رۆزبێ خاوه‌نى ده‌نگێکى زۆر خۆش و ستایلێکى تایبه‌ته، ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا یه‌که‌مین ئه‌لبوومى خۆى بڵاو کرده‌وه که له‌کاتى بیستنى گۆرانییه‌کان هه‌ست ئه‌که‌ین به شێوه‌یه‌کى زۆر پڕۆفیشناڵ کارى کردووه و یه‌که‌مین هه‌نگاوى هونه‌رى خۆى به شێوه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتوو ده‌ست پێ‌کرد. رۆزبێ هونه‌رمه‌ندێکى گه‌نجى کوردستانه و له تاران نیشته‌جێیه، توانى به ماوه‌یه‌کى که‌م جێگه‌ى خۆى له‌ناو دڵى جه‌ماوه‌ردا بکاته‌وه. یه‌که‌مین کلیپى به‌ناوى (کۆچ) بوو که ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کى زۆرى هه‌بوو به تایبه‌تى لاى گه‌نجان و ئێستاش خه‌ریکى کلیپکردنى دووه‌مین گۆرانى ئهلبومهکهیهتى. زۆربه‌ى گۆرانییه‌کانى له ئاواز و دابه‌شکردنى خۆیه‌تى، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وه‌ى په‌یمانگه‌ى موزیکى ته‌واو کردووه و شاره‌زاییه‌کى زۆرى هه‌یه له بوارى هونه‌ر و مۆسیقادا. ئه‌و خۆشحاڵه به‌هۆى ئه‌و پێشوازیه‌ى که له کوردستان لێیکراو و ئاواته‌خوازه به زووترین کات سه‌ردانى کوردستان بکاته‌وه
دیمانه:هێمن قهسرهیى
hemntoni@yahoo.com
* ئایا بڵاوبوونه‌وه‌ى سیدیه‌ک به‌ناوى تۆ پێش ئه‌وه‌ى به فه‌رمی بڵاو بێته‌وه تاچه‌ند کاریگه‌رى هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌لبوومه‌که‌ت؟
_ سوپاس بۆ خودا کاریگه‌رییه‌کى زۆرى نه‌بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ى کوالێتهکهى زۆر خراپ بوو، هه‌روه‌ها ده‌نگێکى زیاده‌ى زۆریش له‌ناو گۆرانییه‌کان هه‌ستى پێ ده‌کرا.
* تازهگهریت له سیدیهکهتدا کردووه، ئامانجت له‌و کاره چى بووه و به‌رامبه‌ر به‌و تازه‌گه‌ریه ره‌خنه‌ت لێگیراوه یان ده‌ستخۆشیت لێکراوه ؟
_ راسته، من مه‌به‌ستم له‌و کاره ئه‌وه بووه که سه‌رنجى زۆر له گه‌نجان رابکێشم بۆ ئه‌وه‌ى که‌متر گوێ له موزیکى بیانى بگرن و زیاتر سه‌رنجیان بۆ موزیکى کوردى رابکێشم و پێویستیه‌کانیان جێبه‌جێ بکه‌م. تا ئێستاش له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه ده‌ستخۆشى زۆرم لێکراوه، به‌داخه‌وه هه‌ندێ که‌سیش دژ به بیروبۆچوونى جیاواز و نوێن، رێزم هه‌یه بۆ بۆچوونى ئه‌وانیش.
* دایکى به‌ڕێزت شاعیرى ناودار(سیمین چایچى) تاچه‌ند کاریگه‌رى هه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى روو بکه‌یته گۆرانى وتن؟
_ هه‌میشه ئه‌وه‌م وتووه که له‌به‌ر ئه‌وه‌ى دایکى من شاعیر و نووسه‌ر بووه، ماڵى ئێمه جێگه‌ى هاتووچۆى زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانى گه‌وره بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش من زۆر هاندرام به‌ره‌و کارى هونه‌رى، به‌ڵام وه‌ک گۆرانى وتن، به یه‌کجاری بڕیارمدا که گۆرانى بڵێم.
* زۆربه‌ى گۆرانیه‌کان له ئاواز و دابه‌شکردنى خۆتن، ئایا ئه‌وه بۆچى ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
_ زیاتر ئیشى من مۆسیقایه، گۆرانى وتن ئیشى دووه‌مى منه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه که زۆربه‌ى گۆرانیه‌کان له‌ئاواز و دابه‌شکردنى خۆمن.
* رۆزبێ به شێوه‌یه‌کى ئه‌کادیمى له کۆلێژ یان په‌یمانگه‌ى هونه‌رى خوێندویه‌تى؟
_ به‌ڵێ من په‌یمانگاى موزیکم ته‌واو کردووه و له‌زانکۆى تارانیش خوێندوومه، به‌ڵام مرۆڤ به خوێندن نابێته هونه‌رمه‌ند، خوێندنى ئه‌کادیمى ته‌نیا یارمه‌تیه‌کى زۆرت ئه‌دات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌هره‌یه‌ى که له‌تۆدایه گه‌شه‌ى پێ بده‌یت.
* که‌ى کلیپه نوێیه‌که بڵاو ده‌که‌یته‌وه؟ ئه‌کرێت هه‌ندێ زانیاریمان بده‌یتێ له‌باره‌ى ناوى ده‌رهێنه‌ر و شوێنى وێنه‌گرتنى کلیپه‌که؟
_ کلیپى نوێى من ئێستا له پرۆدۆکت دایه، کارى وێنهگرتنهکهى له ناوچه‌ى گهرمسهر له ئێران بۆ ده‌کرێت، ناوى گۆرانیه‌که کهنیشکهیه به هه‌ردوو زاراوه‌ى سۆرانى و کرمانجى وتوومه، دهرهێنهرهکهشى هه‌مان ده‌رهێنه‌رى کلیپى کۆچه که به ناوى هونه‌رى هیڤا ئیش ده‌کات.
* دوا تراکى ئه‌لبومه‌که ریمێکسه ئه‌وه شتێکى نوێیه له‌کوردستاندا ئه‌وه چۆن بوو؟
_ راسته ئه‌وه له کوردستان نوێیه، به‌ڵام له دنیادا ئه‌و کاره ده‌مێکه کراوه و پێم وانییه له‌و بابه‌ته‌دا کارێکى گه‌وره‌م کردبێت.
* له باشورى کوردستان چۆن پێشوازیت لێ‌کرا؟
_ به‌ڕاستى پێشوازییه‌کى پڕ له رێز و خۆشه‌ویستیم لێ‌کرا، خه‌ڵک ئه‌وه‌نده به خۆشه‌ویستى پێشوازى له من کرد که گه‌ڕامه‌وه بۆ تاران چاوم پڕ بوو له فرمێسک. زۆر بیرى ئه‌وێ ده‌که‌م.
* جگه له گۆرانى وتن نیازى چى ترت هه‌یه بۆ نموونه به‌شداریکردن لهفیلمێکى سینه‌مایى، تۆ بیرت له‌وه کردۆته‌وه؟
_ ئێستا نا، به‌ڵام بۆ ریکلام یه‌ک دوو بیرۆکه‌م ئاراسته کراوه که ئێستا بیرى لێده‌که‌مه‌وه، من وه‌ک گۆرانیبێژ و موزیکژه‌نێک به‌رده‌وام ده‌بم، بۆ فیلمى سینه‌ماییش تا ئێستا بیرم لێ نه‌کردۆته‌وه.
* لهگۆرانیبێژانى کورد، فارس، عه‌ره‌ب و ئه‌وروپى رۆزبێ به کام هونه‌رمه‌ند سه‌رسامه؟
_ به هه‌موویان، هه‌ر گۆرانیبێژێک کارێکى جوانى هه‌یه که ئێمه ئه‌توانین چێژى لێ وه‌ربگرین.
* تا ئێستا به‌رهه‌مه‌که‌ت له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه چۆن پێشوازى لێکراوه؟ تاچه‌ند دڵنیاى له‌سه‌رکه‌وتنى؟
_ زۆر زۆر زۆر پێشوازییه‌کى باشى لێکراوه، قه‌ت چاوه‌ڕێى ئه‌و پێشوازییه‌م نه‌ده‌کرد، ئه‌زانم سیدییهکهم له‌کاتێک بڵاو کرایه‌وه که زۆر له هونه‌رمه‌ندانى تریش سیدى خۆیان بڵاو کرده‌وه، به‌ڵام سیدییهکهى من سه‌رکه‌وتنێکى گه‌وره‌ى به‌ده‌ست هێنا، پێم وایه هه‌موو که‌سێک هه‌ست به‌وه ده‌کات کاتێک گۆرانییه‌کانم له هه‌موو شوێنێک ده‌بیسترێن.
* که‌ى دێیته‌وه باشوورى کوردستان؟
_ زوو به زوو دێم(به‌پێکه‌نینه‌وه).
*تۆ زیاتر حه‌ز به سازدانى کۆنسێرت ده‌که‌ى یان ئاهه‌نگ و له‌داهاتوودا کامیان ئه‌نجام ده‌ده‌ى؟
_ راستیه‌که‌ى من زیاتر حه‌زم له کۆنسێرته و پێشموایه ستایلهکهى من زیاتر له‌گه‌ڵ کۆنسێرت ده‌گونجێت نه‌ک ئاهه‌نگ، به‌دڵنیاییه‌وه کۆنسێرت ئه‌نجام ده‌ده‌م.
* زیاتر کام گۆرانى خۆت زیاتر لات خۆشه‌ویستن ئه‌وانه‌ى ریتمى خاو و غه‌ریبین یان ئه‌وانه‌ى خێران؟
_ هه‌ر یه‌کێکیان بۆ رۆژێک به‌شێک له‌هه‌ستى من پیشان ده‌دات، بۆیه هه‌موویانم خۆش ده‌وێن.
* تاچه‌ند سوود له‌ئینته‌رنێت وه‌رده‌گریت بۆ مه‌به‌ستى هونه‌رى خۆت؟
_ زۆر زۆر، ئێستا ئیمه‌یله‌که‌ى من به‌رده‌وام له‌لایه‌ن وێب ماسته‌ره‌که‌ى من به‌رده‌وام چێک ده‌کرێت تاکو به‌رده‌وام ئاگاداربین لهبیروبۆچوونهکانى خه‌ڵک. له فه‌یس بووکیش که ئه‌ویش به‌ده‌ست وێب ماسته‌ره‌که‌مه راسته‌وخۆ خه‌ڵک له‌هه‌موو شتێک ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه. من به‌رده‌وام حه‌ز ده‌که‌م له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستانم لهپێوهندیدابم.
* دوا وته‌ت بۆ جه‌ماوه‌ره‌که‌ت چییه؟
_ پڕ به دڵ ده‌ڵێم هیوادارم به‌رده‌وام خزمه‌تى جه‌ماوه‌رى خۆشه‌ویستم بکه‌م و به‌رهه‌مى منیان به دڵ بێت