بورھان شێخ ڕەئوف :
ڕۆژئاوای کوردستان واتە باکووری سوریا لە چەند ساڵی ڕابردووی شۆڕشی خەڵکی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ ەوە پێگەو ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگی ھەبوو ە , ئەو خەڵکەی یان ئەو بەشەی کورد کە لەبن دەسەڵاتی دەوڵەتی سوریادا بوون نەک ھەر مافی ئاسایی ھاووڵاتی بوونی ئەو وڵاتەیان نەبوو بەڵکو بەشێکی زۆریان ناسنامەی سوریشیان پێنەدەدرا وا پیشانی دەرەوە دەدرا کەو کەمینەیەکی زۆر کەمن و چەند سەد ھەزار کەسێکن بەڵام لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی سوریا دژ بە ڕژێمی ئەسەد دەرکەوت کە کوردی سوریا ملێۆنەھا خەڵکی تێکۆشەرن و دوای دەیان ساڵ نکووڵی کردن لە مافەکانیان زیاتر سووربوون لە سەر ناسنامەو مافەکانی خۆیان بەڵکو ڕق و کینەو تۆڵە لە فەرھەنگی ئەواندا نیەو بەڵکو جوانترین نموونەی پێکەوە ژیانیان لە گەڵ پێکھاتەکانی تری سوریادا پیشانی جیھان دا .
لە ئێستای بارودۆخی سوریادا و لە دوای ڕزگارکردنی ڕەقە پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە لایەن ھێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ( ھەسەدە) کە ھێزێکن زۆرینەی کوردن و لە یەکینەکانی پاراستنی گەل پێکھاتوون و ئەمریکا پشتیوانی یان لێدەکات سەرەڕای ناڕەزایەتی و ڤیتۆی دەوڵەتی تورکیا لە سەریان لە دوای داگیر کردنی کانتۆنی عەفرین لە لایەن تورکیا و گروھە وابەستە کانی ئۆپۆزەسیۆنی سوریاوە و وەدەرنانی ھەموو تاقم گروھە تیرۆریستەکانی بەناو ئۆپۆزەسیۆنی سوریا کە سواری شەپۆلی بێزاری و داخوازییەکانی گەلی سوریابوون لە لایەن ھێزەکانی دەوڵەتی سوریاوە بە پشتیوانی ڕوسیاو ئێران ئێستا دۆخێکی نوێ لەو وڵاتە ھاتۆتە ئاراوە .
کورد چی بکات ؟
ئەگەر چاوێک بە بەرنامەی ھەموو ئەو ھێزانەی ئۆپۆزەسیۆنی سوریادا بخشێنین کە ھەموو گروھو تاقمی ئاینی و مەزھەبین و ھیچ بەرنامەو چارەسەرێکیان بۆ کێشەی کوردو پێکھاتکانی تری ئەو وڵاتە پێ نیە بە تایبەتی ئەوانەی کەزۆربەیان وابەستەی تورکیان و سیاسەتەکانی ئەوان جێبەجێ دەکەن و نکووڵی لە مافی کورد و ھەموو پێکھاتەکانی غەیرە عەرەب دەکەن , بۆیە ئەوەی لە ئێستادا سەردێڕی ھەواڵەکانە گفتوگۆو دان و سانی نێوان کورد و حکومەتی سوریایە بە تایبەتی لە ساڵانی ڕابردووی شەڕی ناوخۆی سوریا ئەم ڕاستیە زیاتر بۆ ھەمووان وەدەرکەوت .
پێگەی کورد لە سوریا
بەشی زۆری ئەو ناوچانەی ڕۆژھەڵاتی ڕووباری فورات لە بندەستی ھێزەکانی سوریای دیموکرتدان نزیکەی ٣٠% خاکی سوریا یە و ھەروەھا لە ٩٠% نەوتی سوریا لە بندەستیاندایە جگە لە نیوەی غازی سروشتی و بەشێکی زۆری بەروبوومی کشتوکاڵ و دانەوێڵەو و چەندین بەنداوی گرنگ واتە کوردەکانی سوریا دووەم ھێزن لە دوای ھێزەکانی حکومەتی سوریا .
پێگەی ھێزەکانی دەوڵەتی سوریا
لە ئێستا بەشی زۆری ئەو ناوچانەی کە ڕژێم دوای ساڵی ٢٠١١ لە دەستی دابوون ئێستا پاکی کردووەتەوە لە تاقم و گروپە تیرۆریستەکان وات لە ٦٠ % خاکی وڵاتی لە بندەستایە .
لەئاوا بارودۆخێکدا کە کوردخاکی بە دەستەوەیە و تا ڕادەیەکیش پشتیوانی دەرەکی ھەیە واتەئەمریکا دووریش نیە ئەم دان وسانە بە ھەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکاو ڕووسەکانیش بووبێت بۆیە دەکرێت کورد و بتوانێت میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی ھەموو ئەو ناوچانەی کە ساڵانێکە ئەوان بە جوانترین شێوە بەڕێوەی دەبن کە نموونەیەکی جوانی کارگێڕی و پێکەوەژیانیان نمایش کرد کە دۆست و دوژمنەکانیشیان ناتوانێت نکووڵی لێ بکات .
ھەربۆیە لە دوای کۆتایی ھاتنی گەڕی دووەمی دان و سانەکان باس لە پێشووەچوونی باش دەکرێت لە گفتوگۆکاندا کە دەوڵەتێکی دیموکراسی نا سنتراڵ دابمەزرێت و چەندین کۆمیتە پێکھێنراوە لە سەرئاستی جیاواز بۆ پێشخستنی دانو سانەکان و دانانی میکانیزم و فۆرمی نوێ بۆ کۆتایی ھێنان بە توندو تیژی کە گەلی سوریای بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە ماندوو و بێزار کردووە کە نەخشە ڕێگایەک دابنرێت بەرەو سوریاییەک کە دیموکرات و ناسنتراڵ.
بەھەرحاڵ وتووێژو دان و سان و دوورکەوتنەوە لە بەریەککەوتن لە ئێستادا لە قازانجی کوردە و ئەوەی ڕوون و ئاشکراشە سوریا ناگەڕێتەوە بۆ پێش ٢٠١١ بۆ سیستەمی یەک حزبی شمولی و تۆتالیتاری ڕووداوەکانی ھەشت ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتەش ئەوەی پیشانی جیھاندا کە ئەڵتەرنەتیفی ڕژێمی ئەسەد لەوەیە ھەر خۆی بێت کیِشەو ئاڵوزییەکانی پەیوەندی نێوان تورکیا و سوریاش خزمەت بەم پرسە دەکات .