مەسعودی مەلا ھەمزە: لە ھەوڵێکی دیکەیانداو لە ئامادەکردن و دەرھێنانی رۆژگار کەریم رۆژ تیپی شانۆی تیشک شانۆگەرییەکی تایبەت بە پرسی ژن لە کوردستان نمایش دەکات.
شانۆگەری کۆتایی خەونەکان کە لە ئامادەکردن و دەرھێنانی ھونەرمەند رۆژگار کەریم رۆژەو لە ئێستادا دەستکراوە بە قۆناغی ئامادەکارییەکانی کارکردن لەو شانۆگەرییەو بڕیارە لە ھەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان نمایش بکرێ.
لە لێدوانێکی تایبەتدا رۆژگار کەریم رۆژ ئامادەکارو دەرھێنەری شانۆگەرییەکە گوتی”لە نوێترین کاری خۆماندا سەرقاڵی کارکردنین لە شانۆگەری کۆتایی خەونەکان کە باس لە بێ بایەخ بوونی پرسی ئافرەت و ھەوڵدان بۆ نەھێشتنی شێوازەکانی ئازاردان و توندوتیژی دژی ئافرەت دەکاو دەیخاتەڕوو”.
رۆژگار گوتیشی”لەم شانۆگەرییەدا کار لەگەڵ کۆمەڵێک ئەکتەر دەکەم کە بۆ یەکەمجارە دێنە سەر تەختەی شانۆ، کە ئەوەش ئامانجێکی خۆمەو دەمەوێ کار لەگەڵ چەند کەسێکی تازە بکەم و بیانھێنمە سەر تەختەی شانۆ”.
شایانی باسە رۆژگار کەریم رۆژ دەرچووی بەشی شانۆی کۆلیژی ھونەرەجوانەکانەو پارساڵ بە شانۆگەری “ماڵئاوایی شاعیران” کە وەک تێزی دەرچوونی نمایشی کرد توانی پلەی ئیمتیاز وەربگرێ.