روپاک عەبدولقادر بڕیاریدا واز لە کارى ئەکتەرى بێنێ و گوتى “کار ناکەم دەڵێن بۆ کار ناکەى، کاریش دەکەم دەڵێن چۆن قبووڵت کرد لەو کارە لاوازانە بەشدارى بکەى؟”. هونەرمەند روپاک عەبدولقادر، کە لەتەمیسلى لاس و خەزال بە خەزالەشۆڕى مەلا نەبیان لەناو خەڵکدا ناسرا، بە(سڤیل)ـى راگەیاند، دواى بەشداریکردنى لە دراماى فرمێسک، کە لە رەمەزانى ئەمساڵ شەوانە لە کوردستان تیڤى پەخشدەکرا و لە پانزە ئەڵقە پێکهاتبوو، بڕیاریدا واز لە کارى ئەکتەرى بێنێ و دەڵێت “چەند ساڵێک کارم نەکرد، دەیانگوت بۆ کار ناکەى؟ کەچى لەم ساڵانەى دواییدا لە سێ کارى دراما بەشداریم کرد،
ئەمجارە رەخنەیان لێگرتم و دەڵێن چۆن قبووڵت کرد لەو کارە لاوازانەدا بەشدارى بکەى، باشە من ئەکتەرم، چی بکەم ئەگەر دەرهێنەرى باش نەبێت کارى لەگەڵ بکەم، لەبەرئەوە بڕیامدا تاماوەیەک واز لە کارى ئەکتەرى بێنم”. ئەو بڕیارەى روپاک عەبدولقادر دواى بەشداریکردنى لە دراماى فرمێسک دێت، کە ئێستا لە کارەکە پەشیمان بۆتەوە و دەڵێت “من لە رۆڵى نواندنى خۆم ڕازی بووم و دەستخۆشى زۆرم لێکراوە، بەڵام خەڵکێکى زۆر لایەنى دەرهێنان و سیناریۆ و نواندنى ئەکتەرەکانى دیکەى دراماکەیان بە دڵ نەبوو، چونکە دەستکارى بەشێکى سیناریۆکەیان کرد، ئەگەر بمزانى بوایە بەشداریم نەدەکرد”. ناوبراو باسى لەوەشکرد، ئەوانەى رۆڵى رۆژنامەنووسانیان لە دراماکەدا وەرگرتبوو، نەیانتوانى بەرجەستەى کارەکە بکەن، “کە کێشە کۆمەڵایەتییەکانى ناو دراماکە درابووە ئەوان باسى بکەن”.