بە بۆنەی (24) ساڵ تێپەڕبوون بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی دەنگ ڕەسەن و ناوداری کورد (تاهیر تۆفیق) فیستیڤاڵێک لە شاری کۆیە بەڕێوەدەچێت، ئەو فیستیڤاڵە لەژێر چاودێری (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەسەرپەرشتی (تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە) ساز دەکرێت و لەو فیستیڤاڵەدا چەندیین تیپ و گروپی موزیک، شان بەشانی چەند هونەرمەندێکی دیار و بەناوبانگی کورد بەشداریی چالاکییە هونەرییەکان دەکەن، کە دیار ترینیان هەریەک لە هونەرمەندان (عەدنان کەریم و برادەر)ـە، کە لە
رۆژانی یەکەم و دووەمی فیستیڤاڵی کۆنسێرت ساز دەکەن.
(ئەحمەد هاشم) سەرۆکی “تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە”ـەو سەرپەرشتیاری گشتی فیستیڤاڵی هونەر لە شاری کۆیە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رۆژنامەی “هەولێر”ـی راگەیاند : “ئەو فیستیڤاڵە بۆ یەکەم جارە بەو شێوە فراوانە لە شارۆچکەی کۆیە ساز دەکرێت، ئامادەکارییەکانی ئەو فیستیڤاڵە هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵیادی (24) ساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری کوردستان مامۆستا (تاهیر تۆفیق)”.
زیاتر گوتی : “بۆ ئەو فیستیڤاڵە چەندیین تیپ و گروپی موزیکی و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی موزیکژەن و گۆرانیبێژ، شان بەشانی چەندیین شاعیر و نووسەر و رۆشنبیر بانگ هێشت کراون بۆ فیستیڤاڵ”.
(ئەحمەد هاشم) دەربارەی چالاکییەکانی رۆژانی فیستیڤاڵ گوتی”ئەو فیستیڤاڵە ماوەی (2) رۆژ چالاکییەکانی دەخایەنێت، لە ژێر ناونیشانی (رۆژی هونەر لە کۆیە) ساز دەکرێت، لە رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 20/ 10/ 2010 کاتژمێر (10:00)ـی سەر لە بەیانی دەست بە چالاکییەکانی فیستیڤاڵ دەکرێت، سەر لەبەیانی رۆژی یەکەمی فیستیڤاڵ تیپی باواجی کۆیە چەند چالاکییەکی هونەری پێش کەش دەکات، هەروەها هونەرمەند (عەدنان کەریم) (2) گۆرانی هونەرمەند (تاهیر تۆفیق) پێشکەشی ئامادەبووان دەکات، دوا نیوەڕۆی هەمان رۆژ (تیپی کیژانی سلێمانی)ـو چالاکی هونەری خۆیان نمایش دەکەن، پاشان (تیپی مۆسیقای دهۆک) هاوشان لەگەڵ هونەرمەندی باکووری کوردستان (برادەر) کۆنسێرتێک پێش کەشدەکەن، رۆژی دووەمی فیستیڤاڵەکەش، کە دەکاتە 21/ 10 سەر لە بەیانیەکەی کۆرێک لەسەر ژیانی هونەری مامۆستا (تاهیر تۆفیق) بەڕێوەدەچێت و تیایدا چەند شرۆڤەیەک لەلایەن چەند کەسێکی پسپۆرو شارەزا لە بارەی کارە هونەرییەکانی هونەرمەند پێشکەش دەکرێت، ئینجا دوای ئەوە تیپی مۆسیقای (کەرکوک) چالاکی خۆیان پێشکەش دەکەن، دوا نیوەڕۆی رۆژی دووەمی فیستیڤاڵ هونەرمەند (عەدنان کەریم) لەگەڵ تیپی باواجی کۆیە کۆنسێرتێک ساز دەکات، دوای ئەو کۆنسێرتەش رێورەسمی کۆتایی فیستیڤاڵ بەرێوەدەچێت”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا سەرۆکی تیپی باواجی کۆیە هەروەها گوتی : “هەوڵمانداوە چەند وێنەیەکی ڤیدیۆ یاخوود فۆتۆ لەگەڵ چەند گۆرانییەک، کە بۆ یەکەمین جارە بڵاو دەکرێنەوە لەو فیستیڤاڵەدا نمایشی بکەین بۆ میوانان و ئامادەبوونی فیستیڤاڵ”.
هەروەها (لێوژە جەلال) ئەندامی تیپی باواجی کۆیە لەلای خۆیەوە بەم شێوەیە دەربارەی ئەو فیستیڤاڵە رایگەیاند : “ئەو ساڵ خۆشبەختانە فیستیڤاڵێکی لەو شێوە فروانە لە ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند (تاهیر تۆفیق) لە ژێر چاودێری (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) ساز دەکرێت، ئێمە وەک (تیپی باواجی کۆیە) ئامادەکاریی تەواومان کردووە، بۆ چۆنیەتی پێشوازی کردنی میوانەکان و هونەرمەندان و تیپە هونەرییەکان لەسەرجەم شارەکانی کوردستان”.
ئەو ئەندامەی تیپی باواجی کۆیە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گوتیشی : “ئێمە لەسەرەتای ئامادەکاریی ئەو فیستیڤاڵە داوامان لەسەرجەم تیپە موزیکیەکانی شارەکانی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی بەشداریی لەو فیستیڤاڵە بکەن، چونکە هونەرمەند (تاهیر تۆفیق) هونەرمەندی هەموو کوردستان بوو، پێمان باشبوو هەموو تیپە موزیکییەکانی کوردستان بەشداربن، بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لە هەموو شارەکانی کوردستان کرد ئامادەبن، خۆشبەختانە هەموویان ئامادەیی خۆیان نیشاندا، بەڵام بەداخەوە لە شاری هەولێر داوامان لە (2) تیپ کرد لەوانە (تیپی مۆسیقای بەڕێوەبەرایەتی هونەرەکانی موزیک)ـو (تیپی نەوای هەولێر)، کەچی هیچ کامێکیان ئامادەنەبوون بەشداریی لەم فیستیڤاڵەدا بکەن، ئەو بەشداریی نەکردنەی ئەو دوو تیپە موزیکیەی شاری هەولێر جێگای داخە، بەتایبەتی لەلای لێژنەی سەرپەرشتیاری فیتسڤاڵی (رۆژی هونەر لە کۆیە)ـو هەروەها خەڵکی شاری کۆیەش، چونکە لای هەموو کوردێک ئاشکرایە مامۆستا (تاهیر تۆفیق) زۆربەی ژیانی خۆی و کارەهونەرییەکانی لە شاری هەولێر بەسەر بردووە، دەبوایە یەکێک لەو دوو تیپەی شاری هەولێر ئامادەیی خۆیان نیشاندابوایە و بەشدارییان بکردایە لەو فیستیڤاڵە”.
لەبەرامبەر ئەو بەشداریی نەکردنەی تیپەکانی شاری هەولێر هونەرمەند (فەرهەنگ غەفور) سەرۆکی تیپی (نەوای هەولێر) لە لێدوانێکی دا بۆ رۆژنامەی “هەولێر” دەربارەی هۆکاری بەشداریی نەکردنیان گوتی : “راستە ئێمە وەک تیپی موزیکی (نەوای هەولێر) بە فەرمی داوت کراین بۆ فیستیڤاڵی (رۆژی هونەر لە کۆیە)، کە بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند (تاهیر تۆفیق) ساز دەکرێ، بەڵام ئێمە دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی تیپەکەی خۆمان بەهۆی ئەمادەکارییمان بۆ پرۆژەیەکی گەورەی هونەریی، کە لە ئێستادا لە ئامادەکاریین بۆی، نەمانتوانی بەشداریی لەو فیستیڤاڵە بکەین، چونکە فیستیڤاڵێکی ئاوا گەورە ناکرێ بە کرچ و کاڵی بەشداریی تێدا بکەیت، بۆیە ئێمە وەک تیپی نەوای هەولێر رێزو خۆشەویستی خۆمان ئاڕاستەی ئەو فیستیڤاڵە دەکەین هیوادارین بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەبچێت، هبچ مەبەستێکی ئامانجدارمان نەبووە بۆ بەشداریی نەکردنمان لەو فیستیڤاڵە، ئێمە هەمیشە رێز و حورمەتمان بۆ مامۆستا (تاهیر تۆفیق)ـو هونەرەکەی هەیە، بە مامۆستای خۆمانی دەزانین، هیوادارم ئەم فیستیڤاڵە ببێتە نەریتێکی ساڵانە نەک هەر بۆ مامۆستا (تاهیر تۆفیق) بەڵکو بۆ هەموو هونەرمەندانی ڕەسەنی کورد فیستیڤاڵی لەو شێوەیە ساز بکرێت”.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە هونەرمەندی کۆچکردوو (تاهیر تۆفیق) لە ساڵی (1922) لە شارۆچکەی کۆیە لە باوەشی خێزانێکی هەژار لە دایک بووە، پلەی خوێندنی تا پۆلی سێهەمی ناوەندی بووە، ئەو هونەرمەندە هەر لەتەمەنی مناڵیەوە بەهرەی هونەری گۆرانی تیایدا سەری هەڵداوە، (تاهیر تۆفیق) زۆرینەی گۆرانییەکانی لە شیعری هەریەک لە شاعیران (حاجی قادری کۆیی، وەفایی، مستەفا بەگی کوردی، عوسمان عەونی، سافی هیرانی، فایەق بێکەس، ئیبراهیم ئەحمەد، گۆران، مەدهۆش، دڵدار، دلزار)ـوو چەندیین شاعیری دیکە پێکهاتووە، بە یەکێک لە هونەرمەندە خاوەن هەڵوێست و نیشتمان پەروەرەکانی کورد ناسراوە.
هونەرمەند (تاهیر تۆفیق) لە رێکەوتی 20/ 10/ 1987 کۆچی دوایی کردووە.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا