زانا دڵشاد دزەیی: بۆ ئەنجامدانی ئاھەنگێک لەیاریگای فەرەنسۆ ھەریری و ئاھەنگێکی تایبەت لەھۆتێل تامگراند رۆژی ١/٥/٢٠١٣ مولحەم زێن گەیشتە ھەولێر و رۆژی دواتر رۆلا سەعد گەیشت، “بەڵام بەبیانووی ئەگەری باران بارین، ئاھەنگەکەی یاریگای فەرەنسۆ ھەریری نەکرا”. دوای ئەوەش رۆلا سەعد ئامادە نەبوو ئاھەنگە تایبەتییەکە بکات، رۆژی دواتر مولحەم زێن و رۆلا سەعد لەڕێگای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە رۆشتنەوە بۆ لوبنان.
بەداوەتی کۆمپانیای ژیمان سکای، ھەردوو ھونەرمەندی لوبنانی مولحەم زێن و رۆلا سەعد ھاتن بۆ ھەولێر بەمەبەستی ئەنجامدانی ئاھەنگێکی جەماوەری لەڕۆژی ٣/٥/٢٠١٣ لەیاریگای فەرەنسۆ ھەریری بە بەشداری ھەردوو گۆرانیبێژی کورد لۆکە و میرە، ھەروەھا بڕیاربوو رۆژی دواتر ئاھەگێکی تایبەت لەھۆتێل تامگراند ئەنجام بدەن. بەڵام ئاھەنگەکەی یاریگای فەرەنسۆ ھەریری بەبیانووی بارانبارین نەکرا. دواتر رۆلا ئامادە نەبوو ئاھەنگەکە تایبەتییەکەی تامگراند بکات، بەبیانووی ئەوەی “پارەی ئاھەنگی تایبەتی وەرنەگرتووە”. رۆژی دواتر ٤/٥/٢٠١٣ ھونەرمەند رۆلا سەعد بەنیگەرانیەوە کوردستانی جێھێشت.
ژیمان مەحمود، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ژیمان سکای، کە خاوەندارێتی ھەردوو ھونەرمەند مولحم زێن و رۆلا سەعدی کردبوو بۆ کوردستان، لەلێدوانێکیدا بۆ(سڤیل) رەتی دەکاتەوە مولحەم زێن و رۆلا سەعد بەنیگەرانیەوە کوردستانیان جێھێشتبێ و رایگەیاند “ھەردوو ھونەرمەند مولحەم زێن و رۆلا سەعد پارەی خۆیان لەئێمە وەرگرتووە، کە بە پێی رێکەوتنێک لەگەڵ رۆتانا بڕی پارەکە ٨٠ ھەزار دۆلار بوو، بەڵام ئێمە لەبەر ئەگەری باران بارین ئاھەنگەکەی رۆژی ٣/٥ مان راگرت، بۆ مەسەلەی ئاھەنگە تایبەتییەکەش بەڕێوەبەری کارەکانی رۆلا سەعد (کەریم) کێشەی دروستکردو نەیھێشت رۆلا ئاھەنگەکە بکات”. ھەروەھا ژیمان گوتیشی “نە رۆلا نە مولحەم زێن کێشەیان لەگەڵ ئێمە بۆ دروست نەبووە، ھەتا مولحەم زێن لە(کەریم) بەڕێوەبەری کارەکانی رۆلا سەعد توڕە بوو”.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەکۆنسێرتەکە ئاشکرایکرد، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی کەم لەبلیت فرۆشرا بوون، نەدەکرا لەناو یاریگایەکی گەورەی وەکو فەرەنسۆ ھەریری، چوار ھونەرمەند بۆ ئەم ژمارە کەمەیەی کە بلیتیان کڕیووە ئاھەنگەکە بکەن”.
رۆژێک پێش کۆنسێرتەکە رۆلا سەعد لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی لەگەڵ مولحەم زێن رایگەیاند، زۆر حەز بەپۆشینی جلی کوردی دەکات و لەوانەشە وەکو سوپرایزێک بۆ ئاھەنگە جلی کوردی بپۆشێت، ھەروەھا راشگەیاند “یەکەمجارە دێمە کوردستان، بەڵام زانیاریم لەسەر کوردستان و ھەولێر ھەبوو”. ھەر لەم کۆنگرە رۆژنامەنووسیە رۆلا گوتی “بیرم لەگۆرانیگوتن بەزمانی کوردی نەکردۆتەوە، بەڵام پێم خۆشە بەکوردیش گۆرانیەک بڵێم”. لەکۆتای کۆنگرەکەدا رۆلا سەعد ھەڵسایەوە سەرپێ و بەزمانی کوردی بەرۆژنامەنووسەکانی گوت “زۆر سوپاس”.
ژیمان مەحمود، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ژیمان سکای ئاشکرایکرد، ئاھەنگەکە بۆ رۆژی جەژنی رەمەزان دواخراوەو دەڵێ مولحەم زێن بەدڵنیاییەوە دێتەوەو “دەتوانم رۆلا سەعدیش بێنمەوە، چونکە پارەمان داوە، بەڵام مامەڵەی بەڕێوەبەری کارەکانی ئەومان بەدڵ نییە، لەوانەیە نەیھێنینەوە”.
بەڕێوەبەری کارەکانی ھونەرمەند مولحەم زێن، ھیچ شتێکی لەبارەی ھۆکاری سەرەکی نەکردنی دوو ئاھەنگەکەی ھەولێر باس نەکرد، بەڵام گوتی “بەدڵنیاییەوە مولحەم توڕە نەبووەو جەژنی رەمەزان دێتەوە ھەولێر ئاھەنگەکە دەکات و داوای لێبوردن لەجەماوەری خۆی دەکات لەھەولێر”.
سەرچاوەیەک لەکۆمپانیای ژیمان سکای کە رێکخستنی بەشێکی کۆنسێرتەکەی گرتبووە ئەستۆ، گوتی “ژمارەیەکی زۆر کەم لەخەڵک بلیتی ئاھەنگەکەیان کڕیبوو، ئەوانەشی کە بلیتیان کڕیبوو ھەموویان نەھاتبوونە ژوورەوە، نازانین بۆچی وا بوو، ئێمە پێمان وابوو خەڵکێکی زۆر بلیت دەکڕن و دێنە ژوورەوە، چونکە جگە لە رۆلا سەعد و مولحەم زێن کە دوو ھونەرمەندی بەناوبانگی عەرەبن، ھەروەھا لۆکە و میرەمان دانا، بۆئەوەی لەھەولێر ھەندێ خەڵک بەھۆی ئەوانەوە بێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێشوازی خەڵک بەمشێوەیە نەبوو، کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد”.