ھونەرمەندی گۆرانیبێژ (رۆژ کەریم) ماوەی نزیکەی (٦) مانگە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، ئەو لەو گەڕانەوەی دا بە نیازە چیتر ژیان لە تاراوگە بەسەر نەبات و بارگە و بنەی لە کوردستان بخات، لە دیدارێکی دا ئاماژەی بۆ ئەو ھاتنەوەی کرد و ھەروەھا باسی لە تەواو بوونی ئەلبومە تازەکەی کرد، کە ئێستا کاری تۆمار کردنی تەواو بووە، تەنیا ماوەی لەگەڵ یەکێک لە کۆمپنایاکان رێک بکەوێت، بۆ سپۆنسەر کردن و کاری چاپ و بڵاو کردنەوەی
لەسەرەتای دیمانەکەدا ھونەرمەندی گۆرانیبێژ (رۆژ کەریم)، کە ماوەی نزیکەی (٦) مانگە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، باسی لە مانەوەی بەیەکجاری کرد و گوتی : “لەو ھاتنەوەیەمدا بڕیاڕمداوە بمێنەوە، بەڵام جارێ ھەر لە بیرکردنەوە دام، بۆ ئەوەی بزانم چۆن بە چ شێوەیەک بمێنمەوە، ئەوەی ئێستاکە بیری لێ دەکەمەوە دابینکردنی ئیش و کارێکە بۆ ئەوەی پێی بژیم، بەڵام لەماوەی ئەو شەش مانگەدا تائێستا ھیچ ئیش و کارێک نەبووە بە نەسیبم، چونکە ئێستاکە ژیان لە کوردستانیش وەک ھەندەرانی لێھاتووە زەحمەتی خۆی ھەیەو پێویستە بەکارێکەوە سەرقاڵبیت، بۆ ئەوەی بژێوێک پەیدا بکەیت بۆ ژیانی خۆت و ماڵ و مناڵ، ئیتر بۆ ھونەر و ھونەرمەندیش ئەو سەختییە زیاترە، چونکە ھونەریش وەک یەکێکە لە ئەندامانی خێزانەکەم پێویستی بە بەخێو کردن ھەیە”.
(رۆژ کەریم) دەربارەی ئەو کارەی لە کوردستاندا بەدوای دا دەگەڕێت و دەیەوێ بیکاتە پیشەی رۆژانەی، ئایە ئارەزوو دەکات، پیشەکەی نزیک بێت لە ھونەر، یاخوود ئامادەیی ئەوەی ھەیە پیشەیەکی دیکەش ئەنجام بدات؟ لە وەڵامدا گوتی : “من ئەو کارەی دەیگرمە دەست و دەمەوێ ژیانی خۆم ماڵ و مناڵی پێ دابین بکەم، مەرج نیە کارێک بێت نزیک بێت و لە ھونەر و ھونەرمەند بوونی (رۆژ)، بەڵکو ئەگەر کاسبیەکی دیکەش بێت، من ئامادەم بە ئەجامی بگەینم و ھیچ بەلامەوە شەرم نیە، بگرە من زۆر بە شانازیەوە ئەو کارە دەکەم، کە بژێوی ژیانی لێوە دەستەبەر بکەم، گرنگ ئەوەیە چاوەڕێ دەستی کەرەمی ھیچ کەس و لایەنێک نەکەم، من لە وڵاتی سوید چەند ساڵە شوفێری تاکسی بووم، زۆر جار لە ئێوارەوە تا بەیانی شوفێرم کردووە لەشەقامەکانی وڵاتی سوید و بەسەر بەرزی ژیاوم، لێرەش ئەگەر ھیچ کارێکم دەست نەکەوت، ئامادەم ببمەوە بە شوفێری تاکسی و خزمەتی ئەو رێبورانە بکەم، کە رۆژانە پێویستیان بە تاکسی دەبێت، ئەوانەی کە شوفێری تاکسین و ھەموویان مرۆڤن و خزم و کەسی ئەو وڵاتەی ئێمەن، ئێمەی ھونەرمەندیش پێویستە خۆمان لە خەڵکی خۆمان بە گەورەتر و جیاوازتر نەزانین، چونکە پێویست ناکات و دوایش کوا (ھونەرمەند) لەم وڵاتەی ئێمەدا؟! ئەوانەی کە ھونەرمەندیشن لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن، ئەوانەی ئاوا پۆز لێدەدەن و ناز و فیز دەنوێنن بەسەر خەڵکی ھەژاری ئەم وڵاتە جەماعەتێکن تەنیا خۆیان ئەزانن تاکوێ ھونەرمەندن و چیان لەباردایە!”.
ھونەرمەندی گۆرانیبێژ (رۆژ کەریم)، کە لە ساڵی (٢٠٠٤) ئەلبومی گۆرانی بڵاو نەکردۆتەوە، دەربارەی بەرھەم ھێنانی ئەلبومێکی تازەی گۆرانی گوتی : “راستە لە ساڵی (٢٠٠٤)ـەوە ئەلبومی تازەی گۆرانیم نەبووە، بەڵام چەند گۆرانیەکم بە شێوەی “سینگل” بەرھەم ھێناوەو کاری کلیپم بۆ ئەنجامداوەو بڵاوم کردۆتەوە، لە ئێستادا کاری ئامادەکارییم بۆ ئەلبومێکی گۆرانی تەواو بووە، ئەو ئەلبومە لە (١٠) تراکی گۆرانی لە خۆی دەگرێت و ناوم لێناوە (چرپە)، ئەگەر لەگەڵ کۆمپانیایەک رێک بکەوم، لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوی دەکەمەوە، چونکە دەبێ ئەو پارە زۆرەی لە بەرھەم ھێنانی ئەو گۆرانیانەدا خەرجم کردووە، بەشێکی بێتەوە گیرفانم، ئەگەرنا ئەو ھەموو پارەیە بە خۆرای بڕوات بۆچی؟!، ئیتر لە ئێستادا چاوەڕێی سپۆنسەرێک دەکەم، ھەرچەندە لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی کوردستان قسەیەکمان کرد و بەڵنیان دا سپۆنسەری ئەلبومەکە بگرنە ئەستۆ، بەڵام تا ئێستا ھیچ وەڵامێکیان نەبووە!”.
ھەر دەربارەی ئەو ئەلبومە تازەیەی ھونەرمەند (رۆژ) گوتی : “ئەو ئەلبومە زۆربەی ھۆنراوەو سەرجەم ئاوازەکانی خۆم دامناوە، بە شێوازێکی چاک کاری موزیک تۆمار کردنی بۆ ئەنجامداروە، لە چەند رۆژی داھاتوودا سەردانێکی وڵاتی سوید دەکەم و بۆ کاری ماسترینگ و دیزاینی ئەلبومەکەم
(رۆژ کەریم) لە بەشێکی دیکەی ئەو دیمانەیەدا دەربارەی زۆر بوونی گۆرانی و گۆرانیبێژ لە سەردەمی ئێستادا، ئایا کاریگەری نێگەتیڤی نابێت بۆ سەر ھونەری گۆرانی؟ لەمبارەیەوە گوتی : “لە ئێستادا چاک و خراپ تێکەڵ بووە، کەس نازانێ کێ ھونەرمەندە؟!، گرفتەکە ھەمووی لەو خاڵەدا کۆبۆتەوە، ھەرچی ھەڵدەستێت دایکی پێی ئەڵێت دەنگی خۆشە، یەکسەر ناو لەخۆی ئەنێت ھونەرمەند، ئاخر کاکە دایکت پێی گوتوی دەنگت خۆشە، تۆ ھونەرمەندی و گۆرانیبێژی چی!!.
بەداخەوە زۆرینەی دروست بوونی ئەو رەوشە، لە ئەستۆی تەلفزیۆنەکانە، چونکە ئەوانەی لە تەلفزیۆنەکانن ھەر ئەوەندەی لێ دەزانن، ئەگەرنا ئەو لێشاوە گۆرانیە بێ ماناو کرچ و کاڵانەی رۆژان شاشەکانی تەنیووە، بڕوابکە جگە لە ناشرین کردنی ھونەری گۆرانی کوردی ھیچی تر نیە.
بۆیە من جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە ھونەری گۆرانی کوردی بەوە قازانج دەکات و پێش دەکەوێ ھەندێکمان واز لەگۆرانی گوتن بھێنین، ھەرگیز ھونەری گۆرانی کوردی بەو ھەموو زۆری و بۆریە پێش ناکەوێ بەڵکو لەو خراپتر دەبێ کە لە ئێستادا ھەیە!”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا