هەولێر، مەسعودى مەلا هەمزە
لە رۆژانى رابردوو هونەرمەند کامەران رەئووف کۆتایی هێنا بە قۆناغى وێنەگرتنى دراماى “رۆژگارە تەریبەکان” کە لە نێوان 25 تا 30 ئەڵقە دەبێ و بەرهەمى بەڕێوەبەرایەتى گشتى سینەماى سەر بە وەزارەتى رۆشنبیری و لاوانە.
لەو درامایەدا کە کۆمەڵێک لە هونەرمەندانى کوردستان بەشدارن و ژمارەیان دەگاتە 150 هونەرمەند وەکو” سەباح عەبدولرەحمان، سەلام کۆیی، تاریق ئاکرەیی، شاهین نەجمەدین، ئیسماعیل قادر، کاوەى ئەحمەد میرزا، نەرمین کاوانى، هادى مەحمود، بەهادین، کامەران نورى، سەمیعە ئەحمەد، نەهرۆی ساڵح دەلۆ، جەمیل سابیر، کامەرانى نورى گوڵاڵە، رێباز محەمەد، ئارى سوبحى کۆیی، ریاز حاجى، لاوێن…هتد”.
هەروەها ستافی پشتى کامێراى ئەو درامایە بریتى بوو لە: پێشڕەو نەبەرد وەکو بەڕێوەبەرى وێنەگرتن و موسەدەق جەعفەر یاریدەدەرى وێنەگرتن و پشتیوان جەبار وەکو دەنگ و خالید وەکو رووناکى و شاریۆ و کرێن لەلایەن نیبراز و مکیاژیش لەلایەن سڵاحى شێخ محەمەد ئەنجام دراوە.
فوئاد جەلال یاریدەدەرى دەرهێنەر و بەڕێوەبەرى بەرهەمى دراماکە گوتى: دراماى رۆژگارە تەریبەکان لە دەرهێنانى هونەرمەند کامەران رەئووف دواى چەند مانگ کارکردن لەشارى کۆیە لەو هەفتەیەدا کۆتاییمان هێنا بە قۆناغى وێنەگرتنى و لە ئێستادا خەریکى کاپچەرین و لە رۆژانى داهاتوو دەست بە مۆنتاژ دەکەین، کە بڕیارە ئالان ئومێد کارى مۆنتاژی بۆ بکاو مۆسیقاکەش لەلایەن دلێر حوسێنەوە ئامادە دەکرێ و بڕیاریشە ئەگەر دراماکە پێویستى بە گۆرانى بێ ئەوا دیارى قەرەداغى گۆرانییەکان بڵێ”
هەروەها فوئاد بە پێویستى زانى سوپاسێکى بێ پایانى خەڵکى شارى کۆیە بکا لەمەڕ ئەو هاوکارییەى کە چەند مانگە خەڵکى ئەو شارە لە خزمەتى دراماکە کردوویانە”.