رێباز نانەکەلی / سویــد: رۆژ کەریم توانیویەتی بە ستایلە تایبەتیەکەی لە کارەکانیدا وەکو ھونەرمەندێکی ناسراو بەردەوام تازەگەری لە کارەکانیدا بکات و ھەمیشە لە نوێبونەوە و ئەفراندن دابێت. ھەربۆیە بە دابڕان و دورکەوتنەوەی کاتی لە دونیای پڕلە جوانی ھونەری خۆیدا بە نامۆ و رێبوارێکی رێی غەریبان خۆی دێتە بەرچاو.بێ ئۆقرەیە تا بە ئاشقانی دەنگی دەگات.
لە دیدارێکیدا لەگەڵ خەبات رۆژ کەریم سەلامەتی و تەندروستی باشی خۆی بۆ ھەوادارانی دوپاتدەکاتەوە و دەنگۆی نەخۆشیە ترسناکەکەی بە نادروست و ھەڵەیەکی ئاسایی ناودەبات. ھونەرمەند سەبارەت بەو ھەواڵەی ماوەیەک بەر لە ئێستا سەبارەت نەخۆشکەوتنی لە راگەیاندنەکان بڵاوبۆوە دەڵێت ” راستە تۆزێک نەساغ بووم بەڵام نەخۆشیەکەم ھیچ مەترسیەکی نەبوو ” ھەربۆیە لەگەڵ بڵاوبونەوەی ھەواڵەکە ھاورێ و ھەوادارانی بە تەلەفۆن و سەردان بەسەری دەکەنەوە.ئەویش لە رێگەی تۆری کۆمەڵایەتی فەیس بوک رونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و ھەوادارانی لە سەلامەتی خۆی دڵنیادەکاتەوە.
سەبارەت بە کاری ھونەری و پرۆژەی داھاتوشی ھونەرمەند رۆژکەریم تایبەت بە خەبات رایدەگەینێت کە ئێستا کۆتایی ھێناوە بە کاری ئەلبومێکی گۆرانی کە لە ١٢ تراک پێکھاتووە،بە ناونیشانی چرپە و بە نیازیشە کار بۆ وێنەگرتنی ٣ لە گۆرانیەکانی لە رێگەی کامێرامانی لێھاتوو ھەردی عومەر ئەنجام بدات. ھەر لەنێو پرۆژە ھونەریەکانیشدا بە نیازە بەبۆنەی ھاتنی سەری ساڵی نوێوە لە کوردستان کۆنسێرتێکی گۆرانی سازبکات و لە گەرانەوەی بۆ کوردستان کارە ھونەریە تازەکانی بڵاوبکاتەوە وبە ھەوادارانی لێ ئاشنا بکات.