داوام لە شڤان پەروەر کرد سکاڵا لەسەر ئیبراھیم تاتلیس تۆمار نەکات، بەڵام بە قسەی نەکردم
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : دوای ئەوەی ھەفتەی رابردوو رۆژین ئەلبوومە نوێیەکەی لەتورکیا بڵاوکردەوە و پێنج گۆرانیشی ھەر لەوێ کلیپ کرد، بۆ یەک رۆژ گەڕایەوە کوردستان و پێشئەوەی بڕواتەوە تورکیا (سڤیل) ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجامدا
سڤیل: بۆچی ئەلبوومە نوێیەکەت لەتورکیا بە ئۆرگیناڵ بڵاوکرایەوە، بەڵام کوردستان بەکۆپی بڵاوکرایەوە؟
رۆژین: لێرە یاسا نییە، بۆیەشە کۆپی ھەیە، حەق وایە لەکوردستان ھونەرمەند قەدری ئەوەی ھەبێ کە ئەلبووم بڵاودەکاتەوە کۆپی نەکرێ، وەک ئەوە وایە خانوویەک دروست بکەی کەسێکی تر لەناوی دابنیشێ بڵێ ھی منە، کۆمپانیایەک پێشتر ئەلبوومەکانی منی بڵاوکردەوە، گوتی لێرە ئەلبووم نافرۆشرێ، گوتم باشە بۆچی کۆی دەفرۆشرێ و ئۆرگیناڵ نافرۆشرێ؟ بۆیە من باوەڕم بە کەس نەماوە، نازانم ئەلبوومەکەم بدەمە کێ لە کوردستان بڵاوی بکاتەوە.
سڤیل: لە تورکیا چۆن فرۆشراوە؟
رۆژین: باشە، بەڵام زۆر باش نییە، تورکیا شتی کوردی قبووڵ نییە و تەحامول ناکات، لەزۆر شوێن تورکەکان پێمدەڵێن تۆ ھونەرمەندێکی زۆر باش و دەنگخۆشی بەس بە کوردی گۆرانی مەڵێ، بەم قسەیە شێت دەبم، وەکو ئەوە وایە خەنجەرێکم لێ بدەن.
سڤیل: کەواتە ئەگەر گۆرانی کوردیت نەگوتبا ئاست و پێکەت بەرزتر دەبوو؟
رۆژین: بەڵێ ئەگەر لەتورکیا گۆرانیم بەکوردی نەگوتبا وەزعی من زۆر زۆر باشتر بوو، رۆژین زۆر بەرزتر و بڵندتر بوو، بەڵام من ناتوانم، چونکە زمانی دایکەمە، ئەگەر وا نەکەم خۆم لۆمەی خۆم دەکەم، قەت ئەوە ناکەم بۆ پارە گۆرانی بەزمانی بێگانە بڵێم.
سڤیل: ھەست دەکەی ھەندێ لە کچە گۆرانیبێژە کوردەکان ئێستا لاسایی تۆ دەکەنەوە؟
رۆژین: ئۆف! ئێستا کۆمارۆژین دەرکەوتووە، کچێک ناوی “قەدریە” بوو کردیە رۆژدە، یەکێک ھەیە ناوی “عەلادین”ـە ناوی کردۆتە رۆژھات، چی بڵێم پێنج، شەش کەس ناویان لەنزیک ناوی منە دروست کردووە، کورد دائیم حەزی لە تەقلیدە، چۆن ئەلبووم کۆپی دەکەن ناویش تەقلید دەکەن، من ئێستا لەدادگا سکاڵام لەسەر کۆمارۆژین تۆمار کردووە، لەبەرئەوەی خەڵک تەلەفۆنی بۆ دەکات دەڵێن تۆ رۆژینی؟ دەڵێ بەڵێ منم، کە دەچێت بۆ ئاھەنگەکە ئەو نییە، دەڵێ قەینا بە ھەرزانتر ئاھەنگەکەتان بۆ دەکەم! لە کۆمپارۆژین دەستم پێکردووە ئەوانی تریش یەک بەیەک دەیاندەمە دادگا.
بەھەزاران کەس لاسایی شڤان پەروەر دەکاتەوە، بەڵام ناوی خۆیان ناکەنە شڤان، منیش پێم گووتوونە بڕۆن تەقلیدی مادۆنا بکەن، بۆچی تەقلیدی من دەکەنەوە، ئەوان وا ھەست دەکەن سەرکەوتنم بەدەستھێناوە، دەیانەوێ نانی من بخۆن، تۆ ئێستا رۆژنامەنووسی بەستالێک ئیش دەکەی، ئەگەر رۆژنامەنووسێکی تر بەستایلی تۆ ئیش بکات ئەوە دزی نییە، ئەوە بێئەخلاقییە.
سڤیل: کێشەکەت لەگەڵ ئیبراھیم شاھین بەڕێوەبەری کەناڵی TRT٦ چی لێھاتەوە؟
رۆژین: کاتێک کەناڵی TRT٦ دامەزرا ئۆردۆغان بە ئیبراھیم شاھینی گوت داوا لەرۆژین بکە لەو کەناڵە کار بکات، لەبەرئەوەی ناوبانگ و جەماوەری زۆری ھەیە، منیش یەکەمجار کە ئەو داوای لێکردم گوتم نایەم و خۆم تووشی سەرئیشە ناکەم، پێمگوتن ناتوانم لیمۆ و بیبەر دانێم و بڵێن ئەوە ئاڵای کوردستانە، منیش بڵێم نا ئەوە نانە، من گۆرانی تەحسین تەھام لێدەدا لێیان دەپرسیم تەحسین تەھا پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە ھەیە؟ دەمگوت کاکە ئەوە ٣٠ ساڵە مردووە، لەھەموو شتێک گومانیان ھەبوو، منیان زۆر توڕە کرد، ھەم کەناڵی TRT٦ ھەمیش پەکەکە، بۆیە گوتم نە پارەم دەوێت و نەھیچ، وازم ھێنا، دواتر ئیبراھیم شاھین لەشوێنێک قسەیەکی زۆر ناخۆشی بەمن گوت، ناکرێ پێتان بڵێم قسەکە چییە، لەھەموو رۆژنامەکانی تورکیا بڵاوکرایەوە، ئۆردوغان و ژنەکەی و ھەموو وەزیرەکان تەلەفۆنیان بۆ کردم و داوایان لێکردم لێی خۆش بم، بەڵام من داوام لەسەر تۆمار کردووە، ھەم داوای پارەم کردووە، ھەمیش داوام کردووە دووبارە نەبێتەوە، داوای ١٠٠ ملیار لیرەم کردووە، دادگا دەستی پێکردووە، بەڵام رۆژنامەکانی تورکیا نازانن داوام تۆمارکردووە، چونکە ئەگەر بزانن دیسان وادەکەن توڕە بم.
سڤیل: ھیچ کێشەیەکت لەگەڵ تورکیا ھەیە؟
رۆژین: ھیچ کێشەیەم لەکەڵ پەکەکە نییە، پەکەکە خۆی کێشەی لەگەڵ ھونەرمەندانی کورد ھەیە، لەگەڵ من.. لەگەڵ شڤان پەروەر، بەڵام ئێستا پەکەکە لەجاران باشترە، من پێمگوتوونە ئێوە گوللە داوێن من گۆرانی داوێم، ھەموومان شەڕکەرین، لە تورکیا کە گۆرانی بەکوردی دەڵێی وەکو ئەوەیە تەقەیان لێ بکەی، ھونەرمەند پێویستە گۆرانی لەسەر سیاسەتمەدار نەڵێت، چونکە لە تورکیا گۆرانیگوتن بەکوردی خۆی سیاسەتێکی گەورەیە، ئەگەر بەکوردی گۆرانی بڵێی بەچاوی ھونەرمەند سەیرت ناکەن، دەڵێن ئەوە شەڕکەرێکی کوردە.
سڤیل: ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ ئیبراھیم تاتلیس چۆنە؟
رۆژین: من پەیوەندیم لەگەڵی باشە، بەڵام شڤان پەروەر و ئیبراھیم تاتلیس کێشەیان ھەبوو لەسەر گۆرانییەکی کوردی، کە بە بەتورکی نوسراوەتەوە و گوتراوەتەوە لەلایەن ئیبراھیم تاتلیس، کە ھی شڤان پەروەرە، من بە شڤانم گوت قسە لەگەڵ ئیبراھیم بکە و لێی خۆشبە لەبەر دوو شت، یەکەم ھەردووکتان ھونەرمەندی کوردن، دووەم ئێستا ئەو بریندارە و وەزعی خراپە، بەڵام شڤان ھەموو ئەوانەی قبووڵ نەکرد و بەقسەی نەکردم داوای لەسەر ئیبراھیم تاتلیساس تۆمار کرد، راستە حەقی شڤانە، بەڵام نەدەبوو شڤان وا بکات، چونکە وەزعی ئەو تەواو نییە، مرۆڤ ئەگەر ھەڵەی کرد، پێوستە بەرامبەرەکەی لێی خۆش بێت، راست ئیبراھیم وەکو ھونەرمەندێکی کورد دەرنەکەوتووە، بەڵام کوردە.
سڤیل: تۆ دەوڵەمەندی بۆ سەیارەت نییە؟
رۆژین: من دەوڵەمەندم؟! ھەڵەیە ئەگەر بڵێن رۆژین ھونەرمەندێکی دەوڵەمەندە، سەیری وەسڵەکانم بکەن بزانن چەند قەرزاری بانکم، ھەموو مانگێک ئەوەی دەستم دەکەوێت دەیدەیمەوە بانک، ھێشتا ھەشت مانگ ماوە قەرزەکانم تەواوبێ، ئەگەر تەواوبوو ئیسراحەت دەکەم، حەزدەکەم دەوڵەمەندبام، بۆئەوەی یارمەتی ژنی کورد و ھونەرمەندانی کورد بدەم، لەم دووکانەشی کە لەکوردستان دامناوە قازانجی زۆرم نەکردووە، بەڵام ئەوەم قازانج کردووە خەڵکێکی زۆرم تێدا ناسیووە.
سڤیل: لەگەڵ خۆشەویستی چۆنی؟
رۆژین: ئەوەی خۆشەویستی نەکات مرۆڤ نییە، بەڵام ئێستا ھیچ کەس لەژیانمدا نییە، ئەگەر خۆشەویستێکم دیتەوە تۆ یەکەم کەسبە وێنەی بگرە، بەڵام بیرت نەچێ من بوویمە پیاو، بەپێکەنینەوە پێشتر سمێڵیشم ھەبوو، بەڵام تاشیم.
سڤیل: چۆنە وەسفی خۆت دەکەی؟
رۆژین: من کوردێکی باشم، بەڵام بێعەقڵم، بۆ کوردەواری باشم، بەڵام عەقڵم باش نییە، مرۆڤ دەبێ شەیتان بێت و ئیشی خۆی بزانێ، بەڵام من وانیم، بۆ نموونە بچم بۆ ھەر شوێنێک ئۆردوغان تەلەفۆنم بکات چ شتێک بێتە بیرم دەیڵێم، عاقڵ شتێتەکە و ژیری شتێکی ترە, مرۆڤ ئەگەر ژیر بوو ھەموو تشی زانی، بەڵام ئەگەر عاقڵ نەبوو ھیچ نییە، مرۆڤ نابێ ھەموو کاتێک ھەموو قسەیەک بکات، بەڵام من ھەموو قسەک دەکەم.