دواى کۆبوونەوەى دەستەى کارگێڕى گروپ لە مانگى ئازارى ئەمساڵ و دواى ئەنجام نەدانى (پرۆژەى شار و شانۆ)، بە کۆى دەنگ و بە بڕیارى راستەوخۆى (کارۆخ ئیبراهیم)ى سەرۆکى (گروپى گەنج بۆ شانۆ)، بڕى (12000000) دوازدە ملیۆن دینار لە بودجەى ساڵانەى گروپ تەرخان کرا
“بە مەرجێک لە ماوەى 1/1/2010 تا 30/6/2010 پارەى شەش مانگ کۆبکرێتەوە و بخرێتە خزمەتى شانۆگەرى سێوەکەى خۆم”.
بەڵام دواى چەندین گۆڕانکارى لە کۆى گشتى کارە هونەرییەکان و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى کارەکە بە شێوەیەکى جوانتر، لەسەر داواى (کارۆخ ئیبراهیم) وەکو سەرۆکى گروپ و دەرهێنەرى شانۆگەرى (سێوەکەى خۆم)، بریاردرا (4000000) چوار ملیۆن دیناریتر لەسەر بودجەى گروپ تەرخان بکرێت بۆ کارەکە، چونکە “چەندین کەرستەى تر پێویست بوون بۆ دیکۆر و تەواوکارى شانۆگەرییەکە”. بۆیە حاڵى حازر کارەکە باشتر لەوەى پێشبینى دەکرا ئەنجام دەدرێت. ئەوەى پێویستە لێرە ئاماژەى پێبکەم ئەوەیە، کە ستافى کار بە دەرهێنەر و یاریدەدەرانى و ئەکتەر و ستافى دیکۆر، بە هونەرمەندە شێوەکار و پەیکەرسازەکان و کادیرە هونەرییەکانى بوارى رووناکى و جێبەجێکردنى دەنگ لە کاتى نمایش و ستافى راگەیاندن بە هەموو یەکەکانى وەکو سەرپەرشتیارى راگەیاندن و دیزاینەر و مۆنتێر و وێنەگرەکان خۆبەخشانە و بێ بەرامبەر کارەکە ئەنجام دەدەن. جگە لە موزیکژەنەکان کە لە بەرامبەر پاداشت کارى خۆیان ئەنجامداوە لە ستۆدیۆى سۆڵۆ.
وەکو ئامادەکارییەکان کە ئێمە بۆمان کردووە، کاتژمێر06:00ى ئێوارە لە (هۆڵى گەل)ى شارى هەولێر لە رێکەوتى 27/7/2010 رۆژى سێشەممە، یەکەم رۆژى نمایشى شانۆگەرى (سێوەکەى خۆم) دەبێت.
ئاشتیڤان سەلام کۆیى
ب.گشتى کارگێڕى و دارایى
شانۆگەرى (سێوەکەى خۆم)
24/7/2010