ڕێبوار محمد یوسف
زۆرجار لەنێوەندی رۆژنامەگەری کوردیدا دەبینین زۆر رۆژنامەو گۆڤار وەک لێشاوێک بڵاودەکرێنەوە کەخەریکە کایەی رۆژنامەگەری کوردی ء گێڕانەوەی مێژووی سیاسیء کلتوری رۆشنبیری گەلەکەمان تێک بدات، دیارە بوونی ئەو رۆژنامەو گۆڤارانەی کەدەردەچنء لەلایەن چەندین بەرپرسی دەسەڵاتدارەوە بەهەوانتە پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت بۆب ئەوەیە کە لە کەسایەتی سیاسیء رەمزی جوڵانەوەی شۆرشگێری گەلەکەمان بدرێت.
دیارە بوونی ئەو نووسینانەش وەکوو دەبینین زۆربەی سەرچاوەکانی رووبەرێکی بێ سەرچاوەو بێ زانیاری ئەوتۆیە کەکەس بڕویان پێ ناکات. تاکوو لەو رێگەیەوە ئەو مێژووە لەکەدار بکرێت کە دوای چەندین ساڵ لەخەباتء تێکۆشان بەدەست هاتوون.
دزێوترین کارێک کە رۆژانە دەکەوێتە بەردیدەمان ناشیرینکردنی کەسی سیاسیە لە نێوەندەکەدا کە بۆشکاندنء ناوزڕاندنی خەباتء تێکۆشانء هاوسەنگەرە تێکۆشەرەکانی خۆیانە کەبۆ ئەجندای تایبەتی بەکاردەهێنرێن.
ناکرێت گەلێک کەبەچەندین قۆناغی سەختء تێکۆشاندا رێڕەوی خۆی گرتووەو لەجەورو ستەمء زوڵمء زۆرداری داگیرکەران رزگاری بووە بەکۆمەڵێک وشەی بریقەدارو دوور لەزانیاریء وەک فاڵگەرەوەیەک بەئێمەی بفرۆشنەوە، بۆیە کارکردن لەسەر ئەو رێچکەیە زیان گەیاندنە بەسەرجەم خەباتء تێکۆشانی گەلەکەمان.
رۆژنامەو گۆڤارەکان لەم رووەوە بێ خەتانینء زۆربەی کادرو بەرپرسەکانیش پشکی سەرەکیان بەردەکەوێت کەئەویش لەرێگەی زانیاری نادروستء بێ هوشیارییەوە ئەو تەرزە هەوڵانە ئاراستە دەکرێن بێ ئەوەی بەڵگەیەک بدەن بەدەستەوە.
رۆژنامەنووسی واهەیە ئیشءکاری قسەکردنە لەسەر شەخسیەتی کەسانی سیاسی لەرێگەی زانیاری نادروستەوە وەک ئەوەی ئەم نیشتیمانە هیچ کێشەو گیروگرفتێکی تێدانەبێت تەنها ئەم هەوڵە دەست کردانە نەبێت کەبڵاودەکرێنەوە. ئەوەتا سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کەلە 22/8/2008 یاسای کاری رۆژنامەگەری کوردی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراو کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە بڕگەکانی پەیوەستە بەرێزگرتن لەئەخلاقء پەیامی پیشەی کاری رۆژنامەگەری وەک لەمادەی حەوتەم لەبەشی چوارەم باس لەمافءئیمتیازەکان دەکات کە رۆژنامەنووس سەربەخۆیە لەبەجێهێنانی ئەرکە پیشەیەکەی، یاخوود ئەو زانیاریانەی کە بڵاودەکرێنەوە ببنە هۆی تێکدانی باری ژیانی، یان زیان بەخۆیء مافەکانی بگەێنێت. کە من لەگەڵ ئەو ڕایەدا هاوتەریبم، بەڵام کامە کاری رۆژنامەگەرییە نەبووبێتە هۆی دڵەڕاوکێء خەمۆکی بۆجەماوەر؟ ئەوەی لەم چەند ساڵەی پێشوودا بینیمان کەسانی سیاسی وەک فریشتە دەبینران دواتر دەبوونەوە شەیتان، کێ بەم وشانە بڕوا دەکات؟ کێ هەیە لەژیانی سیاسی خۆیدا تووشی چەندین هەڵەو کەمووکوڕیء سەرپێچی نەبووبێت کەئەویش بەهۆی نەزانینء رەفتارنەکردنیەوە بوە. بۆیە ئەوانەی دەیانەوێت لەرێگەی دەسەڵاتەوە رۆژنامەو گۆڤار دەرکەنء بودجەی هەوانتە وەربگرن هەر رۆژێک بێت بەهۆی قەراری سیاسیەوە زۆربەیان دادەخرێن وەکوو ئەو رۆژنامەو گۆڤارانەی کەلەسەردمی شەڕی ناوخۆدا دەردەچوون دواتر پایدۆزیان لێکرد.
دەکرێت پیاوانی دەسەڵات کە سیاسەت بۆتە پشەیانء لەسەر کورسی حوکمڕانی دانیشتوون واز لەو بیرۆکەیە بێنن بۆگیانی هاوسەنگەرو هاورێکانیان، چونکە ئەو رۆژنامانە هیچ خزمەتێک بەبواری سیاسیء کاری رۆژنامەگەری کوردی ناکەن.