دوای ئەوەی تیپی شانۆی (سالار) لەسەرەتای ئەم مانگەدا بەرەو وڵاتی سوێد بەڕیکەوتن، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دوو نمایشی یەکەمیان بە ئەنجام گەیاند. لەمبارەیەوە هونەرمەندی دەرهێنەر (ئەرسەلان دەروێش) لە لێدوانێکی دا راگەیاند :
” بەشێوەیەکى بێهاوتا لەمێژووى نمایشە میوانەکانى شانۆى دەوڵەت (ریکس تیاتر)لەوڵاتى سوێد ،نمایشى (پاسەوان) لەدەرهێنانى بەندەو هەروها کارەکتەری نواندنى هونەرمەندى گەورەى کورد مامۆستا (ئەحمەد سالار) بوو، پێشوازییەکی زۆری لێکرا، نمایشەکانمان لە رۆژانى(5و6)ـی شوبات لەهەردووشارى (کارڵستاد)و (ئۆبسالا) لەنێو کەشوهەوایەکى هونەریی و کلتوورى (کوردى_سوێد)یدا و بەئامادەبوونى جەماوەرێکى یەکجار زۆرى ئەو دووشارە کەلەناو هۆڵەکاندا جێگەبۆ بەشێکیان نەمابوو”.
هەروەها دەروێش گوتیشی :”یەکەمین و دووەمین نمایشى (پاسەوان) بەسەرکەوتنێکى گەورەوە پێشکەشکرا کەهەر لە رۆژى دواتردا لەچەندین رۆژنامەى سوێدیدا هەواڵی سەرکەوتنى نمایشەکەیان بڵاوکردەوەو لەسەریان نووسى لەنێوانیاندا رۆژنامەى (Dagensnyheter) کە دەڵێت (سەرکەوتنێکى گەورە بۆ ئەستێرێیەکى کورد لە گەشتەکەى شانۆى دەوڵەتدا)”.
جێى باسە ئەم گەشتە هونەرییە لە (نۆ) شارى وڵاتى سوێددا سازدەدرێت وئەمە جارى سێیەمە (تیپى شانۆى سالار) نمایشى دەکاتەوە دواى ئەوەى لەساڵى (2006) لەسلێمانى و ، ساڵى (2007) لە شارى بەرلین نمایشى کرد و لەبەرهەمەسەرکەوتووەکانى نێوان هەرد وو هونەرمەند (ئەحمەد سالار و ئەرسەلان دەروێش) دادەنرێت، دەقى( پاسەوان )لەنووسینى هونەرمەند(دڵشاد مستەفا)ـیەو سێیەمین تێکستى ئەم نووسەرەیە کە (ئەرسەلان دەروێش) کارى دەرهێنانى بۆ ئەنجام داوە .
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا