلمساز و وێنه‌گر و کامیـرامه‌نـدی شـارەزا و شارەزایـانی بـواری پـه‌روەردە و ئـارەزووەکـانی منـداڵان و کۆمپانیای زەبه‌لاح، هه‌موو پێکه‌وە سه‌رقاڵی به‌رهـه‌مهێنانی فـیلمی سینه‌مایی منداڵانن. بـوودجـه‌یەکی زەبـه‌لاحیـشـیان بۆ تـه‌رخـان کـردووە. ئه‌مـریـکا و یابـان و هـیندستان و ئه‌لمانیا و پـۆڵه‌نـدا و کۆریـای باشوور و رووسیا و چیک پێشه‌نگـن له به‌رهـه‌مهـێنانی فـیلـمی سینه‌مـایی بۆ منـداڵان.
له بیسته‌کانی سه‌دەی رابـردوودا، له ئه‌مریکادا بـیرۆکه‌ی فـیلمی سینه‌مایی بۆ منـداڵان سه‌ری هه‌ڵـدا، له وڵاته یه‌کگرتووەکانی ئه‌مریکا و ئه‌ورۆپادا پێشکـه‌وت. له ئه‌مریکادا به شێوەیـه‌کی فه‌رمی زاراوەی (فـیلمی خـێزانی) به‌کاردەهـێنن. له ئه‌وروپاش زاراوەی (فـیلمی منـداڵان) و به زۆریش زاراوەی (سـینه‌مـای منـداڵان) به‌کـاردەهـێـنن. ته‌نانه‌ت شێوازی هه‌ڵـبژاردنی پاڵه‌وان و که‌سایه‌تییه‌کان بـۆ رۆڵگـێڕان له فـیلمه‌کانـدا، له نێوان ئه‌مـریکا و ئه‌وروپـادا، تـا رادەیـه‌ک جیـاوازیـیان هـه‌یه. لـه فـیـلمه ئه‌مـریـکـییه‌کـانـدا، کۆمـه‌ڵـێک پێویستی و مه‌رجی تایبه‌تییان هـه‌یه بۆ هه‌ڵبـژاردنی ئه‌و منـداڵانه‌ی رۆڵیان له فـیلمه‌کانیاندا هه‌بێت، وەکوو شـۆخ و شه‌نگی و به‌ژن و باڵا و چه‌نـد مه‌رجـێکی تر. بـه‌ڵام له فـیـلمه ئه‌ورۆپـاییه‌کانـدا، هـێـندە گـوێ به سـیـمای تایبـه‌تی نادەن و منـداڵانی ئاسایی بۆ فـیـلمه‌کانیان هـه‌ڵـدەبـژێن.
پێویسته هـه‌نـدێ پێـویستی لـه فـیلـمه باشـه‌کانی منـداڵانـدا هـه‌بـن: په‌یـامێکی ئـه‌رێنی په‌روەردەییـان هـه‌بێـت، گونجاوبن له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی منداڵان، دووربن له ته‌ڵقین ئاسایی و له په‌ندێری و له ئامۆژگاریی راسه‌وخۆ، خۆشی و شادی به منداڵان ببه‌خشن، هـۆش و سـۆزداری منـداڵان ببـزوێـنن، ساکار و سه‌رنـج راکێـشبن، دووربـن له تـونـد و تیـژی.
ئـه‌م چه‌نـد رێنماییـانه‌ش بۆ سـوود وەرگـرتن، ئاراسـته‌ی دایـکان و باوکـان دەکـه‌ین:
١ـ پێویسته ئه‌و فیلمه سینه‌ماییانه‌ی بۆ منداڵان نمایش دەکرێن، دایکان و باوکان هه‌ڵیان بـژێـرن و په‌سه‌نـدیان بکه‌ن، له‌ژێـر چاودێـری ئه‌وانـدا منـداڵان سه‌یـریان بکه‌ن. ئه‌رکی وەزارەتی رۆشـنبیری کوردستانه، که پيش نمایـشکردنی فـیلمه سینماییه‌کان بۆ منداڵان، له سـینه‌مـاکان و ته‌له‌فـزیـۆنه‌کانـدا، له لایـه‌ن لیـژنـه‌یـه‌کی په‌روەردەیی و دەروونناسی منـداڵانه‌وە، کۆنترۆڵ بکـرێن و ئه‌و دیمـه‌نه نه‌گونجـاو و ناپه‌سه‌نـدانه‌یان بسـڕنه‌وە که بۆ منـداڵان ناشـێن و کاریـگه‌ری و رەنگدانەوەی نه‌رێنیان له سـه‌ر ژیـانیان دەبـێـت.
٢ـ پێویسته دایکان و باوکان، به تایبه‌تی و به وردییـه‌وە، پێش نمایشکـردن و بینـینی فیلمه‌کان له لایه‌ن منداڵانه‌وە، چـیرۆکی فـیلمه‌کان بخوێننه‌وە و باش سه‌یریان بکه‌ن و له ناوەڕۆک و مه‌به‌سته‌کانیان تێبگه‌ن. تا دڵنیابن که شتی خراپ و ناله‌باریان تێدا نییه.
٣ـ دوای بینینی فـیلمه‌کان، پێویسته دایکان و باوکان، هـانی منـداڵه‌کانیان بـدەن، که به راشکاوی گـفتـوگـۆ و پرسـیار دەربـارەی سیناریـۆ و که‌سایه‌تییه‌کانی فـیلمه‌کان بکه‌ن. سه‌رنـج و تێبینییه‌کانیان چـین دەربـارەی خـاڵه ئه‌رێنییەکان و نه‌رێنییه‌کانی فـیلمـه‌کان.
٤ـ پێویسته دایکان و باوکانیش، به‌شداربن له بینینی فـیلمه‌کان و له شیکـردنه‌وە و له هـه‌ڵسه‌نگانـدنی فـیلـمه‌کان، له‌گـەڵ منـداڵه‌کانیـان. رای خۆیـان له بارەیانه‌وە دەربـڕن.
٤ـ به زارەکی فـیلمه‌که‌کـان کورت بکـه‌نه‌وە، با هـه‌ریـەكه له منـداڵه‌کان بیانگـێڕنه‌وە. دواییش با هـه‌ریه‌کـه‌یان به کـورتی به نـووسین باس له فـیـلەکـان بـکه‌ن.
٥ـ با هـه‌ریه‌که له منـداڵه‌کانتان باس لـه‌و که‌سایـه‌تییانه‌ی فـیلمه‌کان بکه‌ن که خۆشـیان دەویـن، له‌گـه‌ڵ باسکـردنی هـۆی خـۆشـه‌ویستیـیان بۆیـان.
٦ـ ئه‌گه‌ر بکـرێت دیمـه‌نێکی دیاریکـراو لـه دیمـه‌نـه‌کانی ئـه‌و فـیلمانه‌ی کە دەیـانبینن. له ماڵـه‌وەدا، بـۆ خۆشی له‌گـەڵ منـداڵه‌کانتـانـدا بـه نـوانـدن بیـان نـوێـنن.
سـوودەکانی سینەمـای منـداڵان
١ـ سینه‌مای منداڵان جیهـانێکی رەنگـینه، له تێکه‌ڵبوونی دیمه‌نه‌کان و موزیک و خه‌یاڵ پێکـدێت. بۆیـه بۆته مایه‌ی بایه‌خـدانی منـداڵان. چیرۆکه‌کانی فـیلمه‌کان هـۆش و خه‌یاڵی منـداڵان به‌رەو ئاسمانـێکی ئه‌فـسووناوی فـراوان دەبـه‌ن.
٢ـ سینه‌مای منداڵان، که‌رەسته و هـۆکارێکی گـرنگه له بنیاتنـانی رۆشـنبیریی منـداڵان و لـه گه‌شـه‌کـردنی خـه‌یـاڵ و هـزر و بیـری منـداڵان. بـۆ ئاشـکـراکـردنی وزە و تـوانـا خه‌په‌بـووەکانیـان و قـۆستـنه‌وەیـان بـۆ به دروسـتی ئاراسته‌کـردنیـان.
٣ـ ئه‌رەکی سـه‌رەکی فـیلمـە سـینه‌مـاییـه‌کانی منـداڵان، به‌خـشینی خـۆشی و شادییـه‌کی تایبه‌تییه به منـداڵان. فـیلمه‌کان پـڕن له دیمـه‌نی کـۆمیـدی و گاڵـته و گـه‌پ و خه‌نـدە و پێکه‌نـین. وەکوو له فـیلـمه‌کانی کـه‌ڵه ئه‌کـته‌ری کۆمیـدی جیهـانی (چـارلی چـاپـلین) و (میـسته‌ر بـین) دا دەیانبیـنن، ئه‌گه‌رچی فـیلمه‌کانی چارلی چاپـلین، به رەش و سپین و مێـژوویان بۆ سه‌دەیه‌ک پێـش ئه‌مـڕۆ دەگه‌ڕێنه‌وە. به‌ڵام چـێژیان هـێشتا کاڵنه‌بۆته‌وە.
٤ـ دەشی فـیلمه سینه‌ماییه‌کان یارمه‌تی ئه‌و منداڵانه بدەن که تووشی خه‌مۆکی و ترس و گۆشه‌گیری و توڕەیی و دڵه‌ڕاوکی بوونه، له‌م نەخۆشییه دەروونییانه رزگاریان بێت.
٥ـ ئـه‌و هه‌ڵـویست و کـارە ئه‌رێنییانه‌ی، که منـداڵان له فـیلمه‌کانی سینه‌مـای منـداڵانـدا دەیانبینن، روڵ و کاریگه‌رییه‌کی زۆریان له بنیاتنانی که‌سایەتی دروستی منـداڵان و له جیگـیردنی رەوشت و رەفـتاری باش و به‌هـا جـوانـه‌کان له دەروونی منـداڵانـدا هـه‌یه.
٦ـ فـیلمه‌کانی منـداڵان، باشـترین هـۆکـارن بـۆ ناسینی داب و نه‌ریـت و رۆشـنبیری و که‌له‌پوور و شێواز و رێگای مامه‌ڵه‌کردنی جیاوازی گه‌لانی دەوڵه‌تـانی تـری جـیهـان. چونـکه فـیلمه‌کـان وەکـوو ئـاوێنـه وان و ژیـان و رۆشـنبـیریی گه‌لانی تـر دەنـوێـنن.
٧ـ فیلمه سینه‌ماییه‌کانی منداڵان، به سه‌رچاوەیه‌کی گه‌ورەی ئیلهام به‌خشین دادەنرێن. به تایبه‌تیش ئه‌و فـیلمانه‌ی که چـیرۆکه‌کانیان له راستیـیه‌وە وەرگـیراون. هـه‌میشه‌ش فـیلمه به‌سوود و باشه‌کان په‌یـامی ئه‌رێنی و هـيوا و گه‌شبینی به منـداڵان دەبه‌خـشن. فـێریان دەکه‌ن که له ژیـانـدا، له سایه‌ی متمـانه به‌خۆبـوون و کۆشش و کـۆڵنـه‌دانـدا، شـتێک نییه که نـاوی ئه‌سـته‌م بێـت و نه‌یـاته‌دی.
٨ـ به‌شـێکی زۆر له منـداڵان، له رێی بینـین و گـوێگـرتن له فـیلمـه‌کان، به تایبـه‌تیش ئه‌و فـیلمانه‌ی به زمـانی ئینگـلیزی و هـه‌نـدێ زمـانی ترن، که ژێـرنـووسی کوردی‌یان بـۆ نه‌نـووسـیون، تـا رادەیـه‌کی بـاش فـێری زمـانی ئیـنگـلـیزی یا زمـانی تـر بوونـه.
٩ـ فـیلمه سینه‌ماییه‌کانی منـداڵان، تـوانـایه‌کی جیـاوازیان له دەوڵـه‌مه‌نـدکـردنی هـزر و بیری منداڵاندا هـه‌یه. وزەیه‌کی گه‌ورەشیان بۆ سەرهه‌ڵدان و داهـێنان پێیان دەبه‌خشن.
١٠ـ له‌وانه‌یه له رێی فـیلمه سینه‌مـاییه‌کانه‌وە، منـداڵان روانینـیان بۆ ژیـان بگـۆڕێـت.
پێویسته ئه‌وەش لە منـداڵان نه‌شارینه‌وە، که سینه‌مای منـداڵانیش، وەکوو هـۆکارەکانی تـری راگه‌یانـدن دوو لایـه‌نه، سـوودی هـه‌یه و زیـانیشی هه‌یه. دەبێت منداڵان له‌م دوو لایه‌نه ئاگادار بکه‌ینـه‌وە. چونکه بابه‌ته‌کانی فـیلمه سینه‌ماییه‌کان، کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی ئه‌مڕۆ و داهاتووی ئه‌و منداڵانه دەبێت که سه‌یری ئه‌و فیلمه سینه‌ماییانه دەکه‌ن.
رۆڵی منـداڵان له فـیلمـه‌کانی سـینه‌مـاییـدا
له زۆر فـیلمی سینه‌مـایی جیهـانیـدا، له فـیلمه سینه‌مـاییه کوردییه‌کـانـیشدا، زۆرن ئـه‌و منـداڵه به‌هـرەمـه‌نـدانه‌ی که رۆڵـی پاڵـه‌وانـێـتی یا که‌سـایـه‌تی سـه‌رەکی فـیـلمـه‌کانـن و سـه‌رکـه‌وتـنیان بـه‌و فـیلـمانه به‌خـشـیون. به تایبه‌تیش ئه‌و فـیلـمانه‌ی په‌یـوەنـدییان به خـودی منـداڵانه‌وە هـه‌یه له گه‌لی فـیلـمی سینه‌مـاییش بۆ گـه‌ورەکـان، منـداڵان دەوری سه‌رەکییان هه‌یه. هه‌نـدی له‌و شاکـارە فـیلمه سینه‌ماییانه، له سایه‌ی رۆڵی پاڵه‌وانێتی منداڵاندا، ناوبانگیان دەرکرد و لە سینەماکانی هەموو دەوڵەتانی جیهانـدا نمایش کران. به ملێـۆنـان دۆلار داهـاتیـان بـوو. نووسـه‌ر و دەرهـێـنه‌رەکانیان بـوون به ملیـۆنـێر.
زۆر زۆرن ئه‌و منـداڵانه‌ی که رۆڵی پاڵه‌وانێتی یا سه‌رەکییان له فـیلمه سینه‌ماییه‌کانـدا بۆ منـداڵان و بۆ گه‌ورەکـان هـه‌بـوو. که ته‌مه‌نـیـان له نێـوان (٢) ساڵ بـۆ (١٥) ساڵ بـوون، هـه‌ندێکیان له ژیانـدان و هـه‌نـدێکی تریان مـردوون. بۆ نمـوونه نـاوی چه‌نـد منـداڵـێک دێنیـن، که لە فـیلـمه جیهـانییه‌کانـدا رۆڵی پاڵه‌وانـێتی و سه‌رەکـییان تێیانـدا بینێـون و ناوبانگـێکی جیهـانیان هـه‌یه، وەکوو:
١ـ (جـان کۆجـان) ی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵان، له ساڵی (١٩٢١) دا، له فـیلـمی (منـداڵ) له دەرهـێنانی که‌ڵه هـونه‌رمه‌ندی کۆمیدی ئه‌مریکی و جیهانی (چارلی چاپلین). فیلمه‌که به رەش و سپییه و ماوەکه‌ی (٨٠) خوله‌كه (جان کۆجان) له‌م فـیلمانه‌شدا رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌بوو: له فـیلمی (ئـۆلیڤـه‌ر تـویست: ١٩٢٢) و له فـیلمی (دادی: ١٩٢٣) و له فـیلـمی (رۆبنسۆن کـرۆزۆ:١٩٢٤). که جـێی سه‌رسـامی بینـه‌رانی ئـه‌م فـیلمـانه بـوو.
٢ـ كچۆڵه‌ی ناسک و جـوان (شـیرلی تـمبـل: ١٩٢٨ ـ ٢٠١٤) له دایکبووی ئه‌مریکایه و به (شازادە بچـکـۆله) ناوی دەبـه‌ن. له ته‌مه‌نی (٣) ساڵیـدا به جیهـانی سینه‌ما ئاشنا بـوو. رۆڵی پاڵه‌وانێتی له زنجـیرە فـیلمی کۆمیـدیی رەخنه‌ئامێز (بایبی بیـورلیسکس) دا هـه‌یه. سه‌رەنـج و سه‌رسامی هه‌مـوو بینه‌رانی به لای خـۆیـدا راکێشا. شیرلی تمبـل له چه‌ندین فـیلمی سینه‌ماییـدا رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌یه. به (ئەفـسانه‌ی سینەما) یان دەزانی. شیرلی که گـه‌ورەش بـوو، چـووە ناو دنیـای سیاسه‌ت و دپلـۆماسییه‌وە چەنـدین پله و پایـه‌ی به‌رزی هه‌بـوو. لە نـووسینـێکم دا، بە درێـژی باسم لە شـیرلی تمبـل کـردووە.
٣ـ (جـادلـین سمیس) ی ته‌مـه‌ن هه‌شـت سـاڵان، که کـوڕی ئه‌کتـه‌ری سینه‌مایی (ویـل سمیس) ە، له فیلمی (گەڕان به دوای شادی) دا، رۆڵی پاڵه‌وانێتی هـه‌یە. هه‌روەها له فیلمی (کوڕە کاراتییه‌که)ش له دەرهـێنانی (جاکی شان) جادلین رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌یه.
٤ـ خونچه‌گـوڵ (ئانـۆک ستـیڤـن) ی سـویسری، له فـیلـمی (هـایـدی) که لە نـووسیـنی رۆماننووسی سویسری خاتوو (یۆهانا لویزە هـۆیسه‌ر) و دەرهـێنانی (ئالان گسپۆنه‌ر).
(ئانـۆک ستیـڤـن) ی تەمـه‌ن هـه‌شـت سـاڵان، رۆڵی (هـایـدی) دەبیـنێـت.
٥ـ له فـیلمی (پیـپی گـۆرەویـدرێـژ) که له نووسینی که‌ڵه رۆماننووس و چـیرۆکنووسی سـویـدی خاتـوو (ئاسـتریـد لـینـدگـرین) ە، ئـه‌و کچـۆڵه بـلیـمـه‌ته (٩) سـاڵانه که رۆڵی پـیـپی دەبینێـت، دوو گـۆرەویی درێـژی هـه‌ریه‌که له رەنگـێک له پێـیـەکانی دایـه، قـژە سـوورە درێـژەکه‌ی سـتایـلـێکی تایبـه‌تی هـه‌یه. رۆڵـێکی پاڵه‌وانێتی کـۆمیـدی هـه‌یه و جـوڵه‌ی سه‌یـر و سه‌رنجـڕاکـێش و زۆر کـاری لە تـوانابەدەر ئەنجـام دەدات. دەدات و هـه‌مـوو منـداڵان سه‌رسام دەکـات و دەیـانهـێنێـته خۆشی و خه‌نـدە و پێکه‌نیـن.
٦ـ لـه زنجـیرە رۆمـانی (هـاری پـۆتـه‌ر)، له نـووسینی رۆماننووسی ئینگـلـیزی خاتـوو (جـوان رۆلیـنگ) که کاکـه‌له (دانیـال جاکـوب رادکـلیـف) ی ته‌مه‌ن (١٣) ساڵان، رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌یه، رۆڵی (هـاری پـۆته‌ر) دەبینێت. کچۆله‌ی خونچه‌گوڵ (ئیما واتسـۆن)ی (١٠) ساڵان و کاکه‌له (رۆبـه‌رت گرینـت)ی (١٣) ساڵانیش، له پاڵ دانیال رادکـلیـف دا، رۆڵی سه‌رەکییان هه‌یه. ئه‌م فـیلمه له هه‌موو جیهاندا نمایش کرا. ژمارەیه‌کی پێوانەیی له دەسکه‌وتی پارە و له ناوبانگ به دیهـێنا، نووسه‌ره‌كه‌ی و دەرهـێنه‌رەکه‌ی به هـۆی ئه‌م فـیلمه‌وە بـوون به ملیـۆنێـر.
٧ـ هه‌ریەکەش له‌م منداڵانه رۆڵی پاڵه‌وانێتیان له فـیلمه سینه‌ماییه جیهانییه‌کاندا هه‌یه:
(کمـارک لیسـته‌ر: دە سـاڵان) و کچـۆلە (جـۆدی فـۆسـت: له سێ ساڵـییه‌وە) و کچـۆڵه (هـایـله‌ر مـیلـه‌ر: دە سـاڵان) و کـچـۆڵه (دار‌و بـاریـمـۆری) و (جـۆنـاسان ئه‌شمـور) و (ماریۆ کۆستۆدیۆ) و (ستیڤـزن وارسه‌ر) و (لیندا بلێر) و (هـارفی ستیفنز: پێنج ساڵان) و چه‌نـدین منـداڵی تر که رۆڵی پاڵه‌وانێتی و سه‌رەکییان له فـیلمە سینه‌ماییه‌کاندا هه‌یه.
رۆڵی منـداڵانی کورد له فـیلمه سینه‌ماییه کوردییه‌کاندا
منـداڵانی کوردیش گه‌ر هـه‌ل و مه‌رجیان و دەرفه‌تیان بۆ بـڕەخـسێت، له رووی به‌هـرە و بلیمه‌تی و زیرەکی و توانـاوە، له منـداڵانی تری جیهـان که‌متر نین. به‌ڵام بە داخه‌وە زۆر بێنـازن و زۆر به کـه‌می ئـاوڕ له خـه‌ون و هـیوا و له بەهـرەکـانیان دەدرێنـه‌وە.
له چه‌ند فـیلمێکی سینه‌مایی کوردی‌دا، منـداڵانی کوردمان رۆڵی پاڵه‌وانێتی و سه‌رەکییان تێیانـدا بینیوە. له سـایـه‌ی رۆڵی ئه‌و منـداڵانه‌وە فـیلـمەکـان سه‌رکه‌وتـن و ناوبانـگـیان به‌دەست هـێنان. ئه‌م منـداڵانه‌ش درچـووی هـیچ په‌یمانگایه‌کی شانـۆیی و سـینه‌مایی و هـونه‌ری نیـن. زۆر به سروشـتی و عـه‌فـه‌وی نـوانـدن دەکـه‌ن و رۆڵـه‌کانیان دەبیـنن. هـه‌روەکوو ئه‌وەی یارییه‌کی ئاسایی بکه‌ن. بیـر و خه‌یاڵـیان لای کامیـرا و وینـه‌گـرتن نییـه. ناوی چه‌نـد منـداڵـێکی به‌هـرەمه‌نـدی کوردمـان دەهـێـنم كه رۆڵی پاڵـه‌وانـێتی و سه‌رەکـییان له هـه‌نـدێ فـیلـمی به‌نـاوبـانگی کوردیـدا هـه‌یه:
١ـ یه‌کـه‌م فـیلـمی سینه‌مـایی که به زمـانی کـوردی تۆمـارکـراوە، فـیـلمـێکه به نـاوی (زارە) یا (زارێ) یه. به‌رهـه‌می یه‌کـێتی سۆڤـیه‌تی پێشووە، له ساڵی (١٩٢٦) دا، له لایـه‌ن دەرهـێنه‌ری ئه‌رمـه‌نی (هامـۆ به‌گ نازاریان) ەوە دەرهـێنراوە. دیمه‌نـه‌کانی له شاخه‌کانی ئه‌رمه‌نسـتان گـیراوە و هـه‌ر له ئه‌رمه‌نستانیش بۆ یه‌کـه‌م جار نمایش کرا. ئه‌م فیلمه باس له خۆشه‌ویستی کوڕ و کچـێکی لاوی کوردی ئێزیـدی دەکات، کچـه‌که ناوی (زارێ) یـه و کوڕەکه‌ش شـوانه و نـاوی (سـیـدۆ) یه. له‌ژێـر سه‌رکوتکـردن و چه‌وسانـه‌وە له لایـه‌ن دەسه‌ڵاتـدارانه‌وە، بـۆ ژیـان دەجەنـگـن. نازانـم منـداڵانی کورد له‌م فـیلمه‌دا رۆڵیان هـه‌یه یا نیانه. حه‌زمکـرد وەکوو یه‌که‌م فـیلمی سینه‌مایی کوردی ناوی بهـێـنم.
٢ـ فـیلمی کوردی (ساتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان) که به زمـانی کـوردی و فـارسییه، له نـووسـین و دەرهـێنانی هـونه‌رمـه‌نـدی سـینه‌مـاکـار و دەرهـێنه‌ری فـیلـمی سـینه‌مـایی (به‌همه‌ن قوبادی) یه. که له رۆژهـه‌ڵاتی کوردستان دەرهـێنراوە. له سالی (٢٠٠٠) دا، بۆ یه‌که‌م جار له فـێستیڤاڵی (کـان) له فه‌رەنساد نمایشکرا. رۆڵی پاڵه‌وانێتی ئه‌م فـیلمه منـداڵێکی کـوردە به نـاوی (ئه‌یـوب) نـاوی ته‌واوی راستیشی (ئه‌یـوب ئه‌حمه‌د)ە، له‌و کاته‌دا، ته‌مه‌نی (١٣) ساڵ بوو. ئه‌یوب له گوندی (مرانی) سه‌ر به قه‌زای پێنجـوێن له دایـک بـووە، به هـۆێ جه‌نـگی نێـوان عـێراق و ئێـرانـه‌وە، بۆ رۆژهـه‌ڵاتی کوردستان کـۆچـیان کـردبـوو. هـه‌ر لـه‌م فـیلمـه‌دا دوو ئه‌کـتـه‌ری منـداڵی تـریـش رۆڵـیـان هـه‌یه، کچـۆله (رۆژیـن یـوونس) ته‌مـه‌ن (١٠) سـاڵان و (مه‌هـدی ئـیخـیاردیـن) سێ سـاڵان، که کـوڕێـکی منـداڵی خـاوەن پێـداویستی تایبـه‌تـییـه. لـه فـیلـمه‌کـه‌دا ئـه‌م سێ منـداڵـه خـوشک و بـران و دایک و باوکیان نه‌ماون، ته‌نها مامێکیان هـه‌یه. ئه‌یـوب له پێناوی په‌یداکردنی بـژێـوی ژیانی (رۆژیـن) ی خوشکی و (مادی) بـرا بچـووکی، که پێویستی به پـارە هـه‌یه بـۆ نه‌شـته‌رگه‌رییـه‌کی پێویست، هه‌مـوو به‌رپـرسیارێتییه‌ک دەکـه‌وێـته ئه‌ستۆی ئه‌یـوب، ناچار واز له قـوتابخانه دەهـێنێت. کاری کـۆڵبـه‌ری دەکات له نیـوان رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستاندا (رۆژین) یش، له پێناوی مادی برایدا ناچاربوو که شـوو بـکات، بۆ ئـه‌وەی پـارەی مـارەییـه‌که‌ی، بۆ نه‌شـته‌رگه‌ریی مـادی وەربگـرێت. ئه‌یـوب و رۆژیـن و مـادی، زۆر بـه جـوانی و بـه ئاسـایی و سـه‌رکـه‌وتـووانـه، لـه‌م فـیلمـه‌دا رۆڵـه‌کـانیان بینـیـوە. ماوەی فـیلمه‌که (٨٠) خـولـه‌که. ئـه‌م فـیـلمه بـاس له بنه‌ماڵه‌یه‌کی بێ دەرەتانی کورد دەکات، که دایک و باوکیان له‌دەست داوە. هـه‌وڵ بۆ مـانه‌وەیـان دەدەن.
بۆیه‌ش کۆڵبه‌رەکان ویسکـییان کردە ناو ئـاوی خواردنه‌وەی ئه‌سپه‌کانیان تا مه‌ست و سـڕببـن و سه‌رمـا و سـۆڵه و گـزەبـای سـارد و به‌فـر کـاریـان لـێنـه‌که‌ن و نه‌وەسـتن.
(ساتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان) ژێـرنـووسیان بۆ چه‌ندین زمانی جیهـانی کردووە و له چه‌نـدین هـۆڵی گـه‌ورەی سینه‌ماکانی شارەکانی وڵاتـانی جـیهانـدا نمایشکـرا. چه‌نـدین خه‌ڵاتی به‌نرخ و به‌رزی نێـودەوڵه‌تییان پێبه‌خشی. به هـۆی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م فـیلمه‌وە، به‌هـمـه‌ن قـوبـادی نـاوبانگـێکی جیهـانی له دەرهـێـنانی فـیلـمی سینه‌مـاییـدا دەرکـرد.
شایه‌نی باسیشه له ئێستادا (ئه‌یـوب ئه‌حمـه‌د) گه‌نجـێکه و گه‌ڕاونـه‌ته‌وە بـۆ پێنجـوێن. خه‌ریکی کـاری کـۆڵـبه‌رییـه. زۆر حه‌ز دەکـات له فـیلـمێکی سـینه‌مایی کوردی تـازەدا بانـگی بـکه‌ن و رۆڵـێکی بـدەنێ.
٣ـ فـیلمی (کیسه‌ڵه‌کانیش دەفـڕن) فیلمێکی جه‌نگی درامییه، له نووسـین و دەرهـێنانی هـونه‌رمه‌نـدی سینه‌ماکار (به‌هـمه‌ن قوبادی) یه. که له ساڵی (٢٠٠٤) دا نمایـش کـرا.
چـیرۆکی فـیلمه‌که دەربـارەی (٣) منـداڵی په‌نـابه‌رە له که‌مـپێکی ئـاوارە کوردەکان، له نێوان رۆژهه‌ڵات و باکووری کوردستاندا. چاوەڕێی رووخانـدنی سه‌دام حوسێن دەکه‌ن.
له‌م فـیلمه‌دا، ژمارەیه‌کی زۆر له منـداڵانی کوردمان به‌شدارییان کردووە. به‌ڵام سێ له منداڵه‌کان رۆڵی پاڵه‌وانێتیـیان هـه‌یه، که ئه‌مانه‌ن:
١ـ (سـۆران ئیبـراهـیـم) ته‌مـه‌نی (١٣) ساڵه، دێ بە دێ دەگـه‌ڕی و ئانتـین و سـاجی مه‌هـورا بـۆ خه‌لکی گونـدەکان دادەنێـت، بۆیـه به نازنـاوی (کاک سه‌تـه‌لایـت) ناویان دەبـرد. شـڕە ئینگـلیزییه‌کـیشی دەزانی.
٢ـ خۆنچـه‌گـوڵ (ئـاواز له‌تـیـف) ته‌مه‌نی (١١) سـاڵه، رۆڵی (ئـاگـرین) ی لـه‌م فـیلمه‌دا هه‌یه، زۆر به جـوانی و سروشتی رۆڵه‌که‌ی بینیوە، کچۆڵه‌یه‌کی بێ دایک و بێ بـاوکه. بـرا‌یه‌ك (٣) ساڵانی نابیناشی هه‌یه. خه‌م و ئه‌رکی به‌خێوکرنی براکەی که‌وتۆته سه‌ری.
٣ـ (هـێڕش فـه‌یسه‌ڵ رەحمان) که ته‌مه‌نی (١٣) ساڵه و خـاوەنی پێـداویستی تایبه‌تییه، له منـداڵییـه‌وە به هـۆی شـۆرتی کـارەباوە، هـه‌ردوو دەسته‌کانی له شانییه‌وە پـزیشک بڕیـویانەتەوە. هـێڕش له‌م فـیلمەدا رۆڵی (هـەنگـۆف) ی هـه‌یه. هـه‌روەکوو منـداڵێکی ئاسـایی مـه‌لـه و زۆر کـاری تـر دەکـات. زۆر سه‌رکه‌وتـووه له رۆڵـه‌کـه‌یـدا.
مـاوەی فـیلمی (کیسه‌ڵـه‌کـانیش دەفـڕن) (٩٧) خـولـه‌که. بـۆ یه‌کـه‌مـین جـار له سـاڵی (٢٠١٤) دا نمایـشکـرا.
٤ـ فـیلمی (بێـکه‌س) که فـیلمێکی سینه‌مـایی کـۆمیـدی درامیی کوردییه. له نووسـین و دەهـێنانی هونه‌رمه‌نـد (کارزان قـادر) بۆ یه‌که‌مین جـار له ساڵی (٢٠١٢) دا نمایشکرا. باس له دوو بـرای پێـڵاوبـۆیاخکه‌ر دەکات، که له فـیلمەکەدا ناویان (دانـا) و(زانـا) یه.
ناوی ته‌واویان (زەمـه‌نـد ته‌هـا ـ دانـا) و (سـەروەر فـازل ـ زانـا) دوو منـداڵی بەتوانان.
دەیـانه‌وێـت له ژیـانی پـڕ له مه‌ینـه‌تی و کوێـرەوەری هـه‌ڵـبێن و خـۆیان بگه‌یه‌نـن به (سـۆپـه‌رمـان) له ئه‌مریـکا. پێیانـوایه ئـه‌و دەتـوانێت هه‌موو کێـشه‌کانیان بۆ چارەسه‌ر بکات. دانا و زانا به سواری که‌رەکه‌یـان که ناویـان لێنـاوە (مایـکڵ جاکـسـۆن) دەسـت دەکـه‌ن به گه‌شـته‌که‌یـان بـۆ ئه‌مـریکا. مـاوەی فـیلمـه‌که (٩٧) خـولـه‌که. وێنـه‌کـانی له باشووری کوردستان گیراون. وەریان گێڕاوە بۆ سه‌ر چه‌ندین زمانی جیاوازی جیهانی.
چه‌نـدین خـه‌ڵاتی به‌نـرخی نێـودەوڵه‌تییان پێبه‌خـشی. فـیلمێکی تایبـه‌تیـیه بـۆ منـداڵان.
٥ـ (بـاوکـە) کـورته فـیلمـێکه بـه زمـانی (کـوردی) و (نه‌رویـجی) یه. له نـووسـین و دەرهـێنانی هـونه‌رمه‌نـد (هـیشام زەمـانی) یە. ماوەی فـیلمه‌که (١٥) خوله‌که. دیمه‌ن و وێنه‌کانی له نه‌رویـج گـیراون و دەرهـێـنراوە. بۆ یه‌که‌م جـار له سـاڵی (٢٠٠٥) دا، له نه‌رویـج نمـایـش کـرا.
ئه‌م فـیلمه باس له باوکێک و له کوڕە (١٠) ساڵانه‌کەی که ناوی (بڕوا ئاکۆ رەسووڵ)ە. كه پاڵه‌وانی فـیلمه‌که‌یه. که به قـاجاغی هـاتوونه‌ته نه‌رویـج. له یه‌کێک لە کامپەکانـدان. مافی په‌نابه‌رییان رەتدەکرێته‌وە، پۆلیس باوکه‌که دەگرن و سواری ئۆتـۆمبـێلی پـۆلیسی دەکـه‌ن بۆ گـەڕانەوە، منـداڵـەکەی بە گـریـانه‌وە هـاواردەکات بـاوکه جـێـم مه‌هـیـڵه. که پۆلـیس لێی دەپرسن ئه‌وە کوڕەته؟ به نه‌خـێر کوڕی من نییه وەڵامی پـۆلـیس دەداته‌وە. بۆ ئه‌وەی کوڕەکه‌ی مافی په‌نابه‌ری وەربگرێت. ئه‌م فـیلمه له نه‌رویـج و له دەوڵه‌تانی ئه‌وروپـادا نمایـش کـرا و زۆر که‌سی هـێنایه گـریان. زیاتر له (٤٠) خـه‌ڵاتی به‌نـرخی بەدەستهـێـنا.
٦ـ فـیلمی (کـۆچـه‌ری بچکـۆل) هـونه‌رمه‌نـد (به‌تـین قـوبادی) سینارێوی نووسیوە و بۆ سینه‌مای دەرهـێناوە، به‌رهـەمهـێنانی (محه‌مه‌د ئه‌حـمه‌دی) یه. وێنه و دیمه‌نـه‌کانی ئه‌م فـیلمه له ئـ‌ێران و تورکیـادا گـیراون. له ساڵی (٢٠١٩) دا به‌رهـه‌مهـێنراوە. بۆ یه‌کـه‌م جاریش له ساڵی (٢٠٢١) دا، له یه‌که‌مین فـێستیڤاڵی فـیلمی سینه‌مایی کوردی له شاری (مۆسکـۆ) له رووسـیا، له هـۆڵی سـینه‌مـایی (ئـوکتـۆبـه‌ر) نمایـشکـرا.
له (کۆچه‌ری بچکـۆل) دوو منداڵی کورد که بـران، ناویان (یوسف مه‌حمود عه‌بدولقادر) و (محه‌مه‌د مه‌حمود عه‌بـدولقـادر) ە، رۆڵی سـه‌رەکییان هـه‌یه.
٧ـ بێجـگه له‌و فـیلمانه‌ی که باسمان کـرد، له چه‌نـد فـیلـمێکی سـینه‌مـایی تـری کوردی‌دا، منـداڵانی کورد رۆڵیـان تێـیانـدا هـه‌یه.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٥/ یـوولی/٢٠٢٢