جودى دینیش: دەکرێت لە گوندێکى بچووکى ناو جەرگەى تاریکستانى ئەفریقیاش شانۆ نمایش بکرێت
شیکارى: هونەرى بەدرخان
27/3 جیاواز لە هەموو رۆژەکانى دیکە بۆ شانۆکاران وەکو رۆژێکى گرنگى جیهانى و مێژوویی بایەخى تایبەتى خۆی هەیە، لەم رۆژەدا لە سەرانسەرى جیهان یادى ئەو رۆژە بەرز و پیرۆز رادەگیرێ و بە جۆرەها نمایشی شانۆیی پێشوازى لە رۆژێکى ئاوەها گرنگدا دەکرێ، وەلێ لەو کوردستانەى خۆماندا خەریکە ساڵ لەدواى ساڵ ئەو رۆژە لە نمایشی شانۆییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاهەنگى هەڵپەڕکێ و رێزنان لە کەسانى ماندوو، لێرەدا بە وردى تیشک دەخەینە سەر خاڵە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانى ئەو جۆرە چالاکییانە لە رۆژی جیهانى شانۆدا…
شانۆ و قەیران لە کوردستان
لەم چەند ساڵەى دواییدا هەر کە باس لە شانۆ بکەین، ناکرێ تیشک نەخەینە سەر ئەو قەیرانە شانۆییەى کە باسی لێوە دەکرێ، جا ئەو قەیرانە چۆن و کێ دروستى کردووە ئەوە راى جیاوازى لەسەرە، بەڵام زۆرینەى رایەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە بەشی هەرە زۆری هۆی دروستبوونى ئەو قەیرانە خودى هونەرمەندان خۆیانن، کەوایا بەپێی ئەو رایە بێ بینەر لەو قەیرانەدا بێ گوناهەو گوناهى نییە، چۆن دەکرێ بینەرێک بێتە ناو هۆڵی شانۆ و سەیری شانۆییەک بکا، کەچی دەقی شانۆییەکە تەعبیر نەبێ لە ئێش و ئازارەکانى ئەو، کەوایا ئەو رۆژەى کە پێی دەگوترێ رۆژی جیهانى شانۆ رێگایەکە بۆ ئاشتکردنەوەى بینەر بە شانۆ.
27/3 لە کوردستان
ئەمساڵ جیا لە هەموو ساڵانى دیکە لەرووى یادکردنەوەى ئەو رۆژەدا کوردستان و هونەرمەندانى کورد وەکو پێویست و بەیەک دەنگى پێشوازییان لەو رۆژە پیرۆزە نەکرد، لەوانەیە بگوترێ کە لە کوردستان کۆمەڵێک چالاکى هونەرى بەڕێوەچوون، بەڵام دیسانەوە هونەرمەندان سەلماندیانەوە کە ئەوان نەک لە رۆژانى ئاسایی، بگرە لەو رۆژەى کە جەژنى هەمووشیانە یەک دەنگ و کۆدەنگ نین لەسەر ئەوەى هەموویان لەسەر یەک خوانى شانۆییدا ئەو رۆژە بەرز رابگرن، لێرەدا هەوڵدەدەین بەوردی تیشک بخەینە سەر چالاکییەکان لە شارە جیا جیاکانى کوردستان.
هەولێر و 27/3
بۆ ئەمساڵ لە 27/3 لە شارى هەولێر هیچ چالاکییەکى شانۆیی وەکو نمایشی شانۆیی بەڕێوەنەچوو، دیارە لەوەشدا تیپ و گروپە شانۆییەکان و بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆ بەرپرسیارن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتى شانۆ لە فەراغى ئەوەدا لە ئێوارەى هەمان رۆژ بەشی زۆری هونەرمەندانى هەولێری لەسەر یەک خوانى شانۆیی کۆکردەوەو هەر لەوێدا کۆمەڵێک ژنە هونەرمەندى خەڵاتکردو بڕوانامەى رێزلێنانى پێ بەخشین، کە بریتى بوون لە: “خەرمان هیرانى، ئازادە جەلال، جیهان ئەحمەد، رووپاک عەبدولقادر، شیرین سابیر، سوهام حەسەن، گەلاوێژ تاهیر، مژدە جەلال، شلێر ئەحمەد کۆیی، ئاواز مەحمود”، هەروەها لەپاڵ ئەواندا وەکو رۆژنامەنووسێکى چالاک دیارییەکى بەخشیە رۆژنامەنووسی هونەرى “عەبدولغەفار عەبدوڵڵا”، خۆی لە خۆیدا ئەو جۆرە چالاکییانە کارى چاکن، وەلێ ناکرێ رۆژێکى ئاوا گرنگ بەبێ نمایشی شانۆیی بەڕێوەبچێ، دیارە هەر لە شارى هەولێر بڕیاربوو ئەمساڵ پرۆژەى شار و شانۆى گروپی گەنج بۆ شانۆ بەڕێوەبچێ، بەڵام لەبەرئەوەى پرۆژەکە لەلایەن وەزارەتى رۆشنبیریییەوە دواخرا بۆیە ئەو گروپە لەو رۆژەدا پرۆژەکەیان بەڕێوەنەبرد، بەڵام بە بڕواى من دەکرا ئەو گروپە بە قەبارەیەکى بچووکتر ئەو پرۆژەیە بەڕێوەبەرن و هیچ پێویستیشیان بە وەزارەتى رۆشنبیری نەبێ، لەبەرئەوەى ئەوان مانگانە بڕی 3 ملیۆن دینار وەکو بودجە وەردەگرن، دەکرا بە بودجەى چەند مانگێک بەشێکى کەم لەو کارانە بکرابووایە، نەک هیچ کارێک نەکرێ و وەزارەت لەوەدا خەتابار بکرێ، هەر چۆنێک بێ ئەمساڵ ئەو رۆژە لە شارى هەولێر وەکو پێویست هەقی خۆی نەدرایێ و کارى پێویستى بۆ نەکرا.
سلێمانى و 27/3
لە شارى سلێمانیش بۆ ئەو رۆژە پیرۆزە کۆمەڵێک چالاکى بەڕێوەچوو، کەک کەمترینیان خۆی لە نمایشی شانۆیی دەبینیەوە، لەو شارەدا هەریەک لە “تیپی شانۆی سالار، ستۆدیۆی ئەکتەر، کۆمەڵەى هونەرەجوانەکانى کورد، بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆ..هتد” کۆمەڵێک چالاکیان هەبوو، وەلێ زۆربەیان خۆی لە رێزلێنان و ئاهەنگ دەبینیەوە، تەنها ئەوەى ستۆدیۆی ئەکتەر نەبێ کە بە چەند نمایشێک پێشوازیان لەو رۆژە کرد.
تیپی شانۆی سالاریش لەو رۆژەدا چەند چالاکییەکیان ئەنجامدا، کە خۆی دەبینیەوە لە: “(کهڤاڵی بهخشش)ی شانۆی سالار بهخشرا به هونهرمهند (تهها بابان)، شانۆی سالار (کهڤاڵی بهخشش)ی بهخشیه (شهفیق محهمهدو یونس حهمه کاکهو فهریده ئهحمهد) وەکو ئەکتەرى بەشدار لە شانۆگەرى کوێر ئۆغڵی، ههر لهو کهرنهڤاڵهدا چوار کتێبی شانۆیی له چاپکراوهکانی گۆڤاری (شانۆ) به دیاری بڵاوکرایەوە که بریتی بوون له کتێبهکانی : (نێوێ مسرحیه_بهزمانی عهرهبی) له نووسینی (محییهدین زهنگهنه) و(سیمیا لهشانۆدا) نووسینی (سهڵاح جهلال) و دوو کتێبی نوێی هونهرمهند و نووسهری دووره وڵات(دانا رهووف) سهبارهت به (هارۆڵدپنتهر) و (شانۆی سوێدی).
بەو پێیەبێ ئەگەرچی سلێمانیش وەکو پێویست هەقی بەو رۆژە نەدا، وەلێ لەچاو شارەکانى دیکە باشتر بوو، دیارە ئەوەش هیمەتى گروپ و تیپە هونەرییەکانە، ئەگینا بەڕێوەبەرایەتى شانۆی سلێمانیش وەک هى هەولێر ئاهەنگێکى سازکرد، وەلێ چالاکییەکانى دیکە ئەوە تیپ و گروپەکان بوون کە ئەنجامیان دا.
نەبوونى بودجە
هەروەکو لەدەمى بەشی هەرەزۆری لێپرسراوان و کاربەدەستانى حکومەت گوێمان لێ دەبوو هۆکارى هەرە سەرەکى لەوەى کە ئەمساڵ وەکو پێویست یادى ئەو رۆژە نەکراوەتەوە بریتییە لەوەى کە بودجە نییەو تا ئێستا بودجە تەسدیق نەکراوە، بەڵام ئایا دەکرێ لەبەر نەبوونى بودجە چالاکى شانۆیی وەکو پێویست ئەنجام نەدرێ، کەوایا دەبێ بۆ ساڵانى داهاتوو لایەنە بەرپرسیەکان بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن ئامادەباشی بکەن بۆ سازکردن و یادکردنەوەیەکى سەرتاسەرى شانۆیی لە کوردستان، نەک هەر کەسەو لەماڵی خۆی.