هونەرمەندی گۆرانیبێژ (رۆژ کەریم) ماوەیەکە بە سەردانێک گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، لەو گەڕانەوەی دا بەنیازە ئەلبومێکی تازەی گۆرانی بڵاو بکاتەوە، هەروەها بەنیازە سەردانەکەی ئەم جارەی بکاتە ویستگەی مانەوەی لەکوردستان و چیتر ژیانی تاراوگە بەسەر نەبات.
لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەر” هاتە ئاخاوتن و باسی لە چەند لایەنێک لەکارە هونەرییەکانی خۆی بۆ کردین.
جارێ دەمێنمەوە..
لەسەرەتای دیمانەکەماندا هونەرمەندی گۆرانیبێژ (رۆژ کەریم)، کەماوەی نزیکەی مانگێکە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، باسی لە ئەگەری مانەوەی کرد و چیتر نەگەڕێتەوە بۆ هەندەران و، گوتی : “لەو هاتنەوەیەمدا کە بڕیاڕمداوە جارێ چەند مانگێک بمێنەوە، بۆ ئەوەی بە چاکی بیر لەمانەوەم بکەمەوە لە کوردستان و چیتر ژیان لە هەندەران بەسەر نەبەم، ئەوەی ئێستاکە بیری لێ دەکەمەوە دابینکردنی ئیش و کارێک بۆ ئەوەی پێی بژیم، چونکە ئێستاکە ژیان لە کوردستانیش زەحمەتی خۆی هەیەو پێویستە بەکارێکەوە سەرقاڵبیت، بۆ ئەوەی بژێوێک پەیدا بکەیت بۆ ژیانی خۆت و ماڵ و مناڵ، ئیتر بۆ هونەر و هونەرمەندیش ئەو سەختییە زیاترە، چونکە هونەریش وەک یەکێکە لە ئەندامانی خێزانەکەم پێویستی بە بەخێو کردن هەیە”.
دەبم بە شوفێری تاکسی…
(رۆژ کەریم) دەربارەی ئەو کارەی لە کوردستاندا بەدوای دا دەگەڕێت و دەیەوێ بیکاتە پیشەی رۆژانەی، ئایە ئارەزوو دەکات، پیشەکەی نزیک بێت لە هونەر، یاخوود ئامادەیی ئەوەی هەیە پیشەیەکی دیکەش ئەنجام بدات؟ لە وەڵامدا گوتی : “من ئەو کارەی دەیگرمە دەست و دەمەوێ ژیانی خۆم ماڵ و مناڵی پێ دابین بکەم، مەرج نیە کارێک بێت نزیک بێت و لە هونەر و هونەرمەند بوونی (رۆژ)، بەڵکو ئەگەر کاسبیەکی دیکەش بێت، من ئامادەم بە ئەجامی بگەینم و هیچ بەلامەوە شەرم نیە، بگرە من زۆر بە شانازیەوە ئەو کارە دەکەم، کە بژێوی ژیانی لێوە دەستەبەر بکەم، گرنگ ئەوەیە چاوەڕێ دەستی کەرەمی هیچ کەس و لایەنێک نەکەم، من لە وڵاتی سوید چەند ساڵە شوفێری تاکسی بووم، زۆر جار لە ئێوارەوە تا بەیانی شوفێرم کردووە لەشەقامەکان و بەسەر بەرزی ژیاوم، لێرەش ئەگەر هیچ کارێکم دەست نەکەوت، ئامادەم ببمەوە بە شوفێری تاکسی و خزمەتی ئەو رێبوانە بکەم، کە رۆژانە پێویستیان بە تاکسی دەبێت، ئەوانەی کە شوفێری تاکسین و هەموویان مرۆڤن و خزم و کەسی ئەو وڵاتەی ئێمەن، ئێمەی هونەرمەندیش پێویستە خۆمان لە خەڵکی خۆمان بە گەورەتر و جیاوازتر نەزانین، چونکە پێویست ناکات و دوایش کوا (هونەرمەند) لەم وڵاتەی ئێمەدا؟! ئەوانەی کە هونەرمەندیشن لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن، ئەوانەی ئاوا پۆز لێدەدەن و ناز و فیز دەنوێنن بەسەر خەڵکی هەژاری ئەم وڵاتە جەماعەتێکن تەنیا خۆیان ئەزانن تاکوێ هونەرمەندن و چیان لەباردایە!”.
فێری ئەوە نەبووم داوای هیچ بکەم لە حکومەت و دەزگای پەیوەندی دار…
دوای ئەوەی پارساڵ لەسەردانێکی دا بۆ کوردستان، لەسەردانێکدا چاوی کەوت بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەربارەی ئەو سەردانەی (رۆژ) گوتی : “من کاتێک لەگەڵ بەڕێز (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانیشتم، نەداواکارییەکی تایبەتی خۆم هەبوو داوای بکەم، کە بۆ مێژوو ئەو قسەیە دەکەم من فێر نەبووم داوای هیچ شتێک بکەم لە حکومەت و دەسەڵات، بەڵکو من لەو دانیشتنەمدا تەنیا داوای مافی بەرهەمە هونەریەکانی هونەرمەندانم کرد، ئەویش رەوشەکە لە ئێستادا وای لێهاتووە، دەسەڵات نازانێ چیمان بۆ بکات، نە لە ئێمەی هونەرمەندان تێ دەگەن، چونکە تائێستاکە لەناو ریزی هونەرمەنداندا یەکریزی و یەک پەیام دروست نەبووە، هەر هونەرمەندێک هەر چینێک لە هونەرمەندان جۆرە داوکارییەکی هەیە، بۆیە دەسەڵاتیش سەرمان لێدەرناکات، من پێم وایە تائێمەی هونەرمەندان تەبانەبین و بەیەک دەنگ و یەک داواکاریمان نەبێت، دەسەڵاتیش هیچمان بۆ ناکات، چونکە ئێمە خۆمان لەناو خۆمان راست نین”.
ئەلبومەکەم تەنیا ماوە بڵاو بکرێتەوە…
هونەرمەندی گۆرانیبێژ (رۆژ کەریم)، کە لە ساڵی (2004) ئەلبومی گۆرانی بڵاو نەکردۆتەوە، دەربارەی بەرهەم هێنانی ئەلبومێکی تازەی گۆرانی گوتی : “راستە لە ساڵی (2004)ـەوە ئەلبومی تازەی گۆرانیم نەبووە، بەڵام چەند گۆرانیەکم بە شێوەی “سینگل” بەرهەم هێناوەو کاری کلیپم بۆ ئەنجامداوەو بڵاوم کردۆتەوە، لە ئێستادا کاری ئامادەکارییم بۆ ئەلبومێکی گۆرانی تەواو بووە، کە خۆی لە (11 بۆ 12) تراکی گۆرانی دەگرێت، ئەگەر لە گەڵ کۆمپانیایەک رێک بکەوم، لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوی دەکەمەوە، چونکە دەبێ ئەو پارە زۆرەی لە بەرهەم هێنانی ئەو گۆرانیانەدا خەرجم کردووە، بەشێکی بێتەوە گیرفانم، ئەگەرنا ئەو هەموو پارەیە بە خۆرای بڕوات بۆچی؟!”.
چاک و خراپ تێکەڵ بووە کەس نازنێ کێ هونەرمەندە؟؟!!
(رۆژ کەریم) لە بەشێکی دیکەی ئەو دیمانەیەدا دەربارەی زۆر بوونی گۆرانی و گۆرانیبێژ لە سەردەمی ئێستادا، ئایا کاریگەری نێگەتیڤی نابێت بۆ سەر هونەری گۆرانی؟ لەمبارەیەوە گوتی : “لە ئێستادا چاک و خراپ تێکەڵ بووە، کەس نازانێ کێ هونەرمەندە؟!، گرفتەکە هەمووی لەو خاڵەدا کۆبۆتەوە، هەرچی هەڵدەستێت دایکی پێی ئەڵێت دەنگی خۆشە، یەکسەر ناو لەخۆی ئەنێت هونەرمەند، ئاخر کاکە دایکت پێی گوتوی دەنگت خۆشە، تۆ هونەرمەندی و گۆرانیبێژی چی!!.
بەداخەوە زۆرینەی دروست بوونی ئەو ڕەوشە، لە ئەستۆی تەلفزیۆنەکانە، چونکە ئەوانەی لە تەلفزیۆنەکانن هەر ئەوەندەی لێ دەزانن، ئەگەرنا ئەو لێشاوە گۆرانیە بێ ماناو کرچ و کاڵانەی رۆژان شاشەکانی تەنیووە، بڕوابکە جگە لە ناشرین کردنی هونەری گۆرانی کوردی هیچی تر نیە.
شتێکم بیر هاتەوە جارێکیان بەڕێز (مەسعود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەند دانیشتبوو، من لە تەلفزیۆن بینم، پێی گوتن (جارێ بۆم یەکلای بکەنەوە کێ هونەرمەندە و کێ هونەرمەند نیە؟؟) بەڕاستی زۆر جوان بوو قسەکەی، ئاخر بەڕاستی ناحەقی نیە هەمووی تێکەڵ بووە و هیچی بەسەر هیچەوە نیە، بۆیە من جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە هونەری گۆرانی کوردی بەوە قازانج دەکات و پێش دەکەوێ هەندێکمان واز لە گۆرانی گوتن بهێنین و پێویستە هەندێکمان بەرۆکی ئەو هونەرە قوڕبەسەرە بەردەین باشترە، هەرگیز هونەری گۆرانی کوردی بەو هەموو زۆری و بۆریە پێش ناکەوێ بەڵکو لەو خراپتر دەبێ کە لە ئێستادا هەیە!”.
با چیتر بەرهەمەکانی ئێمە بە خۆرایی نەدرێتە دەزگاکان…
هونەرمەند (رۆژ کەریم) هەر لەو دیدارەدا ئاماژەی بۆ خەرجکردنی پارەیەکی زۆر کرد، بۆ ئەلبومی گۆرانی هونەرمەندان و گوتی : “زۆر جار دەبیستین لەلایەن حکومەتی هەرێم، یاخوود وەزارەتی رۆشنبیریەوە، پارەیەکی زۆر بۆ ئەلبومی گۆرانی هونەرمەندان خەرج دەکرێت، لە بڕی ئەو پارەیە وەرن یاساییەک دابنێن، بۆ تەلفزیۆن و رادیۆکان، با چیتر بەرهەمەکانی ئێمە بە خۆرایی سەدەقە پەخشی خۆیانی پێ نەڕازێننەوە، ئاخر ئەو هەموو پارەیە ئەگەر بکرێتە بودجەو بدرێتە رادیۆ و tv یەکان بۆ مافی بڵاو کردنەوەی بەرهەمە هونەرییەکان، هیچ هونەرمەندێک ماندوو بوونی ناڕوات بە خۆرایی، بەڵام بەداخەوە ئەوەش ناکەن، ئاخر هونەرمەند لەلایەک لە بازاڕ قوڕی بۆ گیراوەتەوە دوکانێکی سیدی فرۆش بە ئارەزووی خۆی سیدیەکەت کۆپی دەکات، بەبێ ئەوەی کەس پێی بڵێت ماڵت لەکوێیە؟!، لەلایەکی دیکەش دەزگا راگەیاندنەکان هیچ مافێک نادەن بۆ بەرهەمە هونەریەکان”.
وڵاتی سوید (هۆڵیۆدی) کوردان بوو..
پێش چەند ساڵێک لە وڵاتی سوید کۆمەڵێک هونەرمەندی کوردی تێدا کۆبویەوە، ئەو هونەرمەندانە توانیان لەوێش درێژە بەکار و بەرهەمە هونەرییەکانتان بدەن، تەنانەت زۆرێک لە هونەرمەندان جموجۆڵی وڵاتی سویدیان بە (هۆڵیۆدی) کوردانی ناوزەند دەکرد، (رۆژ کەریم) چ بۆ چوونێکی هەیە لەسەر ئەو کارە هونەریانەی لەو ولاتە هاتە بوون ؟ لەمبارەیەوەش گوتی : “لە وڵاتی سوید هونەری گۆرانی کوردی بەرەو مۆدێرن و پێش کەوتنێکی بەرچاو رۆیشت، بە جۆرێک کەلتوورێکی تازەی هونەری هێنایە پێشەوە، لە چەند شوێنکی دیکەش ئەو دێرەم گوتووە، ئێمەی کورد کاتێک چووینە ئەو وڵاتە پێیان دەگوتین (شیمال العراق) بەڵام لەسەر زمانی ئێمەی هونەرمەندان و ئەو پۆلە هونەرمەندەی کە لەو وڵاتەدا گیرسانەوە، ئێستاکە مناڵێکیش لە سوید ئەزانێ ئێمە کوردیین تەنانەت هەموویان دەزانن ئێمە لە هەرێمکەوە هاتووین کە ئەویش ناوی کوردستانە، تەنانەت کە دەچین بۆ ئاهەنگێکەوە کە پێمان دەڵێن خەڵکی کوێ ی یەکسەر ئەڵین کوردستان، ئیتر کەس نازانێ بڵێت عێراق، ئەوانیش زۆر بەرێزەوە مامەڵە لەگەڵ رەوەندی کورد و هونەرمەندانی کوردیش دەکەن، جگە لەوانەش هونەرمەندانی گۆرانیبێژی کورد بەتایبەتی تێکەڵیەکی زۆر چاکیان هەیە لەگەڵ موزیکژەن و ستۆدیۆکانی وڵاتی سوید و وڵاتانی دەوربەری سوید وەک هۆڵەندا نەرویژ پەیدا کردووە، بەشێوەیەکی گشتی لەلایەن خەڵکی بیانیەوە زۆر ناسراوترن لەجاران، بەڵام بەداخەوە ئەو هونەرمەندانەی لەوڵاتی سوید رەنجیان کێشاو بەڵام ئەو هونەرمەندانە کەس لە بیریاندا نیەو کەس رۆژێک بە رۆژان بە سوپاس نامەیەک بەسەریان نەکردنەوە،
هونەر لە کاتی پەژارەو و خەم و لێقەومان و خۆشی شادیەکانیشدا بە تەنیا هونەر ئامادەیی بەردەوامی هەیە، سەیرکە ماتەمینی نیە هونەرمەندی لێ نەبێت، خۆشی نیە هونەرمەندی لێ نەبێت، لەگەڵ ئەوانەشدا بەشخوار و ماف خوراوترین چین چینی هونەرمەندانە، حیسابێکی ئەو تۆی بۆ نەکراوە کە جێگای دڵخۆشی بێت، هەڵبەتە ئەوەش پەیوەستە بەو سیستەمەی کە دانراوە، دەبێ هونەر لەو قاڵبە دەربچێت کە بەرپرس و لایەنێک پارە بدات بە هونەرمەند، بەڵکو پێویستە حکومەتیش ئەو هەموو خەرجییە خەیاڵەی بۆ هەندێک هونەرمەند دابینی دەکات، لە کۆڵی خۆی بکاتەوە، ئاخر جیاوازییەکی لە رادەبەدەرەی کە هەیە جێگای سەرسوڕمانە، بۆ هەندێک گۆرانیبێژ بە لێشاو رژاوە و نازانێ چۆن کۆی بکاتەوە و چی پێ بکات ؟!”.
ستایلی (راپ و پۆپ و رۆک) با هەبێ…
هاتنە پێشەوە چەند ستایلێک بۆ ناو گۆرانی کوردی بە تایبەتی (راپ و پۆپ و رۆک) چەند شێوازێکی دیکە، ئایە هەبوونی ئەو ستایلانە تاچەند گرنگن بۆ ئەمڕۆی گۆرانی کوردی؟ (رۆژ) لەوەڵامدا گوتی : “بە تەئکید گرنگن و پێویستە هەبێ، هونەری کوردی پێویستی بە دەوڵەمەند بوون هەیە، راستە لەوانەیە زۆرینەی خەڵک و جەماوەری هونەریش ئەو جۆرە ستایلانەی بەدل نەبێت، پێویستە ستایلی (فۆلکۆر و راپ و جاز و پۆپیش) هەبێ، بەڵام دەکرێ ئەو کاتە گوێگر خۆی ئازاد بکات گوێ لەمن ناگرێ دەیان هونەرمەندی دیکە هەیە دەتوانێ گوێیان لێبگرێت، دەبێ بەدیلمان هەبێت بۆ گوێ گرتن، نابێ تەنها یەک شێوە گۆرانیمان هەبێت و بڵین نابێ شێوەی تر هەبێ”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا