دواى ئەوەى دیمانەیەکم لەگەڵ رۆژنامەنووس زانا دڵشاد دزەیى ئەنجامدا، کە لە ژمارە 7ى گۆڤارى (سڤیل) بڵاوکرایەوە، لە راستیدا بەشى زۆرى دیمانەکە باس لە موزیک و بەراوردى ستایلى گۆرانى گوتنى پێشووم و ئێستام دەکات، هەر کەسێکى شارەزا و مۆسیقى بێت ئەوا بە روونى ئاراستەى دیمانەکە دەدۆزێتەوە، بەڵام ئەوەندەى من ئاگادار بم کە لەوبارەیەوە پەیوەندییەکى زۆرم پێوەکراوە، وا هەست دەکەم خەڵکێکى زۆر ئەوانەى ئەو دیمانەیان خوێندوەتەوە بە هەڵە لە قسەکانم و ئاراستەى دیمانەکەى من تێگەیشتوون، بۆیە بە پێویستم زانى ئەو روونکردنەوەیە بۆ خوێنەران و رۆژنامەنووسان بدەم.
یەکەم: من لە دیمانەکە باسم کردووە و ئێستاش دەیڵێمەوە ستایلى ئەو پڕۆژەیەى کە لەگەڵ هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر ئەنجاممدا و لەگەڵ ئەو موزیک و ستایلەى کە پێشووتر کارم لەسەرى کردووە، جیاوازیان هەیە، ئەوەش زۆر تەندروست و ئاساییە و شتێک نییە شاراوە بێت، من پێشتر واتا پێش ئەوەى دەست بکەم بەو پڕۆژەیە دەمزانى پرۆژەکەم چۆن دەردەچێ، دیارە خۆم قەناعەتم هاتووە ئەو پڕۆژەیە بکەم، واتا من لەچى پەشیمان بم. من لەگەڵ پەشیمانیدا نیم، شێت نیم ئەگەر بڵێم 80%ى خەڵکى کوردستان حەز بەو ستایل و جۆرى کارکردنە دەکەن، کە من لەگەڵ هەڵکەوت زاهیر ئەنجامم داوە و ئەوەش تاقیکردنەوەیەکى باش بوو بۆ من، بەڵام من خەریکى پڕۆژەیەکى خۆم دەبم، کە پێشتر کارم لەسەرى کردووە، لەبەرئەوە ناتوانم دووبارە پرۆژەیەکى لەو جۆرە ئەنجام بدەمەوە. بەدەر لەوە هەڵکەوت زاهیر هاوڕێى منە و بە هەوڵێکى زۆرەوە ویستوویەتى هاوکارى من بکات و ئەوەى لە توانایدا هەبوو کردى، بەڵام جۆرى کارکردنمان جیاوازە، جیاوازى بیرکردنەوە و کارکردن لە هەموو پیشەیەکدا هەر هەیە، خۆ ناکرێ هەموو وەک یەک بیربکەنەوە و وەک یەک کار بکەن.
دووەم: من لە دیمانەکەدا باسى هەندێ واقیعیەتى دنیاى کچانى گۆرانیبێژانى هەموو دنیام کردووە، کە بەردەوام چاویان لەسەرە و خەڵکى حەز دەکەن لێیان نزیک ببنەوە، واتا من لێرەدا نە مەبەستم خۆمە نە مەبەستیشم گۆرانیبێژانى کوردە، کە رۆژێک لە رۆژان تووشى ئەو حالەتە بووبم، نەخێر من تەنیا بە گشتى قسەم لەسەر ئەو لایەنە کردووە. پێشتریش زۆر لە کچانى هونەرمەند ئەو واقیعەتەیان باس کردووە، واتا ئەو شتانە لە دەمى منەوە دەبیسترێ شتێکى تازە نییە و پێش منیش باس کراوە، هەروەها ئەوانەى کە باسیشم کردووە دوور و نزیک پەیوەندى بە هونەرمەند هەڵکەوت زاهیرەوە نییە، ئەو لاى من نموونەى ئەخلاقى بەرزە، من خۆشم یەکێکم لەو کچە گۆرانیبێژانەى ئەگەر رۆژێک هەستم کردبێ کەسێک دەیەوێ زۆر لێم نزیک بێتەوە بەردەوام دیوارێکم بۆى دروستکردووە، نەتوانێ لە دوورەوەش بمبینێ.
سێیەم: کاتێک دەڵێم زەوى کوردستانم بۆچییە، یەک هەفتە لە کوردستان بم شێت دەبم، مەبەستم ئەوەیە هەندێجار لەلایەن هەندێ خەڵکانەوە قسەى ناراست و پرۆپاگەندەى بێزارکەر بۆ هونەرمەند دروست دەکەن و سەر لە هونەرمەند دەشێوێنن و ناچارت دەکەن تۆ بڵێى (شێتم مەکەن و زەوى کوردستانم ناوێ)، کە قسە هەیە بەرامبەر بە گوتنى ئەو گۆرانییەى من بۆ لیستى کوردستانیم گوتووە گووایە زەوى و پارەیەکى زۆرم وەرگرتووە، لە کاتێکدا ئەوە تەنیا بریتییە لە قسەیەکى ناراست، خۆ ئەگەر بە دیووەکەى ترەوە بێت چ کوردێک هەیە حەز نەکات لە کوردستان و وڵاتەکەى خۆیدا زەویەکى هەبێت و تێیدا بژیت، هیچ کەس هێندەى من عەشقى کوردستان و خەڵکەکەى نییە. ئەوەى رۆژێک منى وەک هانى ناسیبێ ئەوا دەزانێ چەند قوربانیم بۆ کوردستان و خەڵکەکەى داوە.
لەگەڵ رێزمدا…
هونەرمەند هانى- ئەڵمانیا