راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی : زۆربەی کچە گۆرانیبێژەکانی کورد خاوەن دوو ناون، ناوی یەکەمیان ناوە راستەقینەکەیانە، کە وەکو خۆیان دەڵێن “ناوی تەمەنی منداڵییە”. ناوی دووەمیشیان نازناوە ھونەرییەکەیانە، کە لەناو خەڵک پێی ناسراون، بەلام زۆربەیان ئامادە نین ناوی راستەقیەنەی خۆیان بۆ راگەیاندنەکان ئاشکرا بکەن.
لەگەڵ دەرکەوتنی ھەندێ کچی گۆرانیبێژ لەم چەند ساڵەی دوایدا بەناوی سەرنجڕاکێش بەتایبەت ھەردوو ناوی “لۆکە و ھانی” خەڵک بۆیان ئاشکرا بوو کچەکان لەجیاتی ناوی راستەقینەی خۆیان ناوی بێگانە و سەرنجڕاکێش بەکاردێنن، بۆئەوەی یارمەتی بدات بۆ زووتر بەناوبانگ بوونیان، بەڵام پێش ئەم کچە تازانەش چەند خانمە ھونەرمەندێکی کۆنی ھەمان شتیان کردووە و بەنازناوەکانیان بەناوبانگ بوون و تائێستاش ناوە راستەقینەکەی ناو خەڵک ئاشنا نییە، دیارترینیان ھونەرمەند مەرزییە فەریقییە کە ناوی راستەقینەکەی “ئایشێ”ـیە، مەرزییە یەکێک لەبەناوبانگترین خانمە ھونەرمەندەکانی کۆنی ئێرانییە، کە ئایشێ لەخۆشەویستی خۆی بۆ مەرزییە ناوی مەرزییەی بۆ ناوبانگە ھونەرییەکەی ھەڵبژارد، کەسێکی نزیکش لەبنەماڵەی مەزرییە دەڵێت “جگە لەوەی ئایشێ سەرسام بوو بە گۆرانیبێژی ئێرانی مەرزییە، ئایشێ ناوێکی ئیسلامی بوو، ناسر رەزازی و خۆیشی حەزیان نەکرد بەم ناوە دەست بەگۆرانی گوتن بکات”.
ھەروەھا خانمە گۆرانیبێژ ھانی، کە ناوی راستەقینەکەی “نیشاد موجتەھیدی”ـە لەبەرئەوەی تاکە کچی دایک و باوکییەتی، زۆر خۆشەویست و بەناز بووە، بۆیە کاتێک دەستی بەکاری ھونەری کرد یەکێک بووە لەم کچانەی کە ھیچ رێگرییەکی نەبووە، بەنیگارکێشان دەستی پێکرد، بەڵام وەکو خۆی باسی کردووە لەنیگارکێشان سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە دەستی بەگۆرانیگوتن کرد و ئێستا یەکێک لەبەناوبانگترین خانمە گۆرانیبێژی کورد، ئەوکاتەی دەستی بەگۆرانیگوتن کرد ئاوازدانەر بورھان موفتیزادە ناوی “ھانی” بۆ ھەڵبژارد، ھانی ئەم ناوەی زۆر بەلاوە جوان بوو، ھەم کورتە و ھەمیش ناوێکی ھونەرییە.
بورھان موفتیزادە بۆ “سڤیل” ئەوەی پشتڕاستکردەوە، کە ئەو ناوی لە نیشاد ناوە ھانی، بۆئەوەی زووتر بەناوبانگ بێت و بچێتە ناو خەڵکەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەبەرئەوەی بواری ھونەر بوارێکی شیرینە، پێویستە ناوەکەش ھونەری و شیرین بێت، بۆئەوەی خەڵک زووتر قبوڵی بکات و گوتی “ساڵانی پێشوو دایک و باوەکەکانی ئێمە ناوی عەرەبی و فارسیان لەمنداڵەکەنیان دەنا، بەھۆی ئیسلام بێت یان شتی تر، بەڵام ھەرچی بێت گرنکە ھونەرمەند ناوی زۆر جوان و شیرین و تایبەتی ھەبێ، کە لەناو ھەموو ھونەرمەندانی دنیا نازناوی ھونەری ھەیە”.
پێش ھانی، خانمە ھونەرمەند نازێ عەزیزی لەکوردستان بەناوبانگ بوو، بەڵام ئەوەی نازێ لەوانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە نازێ یەکەم گۆرانیبێژی کوردە خۆی ناوی راستەقینەی خۆی بۆ راگەیاندنەکان ئاشکرا کرد و لەلێدوانێکیدا بۆ “سڤیل” ئاشکرا کرد، کە ئەو ناوی “نەشمیل”ـە و خۆی ناوی لەخۆی ناوە نازێ، ھەروەھا گوتیشی “لەبەرئەوەی ناوەکەم کوردی بوو کاتێک لەتاران دەمخوێند کێشەیان بۆ دروست دەکردم، ناوی نازێم ھەڵبژارد و بەم ناوەش دەستم بەگۆرانیگوتن کرد”. نازێ باس لەوە دەکات ناو گۆڕین لەناو ھونەرمەندان شتێکی زۆر ئاساییە و ئاماژەی بەوەشدا لەناو فارس کەسانی پسپۆر ھەن لەم بوارە ناوی جوان و ھونەری بۆ ھونەرمەندان دیاری دەکەن، نازێ بۆ نموونەی قسەکانی باسی ھایدە و مەھەستی و گوگوش دەکات و دەڵێ “یەکێکیان ناوی مەحسوومە و ئەویتر ناوی فاتیمەیە، گوگوش ناوی فایەقە ئاتاشینە، بەڵام لەبەرئەوەی ناوەکانیان ئیسلامی بوون ئامادە نەبوون وەکو ناوی ھونەری خۆیان قبوڵی بکەن”. ھەروەھا نازێ گوتیشی “راستیەکەی حەزم دەکرد ناوێکی خۆشتر و جوانتر لە نازێ بۆ خۆم ھەڵبژێرم”.
کچە گۆرانیبێژ نینا جەمال، کە لەوڵاتی ئوسترالیا نیشتەجێیە ئەویش بۆ “سڤیل” ئاشکرایکرد ناوی خۆی “کوردستان”ـە، بەڵام ماڵەوە ھەر لە منداڵیەوە بە نینا بانگیان کردووە.
ئاوازدانەر ھەڵکەوت زاھیر لەناو گۆڕینی ھونەرمەندان پشکی شێری بەردەکەوێت، ھەر کچێکی تازە لای ئەو دەست بەگۆرانی گوتن بکات ناوەکەی دەگۆڕێت و ناوی سەرنجڕاکێش بۆ کچەکان دەدۆزێتەوە، ئەو ناوانەی کە بۆ کچەکانی داناوە بریتین لە “لۆکە، نایلیسا، ناسلی، کریستاڵ، ھەروەھا میرا”.
ناوە راستەقینەکەی لۆکە “شاناز”ـە، مۆنیکای خوشکی “ھەرێز”ـە، نیلیسا “رۆژگار”ـە، کریستاڵ “کانیاو”ـە، ھەروەھا میرا “ھەڤاڵ”ـە، لەبارەی گۆڕینی ناوی ھونەرمەندەکانی خۆی ھەڵکەوت زاھیر گوتی “ناکرێ ناوێک کە لەناو زۆر بێت، ھونەرمەندەکەش ئەو ناوەی ھەبێ، لەبەرئەوەی ھونەر بوارێکی تایبەتە و ناو خەڵکە دەبێ ناوەکەشی تایبەت و سەرنجڕاکێش بێت، ناوی جوان کورت و کەم بۆ ھونەرمەندان زۆر گرنگە، بەتایبەت بۆ کچەکان، بۆیە بەشانازییەوە دەڵێم من لەکوردستان کەلتووری ناو گۆڕینم بۆ ھونەرمەندان داھێناوە”.
سەیران، کچە کوردێکی کوردستانی رۆژھەڵاتە و ئێستا لەھەولێر نیشتەجێیە، لەبەرنامەیدایە لەم نزیکانەدا دەست بەگۆرانیگوتن بکات و گوتی “من ئامادە نیم ناوی خۆم بگۆڕم و ھەر بەناوی خۆم بناسرێم، بۆچی ناوی خۆم لەخەڵک بشارمەوە؟”. ھەروەھا گوتیشی “چونکە لای من ناو زۆر گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ھونەرەکەن جوان بێت و چی پێشکەش دەکەی، زۆر ھونەرمەند ھەیە ناوی خۆی نەگۆڕیووە و لای خەڵک سەرکەوتوو و خۆشەویستە، ھەیشە ناوی سەرنجڕاکێش و بێگانەی لەخۆی ناوە و ستایلی ئەوروپی بەکاردێنی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەناو خەڵک قبوڵ نەکراوە”